Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژینگەپارێزیی لە ژناندا ڕەنگدەداتەوە

2018-04-30 08:28:03



ڕۆژنیوزـ سەمیرا شەهابی

 

دایکان چینی هەرە زەحمەتکێش و ماندوونەناسی ناو کۆمەڵگان و ژیان بە ئەوانەوە بەهادارە، کە جگە لە دایکایەتی کردنی ڕۆڵەکانیان و ئەرکەکانی دیکەی ژیان، خاوێن کردنەوە و خزمەتکردن بە ژینگە بووەتە ئەرکێکی تری پیرۆزی سەر شانیان.

 

دایک، وشەیەکی سادەیە کە تەنها لە چوار پیت پێکهاتووە، د، ا، ی، ک، کە دەبێتە دایک، بەڵام بە ناوەڕۆک پڕ واتا و ئەو بەهەشتەی کە پێناسە دەکرێت لە ژن و دایک ـ دا بەرجەستە بووە و نەک ئەرکی دایکایەتی بەڵکو هەموو قورسایی و مەینەتییەکانی ژیان کەوتووەتە سەر شانیان، بەڵگەش ئەم ژنانەیە کە ژمارەیان ١١ ژن دەبێت و زیاتر لە ١٠ ساڵە خزمەت بە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی دەکەن.

 

 

پارکی ئازادیی، یەکێکە لە پارکە دیار و گەورەکانی شاری سلێمانی، کە شوێنێکی جوان و دڵڕفێن وشوێنی حەوانەوەی هاوڵاتیانیشە، سەرنج ڕاکێشتر لە جوانییەکانی، بوونی کۆمەڵێک ژنی بەتەمەنە، کە سەرقاڵن بە خاوێنکردنەوەی ئەو شوێنە، ئەگەر پێشتر گوێ باوەڕی بە بیستنی خاوێنکردنەوەی شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان لەسەر دەستی ژنان نەکردبێت ئەوا ئێستا چاوەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێن.

 

کارکردنی ژنان وەک چینێکی ژینگەپارێز بە بەڵگەوە هەیە و بریا نووسەرێک یاخود هۆنیارێک بووایە، پیتەکان و وشەکانی وەک کراسێک پڕ بە باڵای ئەم دایکە زەحمەتکێشانە بهۆنیاییە، کە ئەندازەکەی بە پێیی تەمەنی پڕ مەینەتییان و تەسک و پانییەکەشی بە گوێرەی ئەو خۆشییانەی کە ئاخۆ چەشتوویانه یان نا، ڕەنگەکەشی لە ڕێگای قژی سپی و ڕەنگ و ڕوویان و تەنانەت بۆ سادەیی و گوڵدار بوونی لە ڕێگەی چرچ و لۆچی ناو لەپ و ڕوخساری پڕ لە مهرەبانیان دیاریبکردایە.

 

 

وەک چۆن نکوڵیی لە سروشت و جوانییەکانی و سارد وسەرمای ناکرێت، بە هەمان شێوەش نکوڵیی لە کار و ڕەنجی ئەم ژنانە ناکرێت، کە ڕۆژانە ٦ کاتژمێر کاردەکەن بە بێ ناسینی سەرما و گەرما، مرۆڤەکان-یش زۆر جار ڕێز لەم هەموو مەینەتە ناگرن و وەک خۆیشان دەڵێن: ئەو کەسانەی دێنە ئێرە ئێمە دەبینن کە کار دەکەین و ئێرە خاوێن دەکەینەوە، بەڵام دیسان پاشماوەی خوارن و خوارنەوەکانیان فڕێ دەدەن.

 

ڕووناک قادر، کە ١٤ ساڵە خزمەت بەم ژینگەیە دەکات و ئێستاش کچەکەی لە گەڵیەتی و ڕەخنەی لە هاوڵاتیان گرت و وتی: هیلاک دەبین و ئارەق دەڕێژین، بەڵام خەڵک ڕەچاوی ئەو ماندووبوونەی ئێمە ناکات و پیسی دەکەنەوە.

 

 

هەروەها چیمەن حەسەن، ژنێکی دیکەی ئەو دەستەیە، وتی: هەندێکمان چەندین ساڵە لێرە بە گرێبەست کاردەکەین و هێشتا کارەکەمان نەبووە بە فەرمیی، بە داخەوە کەس دەستخۆشییەکیشی لێنەکردووین، ئێمە هەموو شوێنەکانی ئەم پارکە خاوێن دەکەینەوە، بۆیە داواکارین لە خەڵک کە بە پیسنەکردنی ئێرە هاوکارییمان بکەن و ئێرە وەک ماڵی خۆیان تەماشا بکەن.

 

 

دایک لە هەر شوێنێک بێت شوێن پەنجە و گەورەیی دیارە، هەموو ئەم ژنانە وەک تەواوی ژنانی دونیا لە زەحمەتی زۆردان، چۆن بیرمەندی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ژن کاتێک جوانە، کە جەنگاوەرێکی جوانی گۆڕەپانی ژیان بێت و بۆ ژیانێکی جوان لە تێکۆشاندا بێت، کارکردنی ئەم ژنانەش بەرجەستەکەری ئەو جوانییەیە کە ئەو بیرمەندە پێناسەی دەکات.

 

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin