Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئایا هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى عێراق سه‌رکه‌وتوو بوو یان خراپترین بوو؟

2018-05-15 11:38:35



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق مشتومڕى زۆرى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ و گومانى زۆرى له‌سه‌ره‌، به‌وه‌ى ساخته‌کاریی کراوه‌ و ده‌ستکاریى ئه‌نجامه‌کان کراوه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ هه‌رێمى کوردستان، که‌واته‌ ئایا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رکه‌وتوو بوو یان خراپترین بوو؟


ڕۆژى 12ى ئایار هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ عێراق که‌ سیستمى ئه‌لیکترۆنى تێدا به‌کاربێت، که‌ وا نیشان ده‌درا ئه‌و سیستمه‌ ئه‌نجامه‌کانى به‌ڕاستى و له‌ کاتى خۆیدا نیشان ده‌دات، به‌ڵام چى ڕوویدا؟


له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ کاتژمێر 7ى به‌یانى ڕۆژى 12ى ئایار، هه‌ندێک له‌ ناوه‌نده‌کانى ده‌نگدان له‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌کو له‌ شه‌نگال، له‌ چۆمان و له‌ گه‌رمیان دره‌نگ به‌ ڕووى ده‌نگده‌راندا کرانه‌وه‌ و پابه‌ند نه‌بوون به‌ کاتى دیاریکراوى کردنه‌وه‌وه‌، ئه‌وه‌ش نمونه‌یه‌ک بوو له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو عێراق، له‌زۆر شوێنى دیکه‌ش دواکه‌وتنى کردنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌کان هه‌بووه‌ و بێزارى هاوڵاتیانى لێکه‌وته‌وه‌.


هه‌رچۆنێک بێت 44%ى هاوڵاتیانى عێراق چوونه‌ ناوه‌نده‌کانى ده‌نگدان و ده‌نگیاندا، ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کى ئه‌لیکترۆنى ده‌نگیاندا که‌ ده‌نگه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ که‌سانه‌ بچێت، که‌ خۆیان به‌ گونجاوى ده‌بینن له‌ به‌غدا نوێنه‌رایه‌تیان بکات، ئه‌وه‌ش دواى ساڵانێک له‌ قه‌یرانى دارایى و سیاسى له‌ عێراق به‌ گشتى و له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ تایبه‌تى.


ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شایه‌تى ئه‌وه‌ بوو که‌ ڕێژه‌یه‌کى زۆرى هاوڵاتیان به‌شداریان نه‌کرد، به‌ شێوه‌یه‌ک ڕێژه‌ى به‌شدارینه‌کردن زیاتر بوو له‌ ڕێژه‌ى به‌شداریکردن. 


به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن، تۆمه‌تبارکردن به‌ دزینى ده‌نگى لایه‌نێک له‌لایه‌ن لایه‌نێکى تره‌وه‌ ده‌ستى پێکرد، قۆرخکردن و هاککردنى سندوقه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان، بڵابوونه‌وه‌ى ڤیدیۆ و وێنه‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر ته‌زویر و سوتاندنى ده‌نگى ده‌نگده‌ران و ساخته‌کاریی و گۆڕینى ئه‌نجامه‌کان، هه‌روه‌ها گه‌مارۆدانى سندوقه‌کانى ده‌نگدان له‌لایه‌ن هێزى چه‌کداره‌وه‌.


هێزه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌ریه‌ک له‌ یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیمورکراتى کوردستان به‌ ته‌زویرکردن تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.


له‌کاتێکدا پێویست بوو ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ ماوه‌یه‌کى که‌م دواى ته‌واوبوونى ده‌نگدان ڕابگه‌یه‌ندرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى سیستمى ئه‌لیکترۆنى یه‌کسه‌ر ئه‌نجامه‌کان ئاشکرا ده‌کات، واتا ده‌بوو هه‌ر ئێواره‌ى 12ى ئایار ڕابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام کۆمسیۆن زیاتر له‌ 48 کاژمێر دواتر به‌شێک له‌ ئه‌نجامه‌کانى ڕاگه‌یاند.


دواى ئه‌وه‌ش که‌ به‌شێک له‌ ئه‌نجامه‌کان ڕاگه‌یه‌ندرا، میدیاکان هه‌ریه‌که‌ و به‌ پێى خۆى و پارته‌ سیاسییه‌که‌ى ئه‌نجامه‌که‌ى بڵاوکرده‌وه‌ و خۆى به‌سه‌رکه‌وتوو و به‌رامبه‌ره‌که‌شى به‌ شکستخواردوو نیشان ده‌دا.


ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بێزاریی هاوڵاتیانى لێکه‌وتووته‌وه‌، کۆمسیۆن 30 کاتژمێر دواى ته‌واوبوونى ده‌نگدان ئه‌نجامى 10 پارێزگاى عێراقى بڵاوکرده‌وه‌، ڕۆژى دواتر کۆمسیۆن ئه‌نجامى شه‌ش پارێزگاى دیکه‌ى بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌بێ ئاماژه‌کردن به‌ ژماره‌ى کورسى هه‌رلایه‌نێک.


پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا عێراق به‌ ڕاستى هه‌ڵبژاردنێکى سه‌رکه‌وتوویی ئه‌نجامدا یان خراپترین هه‌ڵبژاردن بوو؟


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin