Smiley face
Smiley face
Smiley face

کاردانەوە و کاریگەرییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنامەکەی ئێراندا

2018-05-09 08:48:12



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

لەگەڵ بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپدا بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران، چەندین کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە، هاوکات هێندەیتر بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکاندا کەم بووەوە.

 

شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترامپ لە وتارێکدا کە لە کۆشکی سپی پێشکەشی کرد، ئێرانی بە پێشەنگی ئاڵۆزی لە جیهانێکی  بێهیوادا ناونا و پشتگیریی ئێران بۆ حزبوڵا و بەرنامە موشەکییەکانی ئێرانی بە مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی جیهان ناوزەدکرد.

 

پاشان بەڵگەنامەی چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی واژۆکرد و وتی، ئەوە ئەمریکا بەرەو پێگەیەکی بەئاسایشتر دەبات.

 

چەند خولەکێک پاش بڕیارەکەی ترامپ، یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، کە ئەو ڕێککەوتن نامەیە چەندلایەنە و ئەمریکا بۆی نییە بەتەنیا لەو ڕێککەوتنە بچێتە دەرەوە.

 

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماریی ئێرانیش ڕایگەیاند: فەرمانم کردووە بە ناوەندی وزەی ئەتۆمیی وڵات، تا لە ئەگەری چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتن نامەکە پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ بەکارهێنانی پیشەگەری دەستپێبکەنەوە، ڕۆحانی داواشی لە ئەو هاوڵاتیانی ئێران کرد، کە نیگەرانی کاریگەرییەکانی چوونەدەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتن نامەیە نەبن.

 

ڕوسیا چوونەدەرەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتن نامەکە بە بێڕێزییەک بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان ناونا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش ڕایگەیاند، کە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەداخەوەن بۆ چوونەدەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیە.

 

خەڵکی ئێران، کاردانەوەی جیاوازیان هەیە، موحافزکارەکان، کە لە سەرەتاوە لە دژی ئەو ڕێککەوتن نامەیە بوون ئەو بابەتەیان کردووەتە بەهانەیەک بۆ ڕەخنەگرتن لە حکومەتی ڕۆحانی، هاوکات لایەنگرانی ڕۆحانیش ناڕازین و دەڵێن، کە نە ڕێککەوتن نامەکە خۆی و نە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیە کاریگەریی باشیان لە سەر ژیانی هاوڵاتیان دانەناوە، بەڵکو ڕێککەوتنەکە تەنیا بووە هۆی بەهێزتربوونی ئێران بۆ وێرانکردنی سوریا و یەمەن، بەشێکی دیکەی هاوڵاتیانیش نیگەرانی ئەوەن کە هاوردەکردنی دەرمانەکانی چارەسەری بۆ ئێران دیسانەوە ڕابگیرێت و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر نرخی دەرمان.

 

لەلایەکی دیکەوە نرخی تمەن، کە تا دوێنێ ڕوو لە دابەزین بوو و هەر دۆلارێک بە حەوت هەزار تمەن مامەڵە دەکرا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە خێراییەکی زیاترەوە دابەزی و هەر دۆلارێک بوو بە هەشت هەزار تمەن، پێدەچێت کە بەم زووانە دۆلار بگاتە ١٠ هەزارتمەن.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin