Smiley face
Smiley face
Smiley face

کام هەڵبژاردن دیموکراتیترە؟

2018-04-25 10:43:47



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

حکومەتی عێراق کە ١٥ ساڵە لە کێشمەکێش و ئاڵۆزیدایە لە مانگی ئایاردا و حکومەتی تورکی ٩٥ ساڵەش لە مانگی حوزەیراندا بەرەوپیری هەڵبژاردن دەچن، لە عێراق کۆتاکانی ژنان و کەمەنەتەوەکان مافی هەڵبژێدرانیان هەیە، لە تورکیا لە دۆخی نائاسییدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەک لە حزبەکان و کەمەنەتەوەکان بۆیان نییە بەشداربن لە هەڵبژاردندا.

 

لەم ڕۆژانەدا ڕۆژەڤی سەرەکیی عێراق و تورکیا هەڵبژاردنە، ١٢ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ٢٤ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچن.

 

کاتێک یاساکانی هەڵبژاردن لە عێراق و تورکیا بەیەکەوە بەراورد دەکەین، چەند خاڵی سەرنجڕاکێش دەبینین، لەوێدایە کە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە کامە لەو هەڵبژاردنانە دیموکراتی ترن؟.

 

هەرچەند لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەهۆی دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکاوە، حکومەتێکی نوێ لە عێراقدا دامەزرا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا عێراق لە قەیران و ئاڵۆزیدا بووە، لە چوار ساڵی ڕابردووشدا ڕووبەڕووی هێرشی چەتەکانی داعش بووەتەوە، عێراق لە دۆخێکی وەهادا بەرەوپیری هەڵبژاردن دەچێت، ٨٨ لیست و شەش هەزار و ٩٠٤ کاندید بۆ بە دەستهێنانی ٣٢٩ کورسی بەشداریی پێشبرکێکانی هەڵبژاردن دەکەن، چوار هەزار و ٥٥٠ی کاندیدەکان پیاون و دوو هەزار و ٥٤یش ژنن.

 

سەرەڕای هەموو ناکۆکی و ئاڵۆزییە ناوخۆکانی عێراق، کاتێک سەیری یاساکانی هەڵبژاردن دەکەین، دەبینین کە ئەو یاسایانە بە گوێرەی پێوەرە دیموکراتییەکان دیاری کراون، لەلایەکی دیکەوە، ١٤ ساڵە دانوستان و نرخاندن لە سەر خاڵی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەکرێت، بەڵام هێشتا هیچ لە بارەیەوە ڕوون نەکراوەتەوە.

 

لە وڵاتی دراوسێ عێراقدا، واتە تورکیا کە مێژوویەکی ٩٥ ساڵی بە پشتی خۆیەوە بەستووە، ١٦ ساڵە ئاکەپە دەسەڵاتداریی وڵاتەکەی بە دەستەوەیە، ئاکەپە کە بانگەشەی ئەوە دەکات وڵاتی گەیاندوەتە ئاستی مەدەنییەتی پێشکەوتوو و دیموکراتی، بەڵام یاساکانی هەڵبژاردنی پڕن لە قەدەغە و ئاستەنگی و بەربەست.

 

٨٨ لیست لە عێراقدا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، لەو لاوە لە تورکیا بۆ ئەوەی حزبێک بتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە دەبێت ١٠٪ دەنگەکان بە دەست بێنێت.

 

لە پەرلەمانی عێراقدا ٤٥ کورسی بۆ ئەو حزبانە دانراوە، کە ناتوانن بە ڕێژەی دەنگ بچنە ناو پەرلەمانەوە، هەروەها نۆ کورسی بۆ کەمەنەتەوەکان دیاریکراوە، واتە شەش کورسی بۆ کریستیانییەکانی بەغدا، موسڵ، هەولێر، کەرکوک و دهۆک، کورسییەک بۆ ئێزدییەکانی پارێزگای نەینەوا، کورسییەک بۆ کوردانی شەبەک لە موسڵ و کورسییەکیش بۆ سابیئە مەندایی-ەکان

 

لە بەرامبەردا، سەرەڕای ئەوە ژمارەیەکی زۆر زمان، کلتور و کەمەنەتەوە لە تورکیا دا دەژین، هیچ کورسییەکیان لە پەرلەماندا بۆ دانەنراوە.

 

لە پەرلەمانی عێراقدا، مەرجە کە ٢٥٪ی پەرلەمان لە ژنان پێک بێت، بەڵام لە کۆی ٦٠٠ کورسیی پەرلەمانی تورکیا هیچ کورسییەک بۆ ژنان دانەنراوە.

 

کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی عێراقدا بە گوێڕەی ڕیزی لیستەکان هەڵدەبژێڕدرێن، هاوکات ئەگەر کاندیدێک دەنگی پێویستی بدرێتێ لە هەر ڕیزێکدا بێت هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی تورکیادا سەرەڕای ئەوەی کە کاندیدەکان تەنیا لە رووی ڕیزی لیستەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەگەر لیستێک ١٠٪ی کۆی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت هیچ کامە لە کاندیدەکانی ڕەوانەی پەرلەمان ناکرێن.

 

سیستمی دەنگدان لە عێراق بە شێوەی بایۆمەتری بەڕێوەدەچێت، ئەو هاوڵاتیانەش کە ناتوانن سیستمی بایۆمەتری بەکاربێنن کارت دەنگدانی ساڵی ٢٠١٤یان بەکاردێنن، ئەو سیستمە وا دەکات کە هیچ هاوڵاتییەک نەتوانێت دوو جار دەنگ بدات، لەلایەکی دیکەوە لە ٥٢هەزار ناوەند سەندوقی ئەلەکترۆنی دانراوە بۆ دەنگدان.

 

بەگوێرەی ئەو یاسایەنی لەم دواییانەدا لە تورکیا دانراوە، هێزە ئەمنییەکانی سەر ناوەندەکانی دەنگدان دەتوانن  و بۆیان هەیە بە ئاسانی دەستێوەردانی سیستمی دەنگدان بکەن، لەو سیستمەدا سەندوقەکان بە بەهانەی ئاسایش و ئەمنییەت لە ناوەندی دەنگدان کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە شوێنی دیکە.

 

لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی تورکیادا ٥٧ ملیۆن کەس بۆیان هەیە دەنگ بدەن، دەوترێت کە بۆ ئەو ٥٧ ملیۆن کەسە ٥٠٠ ملیۆن وەرەقەی دەنگدان ئامادەکراوە، دەستەی باڵای هەڵبژاردن ٣٥٧ ملیۆن لەو وەرەقانەی ئاشکراکردووە، واتە بە ئاسانی ئەگەری جێگۆڕکێکردن بە دەنگەکان هەیە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin