Smiley face
Smiley face
Smiley face

پیلانەکانی دەوڵەتی تورک داگیرکردن و قڕکردنی کوردستانە..بەشی پێنجەم

2018-04-27 09:32:57



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

كۆمپانیا توركییەكان بەشێوازی جیاواز ئابووری هەرێمی كوردستان تاڵان دەكەن، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاماژە بەوەدەكەن، كە لەسەدا ٤٠ی هەموو ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی كوردستانن، كۆمپانیای توركی-ین، دەشڵێن: كۆمپانیا بیانییەكان كاریگەریی نەرێنییان هەبووە لەسەر ئابووریی هەرێم.

 

دەوڵەتی تورك بە شێوەی جیاواز هەوڵی داگیركردنی هەرێمی كوردستان دەدات، یەكێك لەو ڕێگایانەش ڕێگای ئابوورییە، لەو ڕێگایەوە هەرێمی كوردستانی كردووەتە بازاڕی ساخكردنەوەی كاڵاكانی و لە ڕێگای كۆمپانیاكانیشیەوە، داهاتی هەرێم بەتاڵان دەبات.

 

كۆمپانیا توركیەكان چ كارێك دەكەن لە هەرێمی كوردستان؟

 

بەگوێرەی وتەی سۆران ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی كۆمپانیاكانی سلێمانی، نزیكەی لەسەدا ٤٠ی ئەو كۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كۆمپانیای توركین، دەشڵێت، كە لە پارێزگای سلێمانی ٥٠٠ كۆمپانیای بیانی تۆماركراوە، لەو ڕیژەیەش بەهەمان شێوە لەسەدا ٤٠ی توركین.

 

كۆمپانیا توركییەكان لە هەرێمی كوردستان لەبوارە جیاوازەكاندا كار دەكەن، كە سەرەكیترینیان بریتییە لە كاركردن لە كێڵگە نەوتییەكان و كاركردن لەبواری بیناسازی و بواری پەیوەندیی ڕێگاوبان و بەرهەمهێنانی كەرەستەی بیناسازی و كەلوپەلی ناوماڵ.

 

 

كۆمپانیای جەنەڕان ئێنەرجی توركی لە كێڵگەی تاوگێ‌، كاری دەرهێنانی نەوت دەكات، كە ئێستا گەورەترین بیرە نەوتە كە لەژێر دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت، زۆرێك لەو كۆمپانیایانەی دیكە لە بواری بیناسازی و بەرهەمهێنانی كەرەستەی بیناسازی و بواری پەیوەندی و ئایتی و ئەلیكترۆنیدا كار دەكەن.

 

 

كۆمپانیا بیانییەكان زیانیان بە ئابووری هەرێم گەیاندووە

 

هەر بەپێی وتەی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی كۆمپانیاكانی سلێمانی، كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان نەیانتوانییوە سوود بە هەرێمی كوردستان بگەیەنینن، دەڵێت، كە  كۆمپانیا بیانییەكان بەشدارن لە دروستكردنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

 

سۆران ئەحمەد پێوایە، کە كۆمپانیا بیانییەكانی كاریگەری نەرێنیان هەبووە لەسەر هەرێمی كوردستان، پێویستە حكومەت دەست بە ڕێكخستنی سێكتەرەكانی ئابووری بكاتەوە و لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیەكان كار بكات، چونكە دەتوانێت ئەو فشارانەی دەیەوێت بیخاتە سەر كۆمپانیا ناوخۆییەكان، بەڵام ناتوانێت فشاری پێویست لە كۆمپانیا بیانیەكان بكات.

 

كۆمپانیا ناوخۆییەكان دەتوانن كاری كۆمپانیا توركییەكان بكەن

 

زۆرینەی كۆمپانیا توركییەكان لە هەرێمی كوردستان كاری بیناسازی و بەرهەمهێنانی كەرەستەی بیناسازیی ئەنجامدەدەن، هەروەها هەندێكیشیان لە بواری بەرهەمهێنانی كەلوپەلی ناوماڵدا وەك كەوانتەر و ژووری نووستن و قەنەفەدا كار دەكەن، لەگەڵ كاری ڕێگاوبان.

 

لەبورای بیناسازیدا چەندین كۆمپانیای ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستاندا، هەیە كە دەتوانن كاری بیناسازی لە كۆمپانیا توركییەكان باشتر ئەنجامبدەن، بەپێی وتەی سۆران ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی كۆمپانیاكانی سلێمانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە پێنج هەزار و ٦٠٠ كۆمپانیای ناوخۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ٥٠٠ كۆمپانیای بیانیی هەیە، لەو ڕێژەیەش كەمتر لەنیوەی كۆمپانیای توركین.

 

 

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە ڕۆژنیوز ئەنجامیداوە، زۆرینەی كارە گەورەكان لەبواری بیناسازیدا و زۆرینەی كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیای توركیەوە ئەنجامدەدرێت، ئەمەش وەبەرهێنە ناوخۆییەكانی نیگەرانكردووە و بە ڕێكکەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیای دەزانن، چونكە پێیان وایە هیچ كارێك نییە كە كۆمپانیا توركیەكان بتوانن ئەنجامیبدەن و كۆمپانیا ناوخۆییەكان نەتوانن ئەنجامیبدەن.

 

هەروەها لەبواری بەرهەمهێنانی كەلوپەلی بیناسازیدا، چەندین كۆمپانیای خۆماڵی هەیە كە توانای بەرهەمهێنانی زیاتریان هەیە لە كۆمپانیا توركییەكان، بەڵام بەگوێرەی وتەی خاوەن كارگەكان، بەهۆی ئەوەی كارە گەورەكانی بیناسازی كۆمپانیا توركییەكان وەریدەگرن، كەرەستەكانیش لە كۆمپانیاكانی خۆیان دەكڕن و كار لەگەڵ ئەو كارگانەدا ناكەن كە خاوەنەكانیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

 

 

كۆمپانیا توركیەكان كاری سیخوڕی دەكەن

 

بەدەر لەوەی كۆمپانیا توركییەكان كاری بیناسازی و كاری وەبەرهێنانی كەرەستەی بیناسازیان لە هەرێمی كوردستان قۆرغكردووە، گومان دەكرێت كە كاری سیخووڕیی بۆ دەوڵەتی تورك ئەنجامبدەن، چونكە زۆرێك لەو كۆمپانیانە كۆمپانیای سەر بە دەزگای میتی توركی و سوپای توركیان، لە پەنای كاری بازرگانی و وەبەرهێناندا، كاری سیخوڕیش ئەنجامدەدەن، بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز زۆرێك لە خاوەنی ئەو كۆمپانیایانە كەسانی نەتەوەپەرستی توركن.

 

 

كرێكارێك كە خەڵكی باكوری كوردستانە لە كۆمپانیایەكی توركی لە شاری هەولێر كاریكردووە، كە لەبەر سەلامەتی گیانی ناوەكەی ئاشكراناكەین، بە ڕۆژنیوزی وت، لەناو كۆمپانیاكەی ئەواندا قسەكردن بە زمانی كوردی قەدەغەیە و خاوەنی كۆمپانیاكە سزای ئەو كەسانە دەدات كە بە كوردی قسەدەكەن.

 

ئەگەر نمونەی ژیانی ئەو كرێكارە كوردە و ئەو خاوەن كارە نەتەوەپەرستە توركە وەربگرین، گومانمان لەوە نامێنێت كە كۆمپانیا توریەكان كاری سیخوڕیش بۆ دەوڵەتی توركیا ئەنجامدەدەن، ڕەنگە لەو بیناو باڵەخانانەی كە دروستیدەكەن، چەندین ئامێری سیخوڕییان چاندبێت، چونكە بەرلەئێستا لە وڵاتی توركیا ئەو كۆمپانیایانەی سەر بەدەزگای هەواڵگری میت-ن، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی دەزگای میت، لە چەندین باڵەخانەدا ئامێری دەنگهەڵگریان داناوە و سیخوڕییان بەسەر خەڵكی نێو باڵەخانەكانەوە كردووە.

 

ئەنجام

 

ئەوەی كە دەكرێت وەك ئەنجامێك دەستمان بكەوێت لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەیە، كە توركیا لە ڕێگای كۆمپانیاكانیەوە بەشداربووە لە تاڵانكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان و بردنەدەرەوەی پارەی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ئەوەش بە وەرگرتنی كارە بیناسازییە گەورەكان و ڕێگاوبان و دروستكردنی پرد، بەتایبەت لەو ساڵانەی كە ئابووری هەرێمی كوردستان ڕووی لە هەڵكشان بوو، ئێستاش كە هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی ئابووریی گەورە هاتووە، كۆمپانیا توركییەكان دەستیان بە كشانەوە كردووە، وەك بەڕێوبەری كۆمپانیاكانی سلێمانی ئاماژەی پێكرد، لەسەدا ٧٠ی كۆمپانیا بیانییەكان لە ساڵی ٢٠١٨ دا سەردانیان نەكردووە بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكەیانن، ئەوەش بەواتای ئەوەیە كە كشاونەتەوە و چاوەڕوانی ئەو كاتەن كە ئابووری هەرێم ببوژێتەوە و دووبارە دەست بە تاڵانكردنی ئابووریەكەی بكەنەوە.

 

دۆسیە بەردەوامیی دەبێت...

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin