Smiley face
Smiley face
Smiley face

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئەژماردنی دەستیی دەنگەکان دەکات

2018-05-17 16:30:57



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە عێراق (یۆنامی)، داوای لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد، کە بەزوویی دەستبکات بە لێکۆڵینەوە لەسەر سکاڵاکانی سەبارەت بە هەڵبژاردن و بەشێک لە دەنگەکان بەدەست ئەژمار بکرێنەوە.

 

ئەمڕۆ، یان کۆبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە عێراق (یۆنامی)، لە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، یان کۆبیش داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، کە به ‌زووترین کات بكه‌وێته‌ كار بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له ‌هه‌موو سكاڵاکانی لایەنەکان سەبارەت بە هەڵبژاردن.

 

ئەوەش هاتووە: دەبێت کۆمسیۆن به‌گوێره‌ی پێویست ده‌ستبکات بە هه‌ژماركردنی هه‌نده‌كییانه‌ (جوزئی)ی به ‌ده‌ستی له‌ بنكه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كاندا، به‌تایبه‌تیش له ‌كه‌ركوک.

 

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە عێراق (یۆنامی)، بەگرنگیشی زانیوە، كه‌ بۆ پته‌وكردنی متمانه‌ به‌ پرۆسه‌كه،‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌كه‌ به ‌ئاماده‌بوونی ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كه‌ گه‌ر پێویستبێت.

 

یان کۆبیش، ڕاشیگەیاندووە: پێویستە هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پاراستنی ئاشتی و پابه‌ندبوون به‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له ڕێگه‌ی شێوازه‌ یاساییه‌وە سکاڵاکانیان ئەنجامبدەن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەش حزبی ناڕازیی لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان داوەتە یان کۆبیش و داوایانکردووە، کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە ئەنجامەکانی هەڵبژادن بکەن.

 

ئەمڕۆش ٨١ پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و داوای دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەن دەکەن دەربارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin