Smiley face
Smiley face
Smiley face

حسێن کەرکوکی: ئیتر دەبێت کەرکوکییەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن

2018-04-29 08:48:53



ڕۆژنیوز – هاوار ستار

 

حسێن کەرکوکی، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت: لە بەرنامەی ئێمەدا هەیە کە ئیتر خەڵکی کەرکوک خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، تاوەکو خۆیان خاوەن ئیرادەی خۆیان بن کە بیانەوێت بە چ شێوەیەک بژین و خۆیان بەڕێوەببەن.

 

حسێن کەرکوکی کاندیدی ژمارە ١ لە لیستی نەوەی نوێ(بەرەی دیموکراسیی گەل، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و جوڵانەوقەی نەوەی نوێ) بە ژمارە ١٢٠ لە پارێزگای کەرکوک لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز باس لە پرۆژە و کارنامەی لیستەکەیان دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگای کەرکوک.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-ڕەوشێکی سیاسیی ئاڵۆز لە کەرکوک هەیە، ئێوە چ پرۆژەیەکتان هەیە بۆ چارەسەری ئەو ڕەوشە؟

 

"دەبێت خەڵکی کەرکوک خاوەن ئیرادە و بریار بن"

 

حسێن کەرکوکی: پرۆژەی ئێمە ستراتیژیی دەبێت لە بواری ئابووریی و وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و بەڕێوەبردن، لەبەر چەند هۆکارێک، ئەوانیش:

 

١-ئەم سێ سێکتەرە بۆ ئێمە زۆر گرنگە وەک لایەنە ئەمنییەکە لە ڕابردوو خەڵکی کەرکوک زەرەرمەند بووە.

 

٢- لایەنی بەڕێوبەرایەتی کە ئیدارەکردنی شاری کەرکوک بەردەوام رێنمایی یاخود کارکردن لەدەرەوەی کەرکوک هاتووە و خەڵکی کەرکوک خاوەنی بڕیاری خۆیان نەبوون و لەدەرەوە بڕیاریان بەسەردا سەپێندراوە.

 

٣-لایەنی ئابووری/ کەرکوک بە شارێکی زێڕی رەش ناسراوە، بەڵام بۆ خەڵکی کەرکوک بووەتە بەڵا و قوڕبەسەریی، بۆیە لە بەرنامەی ئێمەدا ئەوە هەیە کە ئیتر خەڵکی کەرکوک خۆیان بڕیار بدەن لە چارەنووسی خۆیان، خۆیان خاوەن ئیرادەی خۆیان بن کە بیانەوێت بە چ شێوەیەک بژین بە چی شێوەیەک بەڕێوبەرایەتی خۆیان بکەن.

 

٤- لە پرسە ئەمنیەکەش دەبێت خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە کورد و تورکمان و عەرەب و کلد و ئاشوریەکانەوە خۆیان بتوانن خۆیان بپارێزن، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئیتر هەژموونی دەسەڵاتداریی حکومەتی بەغدا و هەرێم لەسەر کەرکوک لا ببەین بۆئەوەی خەڵکی کەرکوک بتوانن خاوەن ئیرادە و بڕیاربن و خۆیان بتوانن لەو سێکتەرانە کاربکەن تا ئەوەی لە ڕابردوودا مامەڵەکراوە و ئەو مێژوە تاڵە بسڕینەوە و مێژوویەکی پڕ لە شکۆ و لە سەربەرزی و ئیرادە و کارکردن و خزمەتگوزاری بۆ شاری کەرکوک بهێنین.

 

-لە کارنامەکەتاندا زۆر باسی پێکەوە ژیان دەکەن، ئێوە چ سیستمێک پێشنیاز دەکەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک بێ جیاوازیی مافی خۆیان وەرگرن؟

 

"کەرکوک دەکەینە شارێکی نمونەیی"

 

حسێن کەرکوکی: ئەو لایەنە سیاسیانەی لە حکومەتەکانی ڕابردووی عیراقی و دوای ٢٠٠٣-یش خۆیان بە خاوەنی کەرکوک دەزانی، نەیانتوانی نمونەیەکی جوان و مۆدێلێکی جوان بۆ پێکەوە ژیان نیشان بدەن و بەردەوام لەسەر ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینی کاریان کردووە، بە پلە یەک نەتەوەی کورد زەرەرمەند بووە لەو هەڕەشانە و لەو کارانەی کراون بەرامبەر کورد و دوای ئەوە پێکهاتەکانی دیکەش، لەبەرئەوە ئێمە دەڵێین ئەو مێژووەی کە هەیە دەتوانین ئیشی باشی لەسەر بکەین، ئیتر کەرکوک لە شەڕ و ئاژاوە دوورخەینەوە و بیکەینە شارێکی نمونەیی لە پێکەوە ژیان و هەموو پێکهاتە و باوەڕ و ئاینەکان پێکەوە بتوانن بژین و هەمووشیان بتوانن تەواوکەری یەکتریبن بۆ ئەوەی لە کەرکوک بەشێوەیەکی ئارام بژین.

 

-کەرکوک داهاتێکی نەوتی زۆری هەیە، ئێوە چ پرۆژەیەکی ئابووریتان بۆ سودوەرگرتن لەو داهاتە دەستنیشانکردوە، جگە لە نەوت لە چ ڕوویەکی دیکەوە کەرتی ئابووریی دەبوژێننەوە؟

 

 

"کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی و سامانی ئاو"

 

کەرکوکی: کەرکوک لە ڕووی جوگرافیەوە شوێنێکی گرنگی هەیە، کە بووەتە هۆی گرێدانی سنوری نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، ئەمە خاڵێکی گرنگە کە دەتوانین سودی لێوەرگرین لە بابەتی باج ، کەرکوک وەک ناوەندێک بەردەوام لەدەرەوەی شارەکە دەبینی سنوریان داناوە بۆ باج وەرگرتن هەم لە لایەن حکومەتی عیراقییەوە و لەم لاشەوە حکومەتی هەرێم، ئێمە دەبێت وابکەین ئیتر کەرکوک خۆی بتوانێت ئەو داهاتە بۆ خۆی وەربگرێت، لە هەرچواردەوری کەرکوکدا زەوی کشتوکاڵی زۆر هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی لە رابردوو حکومەتی بەعس هەموو ئەو گوندانەی لە دەستی کورد و پێکهاتەکانی دیکە دەرکردوە و دوایی ڕوخانی تا ئێستا بەرنامەیەک نەبوو، کە چۆن ئەو گوندانە ئاوەدان کەینەوە لە بواری کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ و سەرچاوەی ئاویی، لەگەڵ ئەمەش سامانە سروشتیەکەیە لە نەوت و گاز و پێداویستیەکانی تر و ئێمە دەتوانین لەم سێکتەرانە کار بکەین، هەر کۆمپانیایەکی بیانیی لێرە کار بکات، پێویستە پابەندبن بە پاکوخاوێنی و ژینگەپارێزی شارەکە، کریکار و ئەندازیار و ئەوانەی بۆ کارەکان پێویستیانە دەبێت خەڵکی شاری کەرکوک بن.

 

-بۆ پێکهێنانی ئەو خاڵانەی باستان کرد، چ خەباتێک دەکەن، ئاخۆ نزیکایەتی گەل چۆنە؟ پێتان وایە سەرکەوتووبن؟

 

"باوەڕمان بە خۆمان هەیە، فستیڤاڵی گەورەی سەرکەوتن دەگێڕین"

 

حسێن کەرکوکی: دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو لایەنە سیاسییانەی کەرکوکیان بە دڵ و بە قودس دانا بینیمان خەڵک و ئەو شارەیان بەجێهێشت، بۆیە ئیتر خەڵک لێیان رەنجا و دەنگیان پێنادەنەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین نوێنەری ڕاستەقینەوەی ئەو خەڵکە بین، باوەڕیشمان بە خۆمان هەیە، وەک کاندید و وەک لیستەکەش کە ئێمە بتوانین لە کەرکوک دەنگی باش بهێنین بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێین ئێمە داکۆکیکەری مافی ئێوەین و ئێمە خاوەنداری لە ئێوە دەکەین، ئێمە هەڵگری دروشمی پێکەوە ژیان و گەڕاندنەوەی شکۆی کەرکوکین تا لە بن هەژموونی هەر لایەنێک بێت دەریبکەین و بیگەڕێنینەوە بۆ ئیرادەی خەڵکی شارەکە، بۆیە لەو باوەڕەداین لە ١٢ی ئایار فیستیڤاڵێکی گەورە دەبێت لە کەرکوک، کە خەڵک دەنگ دەدات بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی ئەویش کە نوێنەری لیستی نەوەی نوێیە بە ژمارە ١٢٠.

 

-بانگەوازییان بۆ گەل چییە؟

 

"دەنگ بەو لایەنە بدەن، کە ڕاستگۆبووە لەگەڵیان"

 

حسێن کەرکوکی: بانگەوازیی ئێمە بۆ هەموو خەڵک و دانیشتوی شاری کەرکوک ئەوەیە، کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە لەگەڵ ئەوان راستگۆبووە نەک ئەو کەسانەی کە کەرکوکیان بەم دۆخە گەیاندوە کە ئێستا تیایەتی.

 

حسێن کەرکوکی کێیە؟

 

حسێن محەمەد رەشید ناسراو بە (حسێن کەرکوکی)، لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری کەرکوک لە دایکبووە و هەر لە کەرکوک ژیاوە، هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە ئەلیکترۆن، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانە، ئێستاش کاندیدی ژمارە یەکە لە سەر لیستی نەوەی نوێ بە ژمارە ١٢٠.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin