Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئێران، لەپێناو ژیاندا ژنان و منداڵان دەبنە دۆستی گڕی کورەکان

2018-05-01 08:13:28



ڕۆژنیوز- سەمیرا شەهابی

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەژاریی و بەرزیی ڕێژەی بێکاریی، پاڵنەرێکی سەرەکیی پەنابردنی خەڵک و بەتایبەت ژنانە بۆ کارە دژوارەکان، یەکێک لەو کارانەش خشت دروستکردنە لە کورەخانەکاندا.

 

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە، ڕۆژێکی دزراو لەناو هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا، ناکرێت لەم ڕۆژەدا، کارکردنی ژنان و منداڵانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بیربچێت، ئەو کەسانەی کە بە ئارەقی نێوچاوانیان، کوڕبوونەوەی پشتیان و شەقبوونی دەستەکانیان لە ڕۆژێکدا هەزاران خشت ئامادە دەکەن و بە ژیانی خۆیان لەلایەک شەڕ لەگەڵ گەرمی هاوین و گڕی کورەکاندا دەکەن، لەلایەکیش ناچاری دۆستایەتییکردنیان بوون، ئەویش لە پێناو بڕێک پارە وەک حەقدەست.

 

بە هاتنی بەهار و نزیکبوونەوەی هاوین، بەشێک لە دایک و باوکان چاوەڕێی کۆتایی هاتن بە وەرزی خوێندن دەکەن بۆ ئەوەی بارگەی سەفەر بەرەو ناوچە گەرمەسێرەکان و کورەخانەکانی کەنار شارەکانی تاران، تەبرێز، هەمەدان، ئازەربایجان و زۆرشوێنی دیکە لێکبنێن بە مەبەستی کار کردن، کە زیاتر خەڵکی ناوچە جیاواز و کەمدەرامەتەکان ڕووی تێدەکەن، لە ناویشیاندا ژنانی کورد لە گەڵ بنەماڵەکانیان لەو شوێنانەدا بۆ پەیدا کردنی بژێویی جێگردەبن.

 

کورەخانەکان هاوشێوەی ئۆردووگایەکە، کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک ماڵی بچووک بە گەرماو و توالێتی هاوبەش و خاڵی لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی ژیانی و تەندروستیی، لێرەدا جگە لە ژنان، منداڵانیش هەر زوو لە خۆشییەکان بێبەش دەکرێن و لەجێگەی یارییکردن بە تۆپ و بووکەشووشە، سەرقاڵی قوڕ شێلان و ژماردنی خشت لەناو کوورەخانەکاندا دەبن و هەر زوو خەمی ژیان و بژێویی پەیداکردن بەرۆکیان پێ دەگرێت.

 

 جیاواز لە کارگەکانی دیکە، ئامێری جۆراوجۆر بۆ ئاسانکردنی کارەکان نییە و تەنها بە هێزی دەست و بازوو کرێکارەکان بەڕێوە دەچێت، خۆیان خۆڵەکە لە هێڵەک دەدەن و دواتر تێکەڵ بە ئاوی دەکەن و به پێ دەیشێلن تا قوڕێکی باشی لێدەرچێت و لە قاڵبی دەدەن، دواتر لەبەر هەتاو دەیهێڵنەوە بۆ ئەوەی جوان وشک ببێتەوە، دواتر بە دەست یا شان یان عارەبانەی دەستیی دەیگوازنەوە بۆ ناو کورەکان تا بە ئاگرێکی بەتین سوور ببیتەوە و ئامادەی بە کار هێنانی بکەن.

 

کارکردن لەم شوێنانەندا نەک تەنیا دژوارە، بەڵکو کاتەکەشی زۆرە، کە لە هەندێک شوێندا کاتەکان بە هۆی گەرمای تاقەت پڕوکێنەوە  لە کاتژمێر ۲ یان ٤ و ٥ سەر لەبەیانییەوە دەست پێدەکات و تا ٧ و ١٠ی شەو بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەو ماوە زۆرەی کارکردن لە ڕۆژدا جگە لە زیانی تەندروستیی، حەسرەتی پشووێک و ساتێک ئارامیی لە پەنای ڕەنجی بێ کۆتایی لە دڵیاندا داناوە، لە هەریەک لەو کارگایەنەدا ٥۰ کەس کار دەکات کە هەرکەس زیاتر کار بکات زیاتر وەردەگرێت.

 

ژنان و منداڵانی کورەکانی دروستکردنی خشت، بێڕەنگترن لەو وێنانەی کە ئێمە لە ڕێگەی زوومی کامێراکانەوە دەیبینین، بەڵام هێشتا گیانێک لە ئەواندا ماوە کە ئێمە بەلای خۆیدا پەلکێش دەکات، کە پشوو و کاتی خۆشیان بووە بە خەیاڵێک گرێدراو بەو ئەو سووتانە، کە تیشکی بەهێزی گەرمی هاوین وەک قامچی ئازاریان دەدات.

 

 لەو هەرێمانەدا خۆجوانکردنی ژنان و بەسەربردنی کاتی خۆش نییە و هیچ دەنگێک لە هاتووهووریای منداڵیی و پڕکردنی کاتەکان بە پشووی هاوینان و چوونە خولی جۆراوجۆری وەرزش و فێربوونی زمانەکان نییە، بەڵکو دەربازبوون لە برسێتیی گەورەترین خەمی ئەوانە، ژنان لێرەدا وەک هەمیشە مەینەتییەکان بە گیان و دڵ لە ئامێز دەگرن لەپێناو دروستکردنی ژیانێکی جێگر، بۆیە ئەگەر ئەو خشتانە بهاتبایەنە قسە، دەبوو چیرۆکی هەر یەک لەو ژنانەیان بە ئاوازێکی کاریگەر بهێنایەتە سەر زمان.

 

لێرەدا گرفت کارکردنی ژنان نییە، بەڵکو گرفت نەبوونی خزمەتگوزاریی و بیمەی ژیانیی و بوونی سیستمێکی نادادپەروەرە، کە بووەتە هۆیی بێکاریی، بۆیە لەم وەرزە بە دواوە ئیدی هەواڵی سووتانی ژنانی کرێکار و ونبوونی منداڵان دیسان دێنەوە بەر گوێمان.

 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin