Smiley face
Smiley face
Smiley face

شیرین، بە زمانێک سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە تێی نەدەگەیشت

2018-05-07 08:17:10



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

بە زمانێک، کە لێیتێنەدەگەشت، سزای سێدارە بەسەر شیرین عەلەمهولی-دا سەپێندرا و هەشت ساڵ پێش ئێستا، سزاکەی جێبەجێ کرا.

 

شیرین عەلەمهولی، لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا.

 

لە ٢٥ ڕۆژی سەرەتای دەستگیرکردنیدا لە شوێنێکی نادیار بە توندوتیژترین شێوە ئەشکەنجەدرا، پاشان نێردرا بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوینی تاران، شەش مانگ دواتر گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەو زیندانە.

 

لە ڕۆژی ١٩ی ١٢/ ٢٠٠٩ دادگای شۆڕشی تاران بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، سەرئەنجام لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ هەڤاڵانی لە زیندانی ئەوینی تاران (فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیی، عەلی حەیدەرییان و چالاکوانی شیرازیی مەهدی ئیسلامییان) سزای سێدارەکەی جێبەجێکرا.

 

 

شیرین لە نامەیەکدا، کە هەفتەیەک پێش لەسێدارەدانی نووسیویەتی ئاماژەدەدات، کە سێ ساڵە بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێک لە بارەی کەیسەکەیەوە بدرێت یان ئەوەی هیچ پارێزەرێکی بۆ دیاریبکرێت لە زینداندایە، دەشپرسێت: بۆچی زیندانکراوم و دەبێت لە سێدارەبدرێم؟ ئایا تەنیا بەهۆی کوردبوونمەوەیە؟

 

لەبارەی ئاستەنگییەکانی سەر زمانی دایکیشی دەنووسێت: زمانم کوردییە، لە ڕێگەی ئەو زمانەوە پەیوەندیم بە خانەوادە و دۆستان و کەسوکارەکەمەوە هەبووە، بەو زمانەوە گەورە بووم، بەڵام ڕێگەم پێنادرێت بەو زمانە قسەبکەم، بخوێنم و  بنووسم، بەڕێز دادوەر، بەڕێز لێکۆڵەر! ئەو کاتانەی لێکۆڵینەوەتان لەگەڵ دەکردم، تەنانەت نەمدەتوانی بە زمانی ئێوە قسەبکەم، لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا فارسیی لە هاوڕێکانی زیندانمەوە فێربووم، بەڵام ئێوە بە زمانی خۆتان دادگاییتان کردم و سزاتان دام، ئەوە لە کاتێکدا بوو، کە من تێنەدەگەیشتم چی لە دەوروبەرمدا ڕوودەدات.

 

لە کۆتاییدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ (٢ی ئایاری ٢٠١٠) دیسانەوە بردیانمەوە بۆ لێکۆڵینەوە، دیسانەوە تۆمەتەکانیان دووبارەکردەوە، داوایان لێکردم هاوکارییان بکەم بۆ ئەوەی سزاکەم بشکێت، تێناگەم مەبەستیان لە هاوکاریی چییە، هیچم لەوە زیاتر پێ نییە کە پێم وتوون، دەڵێن ئەوانەی وتووتە دووبارەی بکەوە، منیش نەمکردەوە، لێکۆڵەرەکە بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە من لە بارمەتەیەک زیاتر نیم لە دەستیاندا، تا ئەو کاتەی دەگەنە ئامانجەکانیان ڕامدەگرن، دواتریش لە سێدارەم دەدەن.

 

شیرین پاش کۆتاییهاتنی نامەکە بە نووسینی "سەرکەفتن" نامەکەی واژۆکردووە.

 

سیلڤا هاراتونیان، یەکێک لە هاوبەندیییەکانی شیرین عەلەمهولی، هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکییە، بەڵام بە ڕەچەڵەک ئێرانیە، پاش لەسێدارەدانی شیرین لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ بەشی فارسیی ڕادیۆ ئەوروپا (فەردا) دەڵێت: هەرگیز هەوڵم نەداوە شیرین پێناسەبکەم، چونکە ئەو بۆ من هەموو شتێک بوو، بۆ من و هەموو زیندانییەکان وەک خوشک وابوو، بەردەوام بزەی لە سەر لێوان بوو، هەم فریشتەی پاسەوانی ئێمە بوو و هەم ڕۆحێکی ئازادی هەبوو، بە واتای ڕێکی وشە ئازاد بوو، هاوکاریی زیندانییەکانی دیکەی دەکرد، دەبێت زۆر کەسێکی تایبەت بیت، کە بتوانیت لەگەڵ هەمووان تەنانەت لەگەڵ پاسەوانەکانیشت بە میهرەبانییەوە هەڵسوکەوت بکەیت.

 

شێرکۆ بێکەس لە شیعرێکدا کە پاش لەسێدارەدانی شیرین نووسیویەتی دەڵێت:

 

من ئیتر لەمڕۆوە عاشقی چاوانی شیرین عەلەمهولی-م

لەمڕۆوە هەرچی شیعرم هەیە

ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرین عەلەمهولی

لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم

لە ئێستەوە

من نینۆکی پەنجەی ئەوم

لە ئێستەوە من ئیتر ئەبمە ئەو جووتە پێڵاوەی

کە دواجار لە پێی کرد و پێی چووە سەر سێدارە و

لە ئێستەوە من بازنەی بەجێماوی دەستی شیرین عەلەمهولیم.

 

لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەحمەد بلوکی، کە لە ساڵی ١٩٩٣ وە لە زیندانەکانی تورکیادایە لە ڕۆمانێک دا بەناوی "پەپوولەی ئازادیی" ژیاننامەی شیرین عەلەم هولیی نووسی.

 

شیرین عەلەمهولی

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin