Smiley face
Smiley face
Smiley face

چەند فەیلەسوفێکی گەورەی جیهان بانگەوازییەکیان بۆ ڕۆژئاوا بڵاکردەوە

2018-04-25 13:31:38



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

چەند فەیلسوفی گەورەی جیهان، نامەیەکی کراوەیان بە ناوی "بانگەوازییەک بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوا" بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازیی حکومەتی ئەمریکایان کرد، کە بە گەمارۆی ئابوری و سیاسیی تورکیا پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.

 

دێبی بۆکچین، نوام چۆمسکی، مایکل هارت، جودیێت باتلێر، دەیڤید هاروی و چەندین بیرمەند و فیلسوفی دیکەی جیهان نامەیەکی کراوەیان بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و بایکۆتکردنی حکومەتی تورک بڵاوکردەوە.

 

لە نامەکەدا هاتووە: ماوەیەک پاش ڕزگارکردنی ڕەقە لە چنگی داعش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، حکومەتی تورک هێرشی کردە سەر کانتۆنی عەفرین، کە بەشێکی خاکی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریایە، شەڕڤانان ناچاربوون بەرەکانی شەڕ لەگەڵ داعش بەجێبێڵن و بگەڕێنەوە بۆ بەرگری لە خاک و خانەوادەکانیان لە عەفرین، پاش ئەوەی ئاسمانی عەفرین بە سەر هێڕشە ئاسمانییەکانی تورکیادا کرایەوە، بەرخۆدانی عەفرین کەوت و کارەساتێکی دیکەی مرۆیی ڕوویدا، سەدان هەزار هاوڵاتی لە ترسی سوپای تورک و گروپە جیهادییەکانی هاوکاری، لە عەفرین ئاوارەبوون و شارەکەیان بەجێهێشت.

 

لە بەردەوامیدا هاتووە: ئاوارە عەفرینییەکان لە ئێستادا بەبێ ئەوەی دەرفەتی پێویست بۆ ژیانیان هەبێت لە چۆڵەوانیدا دەمێننەوە، ئەوانەی لە عەفرینیش ماونەتەوە هەمان تاوان و پێشێلکاری و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر کە چەتەکانی داعش لە شەنگال بە سەر ئێزدییەکانیان هێنا، لانیکەم ١٥ کچ ڕفێندراون و خانەوادەکانیان نیگەرانن وەک کۆیلەی سێکسی لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێن.

 

ڕاشیانگەیاندووە: ئێمە کۆمیتەیەکی بەپەلەمان پێکهێناوە بۆ هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی خەڵکی عەفرین.

 

ئاماژە بەوەشدراوە، کە تورکیا هێڕشی کرووەتە سەر ناوچەیەک لە باکوری سوریا کە پەناگەی دەیان هەزار ئاوارەی سوری بوو تێیدا مافەکانی ژنان و خۆبەرێوبەری و یاساکانی سێکولار جێبەجێ دەکرا، تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە هێرشی کردووەتە سەر پشتیوانانی تیرۆریزم لە عەفرین، بەڵام ئایا ئەو هێزانەی پێشەنگایەتیی هێزە ئەمریکییەکانیان کرد لە شەڕی دژی داعش دا تیرۆریستن؟.

 

لە بەردەوامیدا ئاماژە بە پیلانی حکومەتی تورک بۆ پاکتاوکردنی کورد دراوە و هاتووە: قبوڵکردنی هێرشی ئەردۆغان لەلایەن ئەمریکاوە، بە واتای تێوەگلان لە پیلانی ئەردۆغان بۆ پاکتاویی نەژادیی کوردە لە عەفرین، کە چەندین سەدەیە لەو ناوچانە دەژین، هەروەها بە واتای قبوڵکردنی بنبڕکردنی دیموکراسییەکە کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەڕێوەدەچوو و پێش دەکەوت.

 

باس لەوەش کراوە، کە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە پیلانەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی منبیج و باشوری کوردستان، هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بەم شێتییەی تورکیا و سوود گەیاندنی بە داعش، دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تورکیا گۆشەگیربکات و سوپایەک پێکبێت بۆ پاشەکشەکردن بە تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان، تا ئەو کاتەی کە تورکیا بەو شێوەیە نکۆڵی لە مافی گەلی کورد بکات، ئەگەری پێکهاتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا نییە، داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەین، کە گەمارۆی ئابوری و سیاسی بخاتە سەر تورکیا و قەدەغەی فڕۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە تورکیا بکات، هەروەها پێداگربێت لە هەبوونی ڕۆژئاوا لە دانوستانەکانی سوریا، بۆ پێکهێنانی ئاشتی و بەردەوام بێت لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە.

 

لە کۆتایی ئەو نامەیەدا هاتووە، کە تکایە بەشدارمانبن لەو داواکارییەدا بۆ حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر حکومەتی تورک بۆ کۆتاییهێنان بە زۆردارییەکانی و پێکهاتنی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بۆ بینینی بابەتەکانی دیکە لەو بارەیەدا سەردانی ماڵپەڕی http://www.defendrojava.org/ بکەن.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin