Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە سلێمانی دیبەیتێک بۆ کاندیدەکان بەڕێوەچوو

2018-04-26 16:45:26



ڕۆژنیوز - سلێمانی

 

تۆڕی لیدەر، دیبەیتێکی بۆ ژمارەیەک کاندیدی لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و تێیدا پەیام و کارنامەی خۆیان خستەڕوو.

 

کاتژمێر ٠٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، تۆڕی لیدەر بەئامانجی گەیاندنی پەیامی کاندیدەکان بە دەنگدەران، پانێڵێکی بۆ ھەریەک لە دکتۆر ئەمین بەکر، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان، دکتۆر حسێن حەمەئەمین، کاندیدی نەوەی نوێ، دکتۆر موئمین زەڵمی، کاندیدی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی، دکتۆر ڕێبین محەمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لە ھۆڵی سەعد شێخ تەیب، لە شاری سلێمانی سازدا.

 

لە دیبەیتەکەدا، دکتۆر ڕێبین محەمەد، ئاماژی بە پەیامی پارتی کرد، کە بەوتەی خۆی:"جێبەجێکردنی دەستوور و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەدەستھێنانی بودجە دەبێت".

 

 

هەروەها، دکتۆر ئەمین بەکر، ئاماژەی بە ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕان کرد، کە بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانە، ھەروھا ئاماژەی بەوەکرد، کە بزووتنەوەی گۆڕان ھەوڵ دەدات بە سوودوەرگرتن لە داھاتی گشتیی عێراق، بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەستبھێنێت.

 

 

دکتۆر موئمین زەڵمی، ئاماژەی بە پەیامی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسیی و دادپەرویی کرد، کە باشکردنی بژێوی و باری گوزەرانی خەڵکە، لە ڕێگای ئیدارەکردنێکی باشەوە، ھەروەھا بەدەستھێنانی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەڕێگای دبلۆماتیی و سیاسەتی ئاقڵانییەوە.

 

 

دواتر دکتۆر حسێن حەمەئەمین، ئاماژەی بە پەیامی نەوەی نوێ کرد و وتی، کە ئەوان دەیانەوێت لەڕێگای ھێنانەپێشەوەی نەوەیەکی نوێی سیاسیی و "وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەم سیاسییە ناکارامانە، مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەستبھێنین و داھاتی خەڵک بۆ خەڵک بگێڕینەوە".

 

 

شایەنی باسە لە دیبەیتەکەدا ململانێ و ھەڵچوون لە نێوان کاندیدەکاندا ڕوویدا، بەهۆی ئەوەی کە نوێنەری پارتی کاندیدەکانی دیکەی تۆمەتبار دەکرد بە عێراقچێتی و ڕاکردن بۆ باوشی عێراق، نوێنەری لایەنەکانی دیکەش، پارتییان تۆمەتبار دەکرد بە ڕیفراندۆمچی و لەدەستدانی خاکی کوردستان، ھەروەھا نوێنەری نەوەی نوێ دەسەڵاتی ئێستای ھەرێمی کوردستانی بە شکستخواردوو ئەژمار دەکرد.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin