Smiley face
Smiley face
Smiley face

هێرشەکەی تاڵیبان بۆسەر فەراهـ شکستی هێنا

2018-05-16 09:43:21



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

چەکدارەکانی تاڵیبان، کە دوێنێ هێرشێکیان کردە سەر ناوەندی پارێزگای فەرا‌هـ و بەشێکی ئەو شارەیان داگیرکرد، سەرئەنجام ئەمڕۆ ناچاربوون پاشەکشەبکەن و شارەکە بەجێبێڵن.

 

دوێنێ ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی تاڵیبان هێرشێکی قورسیان کردە سەر ناوەندی پارێزگای فەراهـ-ی ئەفغانستان و بەشێکی شارەکەیان داگیرکرد، هێزەکانی ئەفغانستان بەرپەرچی ئەو هێڕشەیان دایەوە و پاش شەڕێکی درێژخایەن شارەکەیان لە چەکدارەکانی تاڵیبان پاککردەوە.

 

شەڕەکە، کە بەرەبەیانیی دوێنێ کاتژمێر ٠١:٠٠ ەوە دەستیپێکردبوو، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٠٠ پاش شەڕێکی نزیکە بە ٣٠ کاتژمێریی کۆتاییهات و چەکدارەکانی تاڵیبان شارەکەیان بەجێهێشت.

 

سوپای ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، کە لەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری تاڵیبان کوژراون و کوژرانی ٢٥ ئەندامی پۆلیس و سوپای ئەفغانستانیشی ڕاگەیاندووە.

 

چەکدارەکانی تاڵیبان، ژمارەیەک لە ناوەندە حکومییەکانی فەراهیان سووتاندووە و ڕووخاندووە، هەروەها دەستیان بەسەر بەشێک لە چەک و تەقەمەنییەکانی هێزەکانی سوپا و پۆلیسدا گرتووە.

 

پارێزگای فەراهـ، کەوتووەتە ڕۆژئاوای ئەفغانستان و نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و سنوورەکانی ئەو پارێزگایە شوێنی بنکە و بارەگاکانی چەکدارەکانی تاڵیبانە.

 

بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشتریش لەبارەی ئەگەری هێڕشی تاڵیبان بۆسەر ئەو پارێزگایە هۆشداریان دابووە حکومەت.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin