Smiley face
Smiley face
Smiley face

"کچانی ڕۆژ" ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵی کان نمایش دەکرێت

2018-05-12 11:58:28



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان


فیلمی "کچانی ڕۆژ" لە دەرهێنانی ئەفا هۆسۆنی فەرەنسی، کە لەبارەی کچە شۆڕشگێڕێکی کورد لە ڕۆژئاواوە دروستکراوە، لە ٧١هەمین خولی فێستیڤاڵی کانی فەرەنسا نمایشدەکرێت.


فیلمی کچانی ڕۆژ کە گۆلشیفتە فەراهانی، ژنە ئەکتەری ئێرانی ڕۆڵی تێدا گێڕاوە و لە بەشی پێشبڕکێ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی دارخورمای زێڕیندا بەشدارە، ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵی کانی فەرەنسادا نمایش دەکرێت.


لەو فیلمەدا، ژیانی بەهار، کچە شۆڕشگێڕی ناو فیلمەکە لە کاتی هاتنی توندڕەوەکان بۆ شارەکەی تا تێکۆشانیی بۆ ڕزگارکردنی شار و خانەوادەکەی پیشاندراوە و گۆڕانکارییەکانی ژیانی بەهار لەو ماوەیەدا نمایش دەکرێت.


 ئەڤا هوسۆن ئەو فیلمەی لە تێکۆشانی ژنانی کورد بۆ ڕزگارکردنی ژنە بەدیلگیراوەکان لەدەستی چەتەکانی داعش ئیلهامی وەرگرتووە.


 کچانی ڕۆژ دووەمین فیلمی ئەڤا هوسۆنە، یەکەم فیلمی ئەو دەرهێنەرە فەرەنسییە لە ساڵی ٢٠١٥دا نمایشکرا بە ناوی بەنگ گەنگ.


گۆلشیفتە فەراهانی، ئەکتەرێکی دیاری ئێرانییە و بەهۆی هەڵوێست و کارەکانییەوە لە وڵاتی ئێران دوورخراوەتەوە و بە بەردەوامیش لەلایەن میدیاکانی حکومەتی ئێرانەوە هێرش دەکرێتە سەری، ناوبراو ئێستا دانیشتووی وڵاتی فەرەنسایە و یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی جیهان.


فێستیڤاڵی کان گەورەترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە و لە ساڵی ١٩٣٩ وە بەڕێوەدەچێت، ٧١ هەمین خولی ئەو فێستیڤاڵە لە ڕۆژی ٨ی ئایارەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی ١٩ی ئایار، بەردەوامیی دەبێت.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin