Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئیسرائیل دژى هاوڵاتیانى فه‌له‌ستین کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌نجامدا

2018-05-15 09:34:59



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


به‌هۆى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کانى گه‌نجانى فه‌له‌ستین به‌ فیشه‌ک له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، ٥٥ فه‌له‌ستینى کوژران و نزیکه‌ى دوو هه‌زار و ٧٠٠ى دیکه‌ش بریندار بوون.


دوێنێ له‌ غه‌زه‌ له‌ فه‌له‌ستین خۆپیشاندانى فراوان دژى ئیسرائیل ئه‌نجامدرا، به‌ڵام به‌هۆى ته‌قه‌ى هێزه‌ ئیسرائیلییه‌کانه‌وه‌ کۆمه‌ڵکوژیی پێکهات.


له‌ خۆپیشاندانه‌کانى دوێنێدا ٥٥ که‌س کوژراون و دوو هه‌زار٧٠٠ که‌سى دیکه‌ش بریندار بوون، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ى به‌رپرسانى فه‌له‌ستینى.


فه‌له‌ستینییه‌کان خۆپیشاندانێکى فراوانیان به‌ دروشمى "خۆپیشاندانى مه‌زنى گه‌ڕانه‌وه‌" ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش دژى ئه‌وه‌ى ئه‌مریکا باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌که‌ى له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ قودس و ڕه‌وایه‌تى به‌ داگیرکارییه‌کانى ئیسرائیل دا.


به‌هۆى ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ى دژى هاوڵاتیانى فه‌له‌ستینى دوێنێ ئه‌نجامدرا، فه‌له‌ستینییه‌کان توڕه‌تر بوون و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ به‌ مه‌راسیمى فراوان قوربانییه‌کانیان بنێژن و خۆپیشاندانى فراوانتر ڕێکبخه‌ن.


له‌ دواى دروستکردنى ئیسرائیل له‌ ١٤ى ئایارى ١٩٤٨ وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وام ناکۆکى و شه‌ڕ و پێکدادان له‌نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕووداوه‌ى دوێنێ خوێناویترین ڕووداو بووه‌ له‌ دواى ٢٠١٤وه‌.


بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل، له‌ باره‌ى ڕووداوه‌کانى دوێنێوه‌ وتى: ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ سه‌ربازییه‌ به‌رگرى له‌ خۆکردنه‌ له‌ دژى ئیسلامیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانى غه‌زه‌، که‌ ده‌یانه‌وێت ئیسرائیل بڕوخێنن.


ئیسرائیل ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى به‌ ئاژاوه‌گێڕیی ناوبردووه‌ و باسى له‌وه‌ کردوه‌، نزیکه‌ى ٤٠ هه‌زار فه‌له‌ستینى له‌ ١٣ شوێنه‌وه‌ خۆپیشاندانیان دژى ئیسرائیل ئه‌نجامداوه‌.


فه‌له‌ستینییه‌کان هه‌ست به‌ زوڵمێکى گه‌وره‌ ده‌که‌ن که‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ به‌ داگیرکردنى قودس لێیان ده‌کرێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin