Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرەنجی پۆشاکی ڕەسەنی هەورامییەکانە.. بەوێنە

2018-05-05 10:41:58



ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا

 

فەرەنجی، پۆشاکی ڕەسەن و لەمێژینەی هەورامییەکانە و لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیاوان لەبەری دەکەن.

 

فەرەنجی یان کوڵەباڵ، پۆشاکی پیاوانە و پیشەی دەستیی هەورامییەکانە، کە سەرەتا لە هەورامانی تەخت دروستکراوە، دواتریش دروستکردنەکەی بە ناوچەکانی دیکەدا بڵاوبووەتەوە.

 

فەرەنجی، سەرەتا بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زستان بەکارهاتووە، بەڵام دواتر لە هەموو وەرزەکان-دا لەبەرکراوە، بۆ زستان گەرمە و هاوین-یش مرۆڤ لە تیشکی خۆر دەپارێزێت، هەروەها سەرشانەکانی زۆر بەرزە و بۆ هەڵگرتنی  کۆڵ و باری قورس سودی هەبووە، پشت شان و ملی پاراستوە لە ڕووشان و سووربونەوە و ئازار.

 

 

چۆنیەتی دروستکردنی فەرەنجی(کوڵەباڵ)

 

فەرەنجی لە خوری بەرخ دروست دەکرێت، کاتێک لە وەرزی بەهاردا خاوەن ڕانەکان ئاژەڵەکانیان دەپاچنەوە خوری بەرخەکان بە جیا دادەنێن چونکە بە بەراورد بە خوری مەڕ نەرمترە، کە پێی دەوترێت( بەرگن)، هەر ئەم بەرگنە، شاڵ و ڕانک و چۆخە و لەباو و فەرەنجی لێدروستدەکرێت.

 

سەرەتا بەرگنەکە دەشۆرێتەوە و پاشان لای هەلاج شیدەکرێتەوە و دواتر دەبرێتە لای وەستای دروستکردنی فەرەنجی، وەستاکە خورییە شیکراوەکە ڕادەخات و ئاو و زەردێنەی هێلکەی پیادا دەکرێت و بەدەست دەکوترێتەوە، بۆ ئەوەی بە باشیی یەک بگرێت و وەک پارچە قوماشێکی لێبێت، بە گوێرەی ئەو چوارچێوە دیارییکراوەی، کە دەیەوێت، چەند جارێک ئەو کارە دووبارە دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بەباشیی یەک بگرێت.

 

دواتر دەی نوشێنێتەوە تاکو  وەک دوو پارچە قوماشی دوو قەدی لێ دێت، کە لەهەر سێ لاوە داخراوە، لەگەڵ ئەمەدا حساب بۆ هەردوو گوێچکەی فەرنجیەکە کراوە، پاشان شوێنی قۆڵ و مل و یەخەکەی دەبڕێت و گوێچکەکانی  بەشێوازی تایبەت دەنوشێنێتەوە، لەکۆتاییدا بە پارچە قوماشی ڕەش پەراوێزی یەخە و بەرۆک و بن هەنگڵ و گوێچکەکانی دەکرێت.

 

فەرەنجی وەک جلوبەرگەکانی تر قەبارەی تایبەت بەخۆی هەی کە زۆر کات لەسەر داوای کڕیار دروستدەکرێت و نرخی فەرەنجییەک لە نێوان 40 بۆ 55 هەزار دیناردایە.

 

جۆرەکانی فەرەنجی

 

فەرەنجی دوو جۆری ھەیە، جۆرێکیان لەسەر شانەکانی دوو گوێی ھەیە و جۆرەکەی تریشی ھیچ گوێیەکی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەردوو جۆرەکە ھیچ باڵێکی پێوە نییە بۆیە ناوەکەشی لە نەبوونی باڵەکانییەوە ھاتووە کە پێی دەڵێن کوڵەباڵ و ھەورامیەکانیش پێی دەڵێن فەرەنجی، هەروەها چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە،( سپی،شینکی،سور،خورمایی ،ڕەش) .

 

 

 

بەهۆی هاوردەکردنی جلوبەرگی دەرەکیی و دوورکەوتنەوە لە کلتوری کوردەواریی، هەروەها وازهێنانی بەشێکی زۆری ئەو وەستایانەی، کە پێشتر سەرقاڵی دروستکردنی فەرەنجی بوون، زۆر بەکەمی فەرەنجی بەکار دەهێندرێت تەنها لە بۆنە و ئاهەنگە تایبەتیەکاندا و بەتایبەتیش لەلایەن هەورامییەکانەوە لەبەردەکرێت.

 

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin