Smiley face
Smiley face
Smiley face

شارەزایەکى ئایتى: سیستمى دەنگدان سیستمێکى سادەیەو هاک دەکرێت

2018-05-16 10:46:25



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

شارەزایەکى بوارى ئایتى و تەکنەلۆژیا، دەڵێت سیستمى ئەلیکترۆنى دەنگدان سیستمێکى سادەیە و دەتواندرێت هاک بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند کەلێنێکى ئەو سیستمە دەخاتەڕوو بۆ ساختەکارى، دەشڵێت: تەنها ڕێگە بۆ دڵنیابوون لەسەر ئەوەى کە ساختەکارى نەکراوە ژماردنەوەى دەنگەکانە بەدەست.

 

لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، چەندین لایەن لە هەرێمى کوردستان و عێراق ئەنجامەکەیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند، کە سیستمەکە هاک کراوە.

 

"کارتى دەنگدان ڕێگەى خۆشکرد بۆ ئەوەى نزیکەى ٢١٠ هەزار کەس بە ساختە دەنگ بدەن"

 

هێمن مەلا کەریم، پسپۆڕى تەکنەلۆژیاى زانیارى و خاوەنى بڕوانامەى ماستەر لەو بوارەدا، لەبارى سیستمى ئەلیکترۆنى دەنگدانەوە بە ڕۆژنیوزى وت:"سیستمى دەنگدانى ئەلیکترۆى لەسەر بنەماى بایۆمەتريك کار دەکات، بایۆمەتريك واتا زیندە پێوەر، واتا بەشێکى جەستە بە نمونە وەردەگرێت بۆ ناسینەوەى کەسەکە، ئیتر ئەو بەشە چاو بێت یان ڕوخسار بێت یان لەپى دەست بێت یان پەنجەکان، ئەوەى لە عێراق کارى پێکرا لەسەر بنەماى وەرگرتى وێنەى پەنجەکان و ناسینەوەى کارى دەکرد، بەڵام لە ڕۆژى هەڵبژاردندا بە کارتى دەنگدانیش دەنگ دەدرا، ئەمەش ڕێگەى خۆشکرد بۆ ئەوەى نزیکەى ٢١٠ هەزار کەس بە ساختە دەنگ بدەن، بەڵام ئەگەر بەتەنها ڕێگە بدرایە بە پەنجەمۆر دەنگ بدرایە، ئەگەرى هەڵەى لە هەموو عێراقدا نزیکەى ٧٠٠ کەس دەبوو، واتا تەنها ٧٠٠ کەس دەیتوانى بە ساختە دەنگ بدات".

 

"سیستمێکى وەها ئاسان و سادە چۆن هاک ناکرێت"

 

ناوبراو تیشکى خستە سەر ئەگەرى هاک کردنى سیستمەکەو، وتى:"ئەوەى کەلایەنەسیاسییەکان دەیڵێن لەسەر هاک کردنى سیستمەکە دەشێت ڕاستبێت و دەشێت هەڵەبێت، بۆ سەلماندنى ئەوە دەبێت تاقیکردنەوە لەسەر سندوقەکان بکرێت، وەک نمونە چەند سندوقێک بکرێتەوە و ئەژمار بکرێت بەدەست، بزاندرێت ئەوەى سندوقەکە ئەژمارى کردووە لەگەڵ ئەوەى دەستیەکە هاوتایە یاخود نا، بەڵام لەلایەنى تەکنیکیەوە هیچ شتێکى ئەستەم نییە ئەم سیستمە هاک بکرێت، ئەگەر سەیر بکەین سیستمێکى بەهێزى وەک مایکرۆسۆفت هاک دەکرێت، ئیتر سیستمێکى وەها ئاسان و سادە چۆن هاک ناکرێت، بەڵام ناکرێت کەس تاوانبار بکەین بەبێ ئەوەى لێکۆڵینەوەى تەکنیکى بکەین، بزانین ئەو کەسانەى بەرنامەسازى ئامێرەکانیان کردووە وایان لێکردووە کە ١٠٠% بۆ لایەنێک ئەژمار بکات و ٤٠% بۆ لایەنێکى دیکە ئەژمار بکات، یاخود بزانین وایان نەکردووە کە دەنگى لایەن و کاندیدەکان ئاڵوگۆڕ بکات.

 

"سیستمى ئەلکترۆنى گەرەنتى سەد لەسەدى نییە"

 

هێمن دەڵێت:"هیچ  سیستمێکى ئەلیکترۆنى گەرەنتى سەد لەسەدى نییە بۆ ئەوەى هاک نەکرێت، بەڵام ئەیانتوانى چەند بەربەستێکى دیکەیان دابنایە بۆ ئەوەى هاک کردن ڕووى نەدایە، بۆ نمونە لەگەڵ پرنتى پەنجەدا پرنتى لەپى دەستیش وەربگیرایە، یان کارتى دەنگدانەکە وایلێبکرایە لەدواى یەک جار دەنگدان لۆک بووایە، لە جیاکردنەوەى دەنگەکانیشدا دەبوو بەشێوەى دەستى ئەژمار بکرایە بۆ ئەوەى بزانین سندوقەکان هاک کراوە یاخود نا".

 

سیستمى ئەلیکترۆنى دەنگدان لە وڵاتى کۆریا کڕدراوە، پێشتر لە کۆمەڵێک وڵاتدا تێستکراوە، کەموکورتییەکانى ئەم سیستمە بێجگە لە هاک کردنى وەک لایەنە سیاسییەکان ئاماژەى پێدەکەن، خاویى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدان بوو، کە لەدەنگدانى تایبەتدا کێشەى دروستکرد بۆ دەنگدەران، هەروەها پچڕانى هێڵى ئەنتەرنێت و وەستانى جیهازەکان بوو لە هەندێک بنکەدا، لەگەڵ ئەوەى لە هەندێک سندوقدا ئەو ڕاپۆرتانەى دەدرایەوە بە لایەنەکان، بەروارى ٩/٥/٢٠١٨ لەسەر بوو، واتا سێ ڕۆژ پێش ئەنجامدانى دەنگدانى گشتى.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin