Smiley face
Smiley face
Smiley face

دیارترین لیسته‌ عێراقییە براوه‌کانى هەڵبژاردن

2018-05-17 11:29:19



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان، هه‌ندێک هێزى عێراقى پشتگیرى زۆرى جه‌ماوه‌ریان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى 12ى ئه‌م مانگه‌دا به‌ده‌ستهێنا، له‌ناویاندا هاوپه‌یمانى سائیرون، که‌ کۆڵه‌که‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ موقته‌دا سه‌دره‌، که‌ توانیان له‌ زۆربه‌ى پارێزگاکانى عێراق یه‌که‌م بن.


که‌متر له‌ نیوه‌ى عێراقییه‌کان ڕۆژى 12ى ئه‌م مانگه‌ چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان و ده‌نگیاندا، به‌ شێوه‌یه‌ک 44%ى هاوڵاتیان به‌شداریان کرد، ئه‌وانه‌ى به‌شداریان کرد ده‌نگیان به‌ کۆمه‌ڵێک لیست و هاوپه‌یمانى دا، که‌ لێره‌دا باسى به‌هێزترین لیسته‌ براوه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى عێراق ده‌که‌ین، که‌ ئه‌مانه‌ن:


هاوپه‌یمانى سائیرون نحو الاصلاح "ڕێپێوان به‌ره‌و چاکسازیی" که‌ به‌ پشتیوانى ڕێبه‌رى ته‌یارى سه‌در، موقته‌دا سه‌در دامه‌زرا، له‌ چه‌ندین هێزى سیاسى پێکهاتبوون، له‌وانه‌ش حزبى ئیستقامه‌ى نیشتمانى، که‌ حزبه‌که‌ى خودى موقته‌دا سه‌دره‌، هه‌روه‌ها حزبى شیوعى عێراقى و کۆبوونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ریی و چاکسازى ده‌وڵه‌ت و دادپه‌روه‌ریی و گه‌نجان و ئه‌وانه‌ى داواى گۆڕانکاریی ده‌که‌ن له‌ناو لیسته‌که‌دان، سائیرون یه‌که‌مى له‌سه‌ر ئاستى عێراق به‌ده‌ستهێنا له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.

 


موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌رى دیارى شیعه‌کانى عێراقه‌ و خاوه‌نى هیزێکى چه‌کدارى ڕێکخراوه‌ به‌ ناوى سه‌رایا سه‌لام، سه‌در پێشه‌نگایه‌تى خۆپیشاندانه‌کانى دوو ساڵى ڕابردووى عێراقییه‌کانى کرد دژى گه‌نده‌ڵیى، هه‌روه‌ها سه‌در دژى ده‌ستێوه‌ردانى ئه‌مریکا و ئێرانه‌ له‌ خاکى عێراقدا.


ڕێکه‌وتنى فه‌تح یان هاوپه‌یمانى فه‌تح، هاوپه‌یمانێتییه‌کى سیاسییه‌ و له‌لایه‌ن هادى عامرى له‌ ساڵى 2018 ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن دروستکرا، سه‌ره‌تا چووه‌ ناو هاوپه‌یمانى نه‌سر، که‌ له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرا، به‌ڵام دواتر به‌هۆى ململانێوه‌ کشانه‌وه‌.

 


هاوپه‌یمانى فه‌تح دووه‌مى له‌سه‌ر ئاستى عێراق به‌ده‌ستهێنا، فه‌تح به‌ ڕێکخستنى سیاسى حه‌شدى شه‌عبى ناوده‌برێ، که‌ چه‌ندین سه‌رکرده‌ى سه‌ربازیی حه‌شدى شه‌عبى له‌خۆ گرتووه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نزیکى ئێرانه‌ و هادى عامرى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، که‌ سه‌رۆکى ڕێکخراوى به‌دره‌، که‌ هێزێکى چه‌کدارى ڕێکخراون له‌ناو حه‌شدى شه‌عبیدا.


هاوپه‌یمانى نه‌سر، که‌ له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق له‌ ساڵى 2018 دامه‌زرا، هاوپه‌یمانى نه‌سر-یش تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردن دامه‌زرا، عه‌بادى پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى به‌ده‌ستهێنا له‌ شه‌ڕى دژى داعش و گڵۆپى سه‌وزى بۆ هه‌ڵکرا بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان.

 


ئه‌وه‌ى عه‌بادى چاوه‌ڕوانى نه‌ده‌کرد ڕوویدا، چونکه‌ هاوپه‌یمانى نه‌سر، نه‌یتوانى ببێته‌ یه‌که‌مى عێراق، به‌ڵکو پله‌ى سێیه‌مى به‌ده‌ستهێنا.


حه‌یده‌ر عه‌بادى یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رکرده‌کانى حزبى ده‌عوه‌، به‌ڵام ناکۆکى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نورى مالیکى، که‌ سه‌رۆکى حزبه‌، به‌ڵام ئێران هه‌وڵ ده‌دات ناکۆکى نێوان عه‌بادى و مالیکى چاره‌سه‌ر بکات و بیانکات به‌یه‌ک بۆ دروستکردنى حکومه‌تى نوێى عێراق. 


هاوپه‌یمانى نیشتمانى، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌یاد عه‌لاوى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرێت، پله‌ى چواره‌مى له‌سه‌ر ئاستى عێراق به‌ده‌ستهێنا، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ 26 هێزى سیاسى پێکدێت، له‌نێویشیاندا حزبى گردبوونه‌وه‌ى مه‌ده‌نى بۆ چاکسازیی، که‌ سه‌لیم جبورى سه‌رۆکى ئێستاى په‌رله‌مان سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، که‌ حزبێکى به‌هێزى سونه‌کانه‌، هه‌روه‌ها ساڵح موتڵه‌گ سه‌رۆکى کوتله‌ى عه‌ره‌بى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ناو هاوپه‌یمانێتیه‌که‌دایه‌.

 


ئه‌یاد عه‌لاوى سه‌رکرده‌یه‌کى شیعه‌ى لیبراڵه‌ و پێشتریش له‌گه‌ڵ سونه‌کان هاوپه‌یمانى دروستکردوه‌.


هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى قانون به‌ سه‌رۆکایه‌تى نورى مالیکى، جێگرى سه‌رۆک کۆمارى عێراق و سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراق به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى کرد، ده‌وڵه‌تى قانون هاوپه‌یمانیه‌کى سیاسى شیعه‌کانه‌ و حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى پێکیهێناوه‌، ده‌وڵه‌تى قانون ئێستا به‌هێزترین کوتله‌ى په‌رله‌مانى عێراقه‌، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگه‌کانى که‌مى کرد.

 


نورى مالیکى که‌سێکى نزیکى ئێرانه‌.


هاوپه‌یمانى بڕیارى عێراقى (القرار العراقی) هاوپه‌یمانیه‌تییه‌کى سونه‌کانه‌، که‌ ئوسامه‌ نوجێفى جێگرى سه‌رۆکى کۆمارى عێراق و خه‌میس خه‌نجه‌ر ئه‌میندارى پرۆژه‌ى عه‌ره‌بى و په‌رله‌متار ته‌لال زوبه‌یعى و وه‌زیرى به‌رگرى پێشووى عێراق خالید عوبه‌یدى و چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کى دیکه‌ى سونه‌کانى تێدایه‌.

 


ڕه‌وتى حیکمه‌ى نیشتمانى، که‌ حزبێکى سیاسى عێراقی شیعه‌یه‌، له‌ ساڵى 2017 له‌لایه‌ن عه‌مار حه‌کیم دامه‌زرا، که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئیسلامى جیابووه‌وه‌.

 

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin