Smiley face
Smiley face
Smiley face

هۆشداریی لە زیادبوونی هاوسەگیریی پێشوەختە دەدرێت

2018-04-26 18:54:19



ڕۆژنیوز - هاوڕێ کرێکار

 

لە پانێڵێکدا لە شارۆچکەی کەلار، هۆشداریی لە زیادبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە درا و ئەوە خرایەڕوو، کە زۆرینەی ئەو هاوسەرگیرییانەی کە لەپێش تەمەنی ستانداردەوە ئەنجامدەدرێن، بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت.

 

ئێواری ئەمڕۆ، ڕێکخراوی مەسەلـلە بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان، بە هاوبەشیی لەگەڵ ڕێکخراۆی upp ی ئیتالی، لە هۆڵی هۆتێل لەندەن ئایی، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، پانێڵێکیان لەسەر هاوسەرگیری پێشوەختە ئەنجامدا.

 

شلێر عومەر، بەرپرسی ماڵی داڵدەدانی ژنان لە گەرمیان، لە پانێڵەکەدا وتی: هاوسەرگیری پێشوەختە ڕووی لەزیادبوون کردووە، لە سێ کەیسدا کە دێتە بەردەستمان، کەیسێکیان هاوسەرگیری پێشوەختەیە،

 

وتیشی: هۆکاری بەشێکی زۆری جیابوونەوەکان، زۆرکردنە لە کچان لە لایەن کەسوکاریانەوە بۆ ئەوەی کە هاوسەرگیریی بکەن، کە دوای ماوەیەک پێکەوەبوون، لەبەر تێنگەیشتنیان لەیەکتر جیادەبنەوە.

 

دواتر، سەباح محەمەد، مامۆستایی ئاینی، قسەیکرد و وتی: لە ئاینی ئیسلامدا هیچ ساڵێک دیارینەکراوە بۆ بە شوودانی کچان، تەنها ئاماژە بەوە دراو، کچ گەیشتە کاتی بلوغ، واتە لەڕووی جەستەیی و عەقڵییەوە کامڵ بوو، ڕێگاپێدراوە کە بەشوو بدرێت.

 

هەر لە پانێڵەکەدا، ئەحمەد کاوانی، چالاکوانی مەدەنیی، وتی هۆکارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی بە چەند خاڵێک خستەڕوو و وتی: خراپی باری ئابووریی، شەڕ و چاولێکەریی، هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە.

 

لە کۆتاییدا، سەیران عومەر پارێزەری کارا لە دادگای کەلار، وتی: یاسا بەهیچ شێوەیەک ڕێگا نادات لە خوار تەمەنی ۱٨ ساڵییەوە کچ بەشوو بدرێت، بەڵام لە کەیسەکانی جیابوونەوەدا، بۆمان دەرکەوتووە کە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

 

سەیران عومەر، وتیشی: پێویستە لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی ژنان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی ئاینییەوە، کار بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و دایکان و باوکان بکرێت، تا ڕێگریی لە زۆربوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە بکەن.

 

دواتر دەرگای گفتوگۆ لەنێوان ئامادەبووان و میوانەکانی پانێڵکە کرایەوە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin