Smiley face
Smiley face
Smiley face

پرسی ژن لە کارنامەی لیستە کوردییەکاندا

2018-04-30 11:02:37



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

لە کارنامەی لیستە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەی جیاواز باس لە پرسەکانی ژنان کراوە، نەوەی نوێ بە زۆرترین خاڵ باسیکردووە و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یش بە هیچ شێوەیەک جێی پێنەداوە.

 

هە تا ئێستا ژن لە عێراق و باشوری کوردستان، ڕۆڵ و پێگەی خۆی نە لەناو کۆمەڵگا و نە لەناو سیاسەت و بەڕێوەبەرییەکاندا پێنەدراوە، نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی توندوتیژیی زۆر دەبێتەوە و ساڵ بە ساڵ ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژییەکانی سەر ژنان بەرز دەبێتەوە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەش زۆربەیان لەدەست سزای یاسا دەربازیان دەبێت و پەرلەمانی هەرێم و عێراق-یش لەم ڕووەوە نەیانتوانیوە چاودێرێکی باشبن بەسەر دەسەڵاتی یاسایی و جێبەجێکردنەوە و داکۆکیکەرێکی تەواوی مافەکانی ژنان بن.

 

نەک هەر ئەوەندە، هەندێک جار لەناو پەرلەمانەوە یاسا و بڕیاری دژ بە ژنان پەسەند دەکرێت، پرۆژەی دژ بە ژنان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە، بەنمونە ئەمساڵ پرۆژەیەک خرایە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و خویندەوەی یەکەمی بۆ کرا، تیایدا ڕێگای بە بەشوودانی کچانی تەمەن نۆ ساڵ دەدات، پرۆژەکە ناڕەزایی زۆری ڕێکخراوەکانی ژنانی لێکەوەتەوە، بەڵام ناڕزاییەکان نەبووە هۆکاری ڕەتکردنەوەی پرۆژەکە و تەنیا خوێندنەوەی دووەمی ڕاگیرا، کە ئەگەر هەیە پاش هەڵبژاردن جارێکی دیکە بخریتەوە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

 

چاوەڕوان دەکرا، لە کارنامەی لیستەکاندا بە گرنگییەکی زۆر باس لە پرسەکانی ژنان بکرایە و هەوڵدانەکانی حزب و لایەنەکان بۆ یەکسانیی ڕەگەزیی، بەسزاگەیاندنی بکوژان و ئەنجامدەرانی توندوتیژیی دژ بە ژنان و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بکرایە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو لیستەکان وەک یەک نەبوو.

 

لە کارنامەی زۆربەی لیستەکان-دا باس لە ژن کراوە، هەندێک تەنیا بە دێرێکی کورت و هەندێک-یش بەگرنگیی زیاترەوە باسیان کردووە، لە کارنامەی حزبێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یشدا بەهیچ شێوەیەک باس نەکراوە.

 

ئەو خاڵانەی تایبەتن بە ژن لە کارنامەی لیستەکاندا بەم شێوەیەیە:

 

نەوەی نوێ، کە پێکهاتووە لە (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەرەی دیموکراسیی گەل و جوڵانەوەی نەوەی نوێ)/

 

نه‌وه‌ی نوێ‌، کارده‌کات بۆ:

 

١- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی دژی یه‌کسانیی ڕه‌گه‌زین و کاردەکرێت بۆ ئەوەی لە دەستور و یاساکاندا، تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژن پارێزراوبن.

 

٢- دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی گێچەڵ بە ژنان و هەروەها یاسا دژی جیاکاریی رەگەزیی و خراپ بەکارهێنانی پلە و پۆست و دەسەڵات بۆ ناچارکردنی ژنان و کچان بە ئەنجامدانی کارێک لەدەرەوەی ویستی خۆیان، بۆ ئەوەی کۆسپه‌کانی به‌رده‌م بەهاتنەپێشەوەی کچان و ژنان بۆ ناو کایه‌ گشتییه‌کان لاببرێن.

 

٣- ژنان  له‌ هه‌موو پێگه‌ و کایه‌کان دا، به‌کرده‌یی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا بن و به‌شداریی راسته‌قینه‌ بکه‌ن؛ له‌ بریاری سیاسیی و ده‌وڵه‌تداریی دا، واتا: کچان و ژنان، کاره‌کته‌رێک نین بۆ رازاندنه‌وه‌ی دیمه‌نی فره‌ره‌نگیی، به‌ڵکو کۆڵه‌که‌ی راسته‌قینه‌ن بۆ بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێک، که‌ خۆشگوزه‌رانیی و پێکه‌وه‌ژیان ببنه‌ پایه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی... بۆ ئەمه‌ش کاردەکرێت بۆ چەسپاندنی یه‌کسانیی ڕەگەزیی، بەیەکسانیی لە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی دا.

٤- یاسایاکی تایبەت بە ژنکوژیی و بڕینەوەی سزای هەتاهەتایی بۆ هەر ژنکوژێک، بەمەرجێک هیچ لێبوردنێکی گشتی وتایبەت نەیگرێتەوە.

 

٥- ژنان بڕیارده‌رن، نه‌ک بڕیار له‌سه‌ردراو، کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی و به‌هێزن، نه‌ک که‌سانی لاواز و خێرپێکراو، هەربۆیە کار بۆ گۆڕینی هەندێک رێنمایی دەکرێت، کە هانی زیاتری ژنان و کچان بدرێت؛ بۆ ئه‌وه‌ی لە هەمو کایەکانی دەسەڵات و بەرێوەبردن و بریارداندا، بێنه‌ پێشه‌وه‌، ده‌رفه‌تی زیاتریان بۆ برەخسێت و گرنگیی زیاتر بدرێت بە پێشخستنی ژنان و هاتنە دەرەوەیان لە ماڵەوە و پێگەیاندنیان.

 

٦- ژنان شانبه‌شانی پیاوان، له‌روی ئابورییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن کار ده‌بن، نه‌ک ژێرده‌سته، هەربۆیە بە یاسا کار دەکەین بۆ هاندانی زیاتری ژنان بۆ کارکردن، بەشداریپێکردنیان لە بونیادنانەوەی ئابوریی، هاندانیان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کار، پێدانی قەرز پێیان؛ تاوەکو بزنس و کاری خۆیانیان هەبێت و، بەو هۆیەشەوە، چەندین ژنی تر و کچی تر بخەنە سەر کار، بۆ ئەمەیش سودمه‌ندبن لە قەرز بۆ جێبه‌جێکردن و پێشخستنی پرۆژەی ئابوریی سەربەخۆ.

 

٧- به‌رزکردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ژنان بۆ رێژه‌ی راسته‌قینه‌یان له‌ نوێنه‌رایه‌تیکردندا لە هەمو پێگە و پلە و دامەزراوە و ناوەندەکانی خوێندن و پێگەیاندن دا لە ناو کۆمەڵگادا،  واتا کۆتاڕێژەی 50% بۆ ژنان لەسەرجەم کاروباری دەزگاکانی عێراقدا.

 

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان/

 

1-ده‌رکردنی یاسایه‌کی نوێ بۆ پێشخستنی واقیعی ژن و پاراستنی مافه‌کانیان،  له‌هه‌ر جۆره‌پیشێل کارییه‌ک.

 

2-به‌شداریی ژن له‌ هه‌موو جومگه‌و دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت( سیاسی ، ئابوری، کارگێڕی ،کلتوری و  کۆمه‌ڵایه‌تی...هتد).

 

3-فه‌راهه‌م کردنی زه‌مینه‌ی شیاو بۆ ژنان و کاراکردنی ڕۆڵیان له‌ کارکردن، به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاواندا

 

4- دابینکردنی مووچه‌ و یارمه‌تی دارایی بۆ ژنان له‌کاتی له‌ده‌ستدانی به‌خێوکه‌ردا، یان به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت له‌چوارچێوه‌ی یاسای بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.

 

کۆمەڵی ئیسلامیی/

 

کاراکردنی رۆڵی ئافرەت و لادانی ئەو ستەمەی لە سەریەتی، تا بتوانێت ئەرک و رۆڵی کارای خۆی لە کۆمەڵگەدا ببینێت.

 

یەکگرتووی ئیسلامیی/

 

بەشدارکردنی کارای ئافرەت و لاوان لە ژیانی سیاسی و گشتی دا.

 

سۆسیالت/

 

ـ کارکردن بۆ یه‌کسانی مافه‌کانی ئافره‌تان

 

بزوتنەوەی گۆڕان/

 

نەهێشتنی هەمو جۆرەکانی توندوتیژیی جەستەیی و دەرونی و جیاکاری دژی مناڵان و ئافرەتان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەساڵاچوان و پەککەوتەکان و توێژە پەراوێزخراوەکانی تری کۆمەڵ.

 

حزبی شیوعی/

 

یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو ئامانجی سەرەکییمانە

 

هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی/

 

ژنان نیوەی کۆمەڵن و سەرچاوەی سەرەکی گەشەپێدانی هەر کۆمەڵگایەکن، پێویستە جیاوازیی ڕەگەزیی بەرامبەریان کۆتایی بێت، بواری یەکسانیان بۆ بڕەخسێندرێت تا بەشێوەیەکی کارا بەشدارییان هەبێت لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin