Smiley face
Smiley face
Smiley face

بازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌ نزیکبوونه‌وه‌ى مانگى ڕه‌مه‌زانى پێوه‌دیار نییه‌

2018-05-15 08:35:11



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى مانگی ڕه‌مه‌زان و جیاواز له‌ ساڵانی پێشوو بازاڕ چۆڵه‌ له‌ کڕیار و هاوڵاتیانیش هۆکاره‌که‌ی ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ بارودۆخی ناهه‌مواری سیاسی و ئابوری، فرۆشیارێکیش ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ند نرخه‌کانمان تا نزمترین ئاست دابه‌زاندوه‌ به‌ڵام کاریگه‌ری له‌سه‌ر قه‌ره‌باڵغیی بازاڕ نه‌کردوه‌.


له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵانه‌ چه‌ند ڕۆژێک پێش هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان، هاوڵاتیان به‌گه‌رموگوڕییه‌وه‌ پێشوازیان لێ ده‌کرد و بۆ کڕینی شتومه‌ک ڕوویان له‌ بازاڕ ده‌کرد و فرۆشگاکان جمه‌یان ده‌هات له‌ کڕیاران، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مساڵ چۆڵیی به‌ بازاڕه‌وه‌ دیاره‌.


پشتیوان که‌مال، هاوڵاتیه‌کى هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ پیشه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌، بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ى کرد و باسى له‌وه‌ کرد: بارودۆخی ناهه‌مواری سیاسی و ئابوری وای له‌ ئێمه‌ کردوه‌، که‌ نه‌توانین بۆ کڕینی پێداویستیه‌کانی مانگی ڕه‌مه‌زان ڕوو له‌ بازاڕ بکه‌ین، سه‌رباری ئه‌وه‌ش که‌ موچه‌کانمان پاشه‌که‌وت کراوه‌ و به‌ چل ڕۆژ جارێک پێمان ده‌درێت، به‌شی ئه‌وه‌مان ناکات وه‌ک پێویست ڕوو له‌ بازاڕ بکه‌ین.

 


ده‌شڵێت: پێویسته‌ حکومه‌ت و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌ بری هه‌وڵدان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان ئاوڕێک له‌ دۆخی ژیانی هاوڵاتیان بده‌نه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ بکه‌ن.


مه‌ریوان هه‌ورامی، هاوڵاتییه‌کى دیکه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ڕۆژنیوزی وت: "ساڵان هه‌موان به‌ شێوازێکی تایبه‌ت پێشوازیمان له‌مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌کرد و به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ ڕوومان له‌بازاڕ ده‌کرد و پێداویستی و شتومه‌کمان ده‌کڕی، به‌ڵام چه‌ند ساڵێکه‌ به‌هۆی کاریگه‌ری قه‌یرانی دارایی و نه‌بونی هه‌لی کار و بێکاریی، زۆربه‌ی هاوڵاتیان ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ هه‌یه‌تی به‌شی کڕینی ئه‌و پێداویستیانه‌ ناکات و ڕوو له‌ بازاڕکردنیش زۆر که‌می کردوه‌".

 


وتیشی: هاوڵاتی ناچاره‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ هه‌یه‌تی بۆ پێداویستی و کاری پێویست خه‌رجی بکات و مانگی ڕه‌مه‌زانیش وه‌ک مانگه‌کانی تر ئاسایی بوه‌ته‌وه‌.


کۆسار نادر، فرۆشیار، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کرد: به‌هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان و له‌به‌رچارگرتنی بارودۆخی هاوڵاتیان نرخه‌کانمان تا نزمترین ئاست دابه‌زاندوه‌، به‌ڵام کاریگه‌ری له‌سه‌ر قه‌ره‌باڵغیی بازاڕ نه‌کردوه‌، ته‌نها ئه‌و کاتانه‌ نه‌بێت که‌ موچه‌خۆران موچه‌ وه‌رده‌گرن تا ڕاده‌یه‌ک بازاڕ قه‌ره‌باڵغ ده‌بێت.

 


ئه‌و فرۆشیاره‌ به‌نائومێدییه‌وه‌ ده‌ڵێت: پێش قه‌یرانی دارایی هاوڵاتیان له‌ پێشوازی مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ لێشاو ڕوویان له‌ بازاڕ ده‌کرد سه‌رباری به‌زری نرخه‌کانیش، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌که‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوه‌ته‌وه‌ و هیچ گه‌شبین نیم به‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م بارودۆخه‌ تا ئه‌و کاته‌ی عه‌قڵییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان نه‌گۆڕێت.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin