Smiley face
Smiley face
Smiley face

گه‌شتیاران: پێویستە ژینگه‌پارێزیى بکه‌ینه‌ که‌لتور

2018-04-28 09:01:23



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


به‌شێک له‌ گه‌شتیارانى هه‌ورامان ده‌ڵێن، ده‌بێت ژینگه‌پارێزیی بکه‌ینه‌ که‌لتور و هه‌موو شوێنێک وه‌کو ماڵى خۆمان ببینین.


به‌ هاتنی وه‌رزی به‌هار و بوونی چه‌ندین شوێنی گه‌شتیاری و سروشتی ڕازاوه‌ی باشوری کوردستان و به‌تایبه‌ت پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ی هه‌ورامان، گه‌شتیارێکی زۆر ڕوو له‌ ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن.


سه‌نگین کاکه‌یی، که‌ بۆ گه‌شت ڕووى له‌ هه‌ورامان کردبوو، بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ى کرد و وتی: ژینگه‌ به‌شێکه‌ له‌ ژیان و به‌هاتنی وه‌رزی به‌هاریش ڕوو له‌ سه‌یرانگا و سروشتی ناوچه‌ی هه‌ورامان به‌ تایبه‌تی ده‌که‌ین و به‌ بونی پاکوخاوێنی شوێنه‌کانیش ئاسوده‌ ده‌بین، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و که‌لوپه‌ل و پاشماوانه‌ی که‌ دوای گه‌شته‌که‌مان کۆیان بکه‌ینه‌وه‌ و له‌ شوێنێکی دیاریکراو دایبنێین یاخود له‌گه‌ڵ خۆمان بیبنه‌وه‌ و له‌و شوێنانه‌ی که‌ پاشماوه‌کان کۆده‌کرێته‌وه‌ فڕێیان بده‌ین.

 


وتیشی: سه‌رباری ئه‌رکداربوونی هاوڵاتیان و گه‌شتیاران له‌ پارێزگاری ژینگه‌ و ناوچه‌ گه‌شتیاره‌کان، پێویسته‌ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی وه‌ک گه‌شتوگوزار و شاره‌وانیش هاوبه‌شی ئه‌و ئه‌رکه‌ ببن و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ناو شار پێی ئه‌رکدارن به‌شێکیشی بهێننه‌ ناو سه‌یرانگاکان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ سه‌یرانگا و ژینگه‌ی کوردستان به‌ پاکوخاوێنی بمێنێته‌وه‌.


سه‌لام مه‌حمود، گه‌شتیارێکى دیکه‌ى هه‌ورامان، بۆ ڕۆژنیوز باسى له‌وه‌ کرد: ده‌بێت ئه‌و ژینگه‌پارێزییه‌ بکه‌ینه‌ نه‌ریت و کلتورێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان له‌ئاست خۆمانه‌وه‌ پارێزگاری له‌ ژینگه‌ و سه‌یرانگاکانمان بکه‌ین و گه‌شتیارانی دوای ئێمه‌ که‌ دێن به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ گه‌شته‌که‌یان ئه‌نجام بده‌ن.

 


ئه‌و گه‌شتیاره‌ ئه‌وه‌شى وت: ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌رکێک نییه‌، به‌ڵکو واجبێکی هه‌موو تاکێکه‌ که‌ پاکوخاوێنی ژینگه‌ بپارێزێت و بۆ هه‌ر شوێنێک که‌ ده‌ڕوات وه‌کو ماڵی خۆی سه‌یری بکات، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه‌ له‌ دره‌خت و سه‌وزایی و کانی بیپارێزێت.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin