Smiley face
Smiley face
Smiley face

کەجەکە: هیوادارین ڕەمەزان ببێتە مایەی ئاشتی بۆ گەلی کورد و گەلانی فەلەستین

2018-05-16 11:05:19



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کەجەکە ڕایگەیاند، کە بەبۆنەی هاتنی ڕەمەزانەوە پشتگیریی گەلانی کورد و فەلەستینی دەکەین و هیواخوازین مانگی ڕەمەزان ببێتە مانگی ئاشتی و ئازادی و ئارامی.

 

ئەمڕۆ کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

کەجەکە ڕایگەیاند: دەولەتانی دەسەڵاتدار بەبێسنوور زۆرداری لە گەلان دەکەن، مۆرڤەکان بەزۆرەملی لە شوێنی ژیانیان دەردەکەن، عیبادەت لە مانگی ڕەمەزاندا مرۆڤەکان دەکاتە خاوەنی ئەخلاق و ئیرادە و ویژدان، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی موسڵمانان وەک مانگێک بۆ ئیسرافکاری پێشوازی لە رەمەزان دەکەن.

 

کەجەکە ڕاشیگەیاند: لەکاتێکدا کە لە عەفرین و قودس تاڵانکاری و کۆمەڵکوژی و داگیرکاریی ڕوودەدات، جیهانی ئیسلام ڕەمەزان دەستپێدەکات، بەپێی فەرمانەکانی قورئان پێویستە گەلانی موسڵمان پشتگیریی گەلانی فەلەستین و کورد بکەن.

 

لە بەردەوامیدا کەجەکە ڕایگەیاند: دەبێت کێشەیەک لە ئارادابێت کە ئەو کەسانەی بەپێی ئایینی ئیسلام مونافقن، بەناوی ئایینەوە لە پێگەی ڕێبەردا وەستاون، لە ساڵی ڕابردوودا هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی حکومەتی ئیسرائیلی بۆسەر گەلی فەلەستین هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلام و یەهودییەت و ئایینە کەونەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە، تەنیا ڕێگاچارە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەهێزکردنی بایەخی وەک یەکێتی دیموکراتی، ئازادی، یەکسانی و برایەتی و  خوشکایەتی گەلانە، بانگەوازی گەلانی موسڵمان دەکەین کە نێتانیاهو و ئەردۆغان، کە نەمروودەکانی سەردەمن شەرمەزاربکەن و لەدژیان هەڵوێست پیشان بدەن.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەناوی ئایینەوە منداڵ و ژن و گەنج و کەمئەندام دەکوژن، لەنێوانی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و تورکیادا هاوپەیمانی سەربازی، هەواڵگری و ئابوری هەیە، بەڵام کاتێک باس لە بەرژەوەندییەکانیان دەکرێت گەلی کورد و گەلی فەلەستین دەکەنە ڕۆژەڤ وەک ئامرازی فشار لەدژی یەکدی بەکاری دێنن، ئەردۆغان هەوڵدەدات تراژیدیای فەلەستین لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا بەکاربێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش کۆمەڵکوژییەکانی حکومەتی تورک بۆسەر گەلی کورد بیر ئەردۆغان دەخاتەوە، جارێکی دیکە بانگەوازیی موسڵمانان دەکەین کە لەبەرامبەر پروپاگەندەی ئەردۆغان و نێتانیاهودا نەخەڵەتێن.

 

کەجەکە ڕاشیگەیاند: گەلی کورد لەو ڕۆژەوەی ئیسلامی ناسیوە برایەتی ئومەتی بە بنەما داناوە و لەگەڵ باوەڕەکانی دیکە دۆستانە ژیاوە، گەلی کورد لە چل ساڵی ڕابردوشدا هەوڵی داوە کە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ڕێبازە، بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێت بەئازادی و دیموکراتی لەگەڵ گەلانی دیکەدا بژیت پێویستە یەک بگرێت.

 

لەکۆتاییدا کەجەکە ڕایگەیاند: بەم بیر و باوەڕەوە مانگی ڕەمەزان لە جیهانی ئیسلام و بەتایبەتی گەلانی کورد و فەلەستینی پیرۆزدەکەین و هیواخوازین ئەو مانگە ببێتە هۆی خێروخۆشی.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin