Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەشێک لە بازاڕەکانی تاران-یش دەستیان بە مانگرتن کردووە

2018-05-12 11:28:26



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان


ئەمڕۆ بەشێک لە کاسبکاران و دووکاندارانی بازاڕەکانی تارانی پایتەخت بە مەبستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخیی ئابوریی نالەباری وڵات، مانگرتن لەکارکردنیان دەستپێکرد و دووکان و بازاڕیان داخست.


پاش مانگرتن لە کارکردنی بازاڕی شاری بانەی سەربە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ بازاڕی تارانیش چووە مانگرتنەوە و هاوکات بە دەربڕینی پشتگیریی بۆ مانگرتنی بانە، دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخیی ئابوریی سەپێندراو لەلایەن حکومەتیان دەستپێکرد.


پێشتر دووکانداران و کاسبکارانی شاری بانە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە دژی داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرک دووکان و بازاڕیان داخستبوو.


دوێنێ بەشێک لە کاسبکارانی تارانی پایتەخت بانگەوازییان کرد، کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی ئابوریی وڵات لە ڕۆژی شەممە واتە ئەمڕۆوە دووکان و بازاڕ دابخەن.


جێگای ئاماژەیە، کە دوو ڕۆژ پێش ئێستاش، مامۆستایانی تارانی پایتەخت و شارەکانی سنە، مەریوان، کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگردبوونەوە لەبەردەم ناوەندەکانی پەروەردە ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە ئەهلیکردنی خوێندنگاکان و بێبەشکردنی مامۆستایان لە مافە کۆمەڵایەتی و داراییەکانیان.


هەر لەو ڕۆژەدا ژمارەیەک لە مامۆستایان لە تارانی پایتەخت دەستگیرکران، کە بەشێکیان نێردرانە بەردەم دادوەر و بەشێکی دیکەشیان هێشتا چارەنووسیان دیار نییە.


شیاوی بیرهێنانەوەیە، کە گردبوونەوەی مامۆستایان ڕۆژێک پاش ساڵیادی لەسێدارەدانی شەهید فەرزاد کەمانگەر ئەنجامدرا، کە لەلایەن مامۆستایانی ئێرانی و کوردەوە بە ڕۆژی مامۆستا ناونراوە.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin