Smiley face
Smiley face
Smiley face

کارکردن منداڵان لە خوێندن دووردەخاتەوە

2018-05-16 08:53:58



ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا

 

هەرچەندە بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی منداڵان، کارکردن لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە ڕێگاپێنەدراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو منداڵان کار دەکەن، بێ ئەوەی ڕێگایان لێبگیردرێت.

 

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٤٠٠ خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە بۆ کارکردن، ئەمەش هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر داهاتووی منداڵان.

 

ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا بەدواداچوون دەکات بۆ هۆکاری کاردنی منداڵان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

 

محەمەد عومەر، تەمەنی ١٤ ساڵە و خوێندکاری پۆلی هەشتی بنەڕەتییە، لەدوای گەڕانەوەی لە خوێندنگا لەگەڵ برا بچوکەکەی، ڕوو لە یاریگا و شوێنە گشتییەکان دەکەن بۆ فرۆشتنی ئەو مەنجەڵە گەورە پاقلەیەی، کە دایکیان لە ماڵەوە بۆی کوڵاندوون.

 

 

باوکی محەمەد لەژیاندا نەماوە، بۆیە محەمەد و برا بچوکەکەی ئەرکی پەیداکردمی بژێویی خێزانەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، محيمەد دەڵێت: زۆر حەزمان دەکرد کە هاوشێوەی منداڵانی تر لەگەڵ هاوڕێکانمان یارییمان بکردایە، بەڵام خراپیی باری گوزەرانی ژیانمان ناچار بە کارکردنی کردووین.

 

محەمەد عەتا، خوێندکاری پۆلی شەشی بنەڕەتییە و لەسەر شەقامەکان ئاو و ساردیی دەفرۆشێت، ئەویش وەک خۆی باسیکرد، هاوکاریی باوکی دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستیی خێزانەکەیان و وتی: باوکیشم بە عەرەبانە کار دەکات، ئەگەر باری گوزەرانمان باش بوایە، کارم نەدەکرد.

 

 

لەبەرامبەردا، گوڵستان ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی هەڵەبجەی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بە هۆکارەکانی هاندانی منداڵ بۆ کارکردن کرد و وتی: خراپی باری گوزەرانی خێزانەکان هۆکارە، هەندێک جاریش چاولێکەرییە، چونکە کاتێک منداڵێک دەبینێت منداڵێکی هاوڕێی کار دەکات، ئەویش کارکردنی بەلاوە ئاسایی دەبێت ئەگەرچی باری دارایی خێزانەکەشیان باشبێت.

 

 

هەروەها، ئاماژەی بە کەمتەرخەمیی حکومەت و ڕێکخراوەکانی منداڵان لە ئاست مافەکانی منداڵان گرت و وتی: حکومەت و ڕێکخراوەکانی بواری منداڵان نەیانتوانیوە بە کاری خۆیان هەڵبستن لەوەی، کە هەر هیچ نەبێت ئەو پرۆژە یاسایانەی کە بۆ پاراستنی مافی منداڵاندا هەن جێبەجێی بکەن و سنوورێک بۆ کارکردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دابنێت.

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin