Smiley face
Smiley face
Smiley face

گەنجان ئومێدیان بە كاندید و لیستی نوێ‌ هەیە

2018-04-25 09:55:04



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

گەنجان هیوایان بە حزب و كاندیدەكانی پێشوو نەماوە و ئومێدیان بە لیست و كاندیدانی نوێ‌ هەیە كە هەڵگریی دروشمی یەکڕیزیی نەتەوەیین، كاندیدێكی نەوەی نوێش دەڵێت: لەڕێگەی دەستورەوە ناوچە دابڕاوەکان دەكەینە ئارامترین شوێن بۆ پێكەوەژیان.

 

دوای تێپەڕبونی سێ‌ خول بەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشداری حزب و پەرلەمانتارە كوردەكان، وەك پێویست نەیانتوانیوە دەستەبەری مافەكانی گەل و پارێزگاری لە خاكی باشوری كوردستان بکەن، بۆ ئەم خولەش کە بڕیارە ١٢ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چەند لیست و كاندیدێكی نوێ‌ بەشداری دەکەن و هاوڵاتیانیش ئومێدیان پێیانە.

 

سەركەوت سڵێمان، گەنجێكی دانیشتوی شارەدێی سیروانی سەر بەپارێزگای هەڵەبجەیە و بۆ ڕۆژنیوزی وتی:"لە ڕابردوودا گەنجان و ژنان بەپلەی یەكەم پەراوێز خراون و هیچ خزمەتێكیان بۆ نەكراوە لەلایەن حزب و پەرلەمانتارە جیاوازەكانەوە، بۆیە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئومێدی تەواومان بە كاندیدانی تەڤگەری ئازادییە لە لیستی نەوەی نوێ هەیە، كە كار بۆ ئێمەی گەنجان بكەن و دەنگی خۆمانیان پێ‌ دەدەین".

 

 

وتیشی:"ئەو دروشم و هەنگاوانەی كاندیدانی لیستی نەوەی نوێ و بەتایبەت تەڤگەری ئازادی جێگەی ئومێدی ئێمەن، كە لەماوی ٢٧ ساڵی ڕابردوو حكومەتی هەرێم و تەواوی حزبەكان نەیانتوانیوە پێش لە هاتنی سوپای بێگانە بەتایبەت توركیا بگرن، تەنها تەڤگەری ئازادی نەبێت كە هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ دژایەتیكردنی ئەو داگیركارییانە، ئێستاش ئومێدمان پێیانە لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوی جدی بۆ بنێن".

 

باوەڕ عەبدولرەحمان، كە بۆ یەكەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكات و دەتوانێت دەنگ بدات، بە ئومێدەوە باس لە ڕۆڵ و كاریگەری لیست و كاندیدەكانی نەوەی نوێ دەكات و دەشڵێت: خەڵكی باشوری كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا كە نوێنەریان ناردووەتە پەرلەمان نەبونەتە جێگەی ئومێدی گەل، بۆیە دەنگ و متمانەی خۆم بەو كاندیدە نوێیانە دەدەم كە دروشمی نەتەوەیی و پارێزگاری لەمافی هاوڵاتیانیان هەڵبژاردووە".

 

 

باوەڕ وتیشی: باشوری كوردستان كەوتووەتە  ژێر هەڕەشەی داگیركاریی سوپای توركیا و هیچ هەڵوێستێكمان لەحزبەكان و دروشمی لیست و كاندیدەكانیان نەبینیوە كە لە پەرلەمان ئیشی لەسەر بكەن، لەبەرامبەردا تەنها كاندیدانی نەوەی نوێ و لەناویشیاندا كاندیدەكانی تەڤگەری ئازادی ئەو دروشمانەیان كردووەتە بنەمای كاری سەرەكییان و بونەتە جێگەی ئومێدی ئێمە.

 

لە بەرامبەردا كامەران گوڵپی، كاندیدی لیستی نەوەی نوێ‌ بە ڕۆژنیوزی وت:"هاوپەیمانییەتییەكەی جوڵانەوەی نەوی نوێ‌، تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسی گەل، كە هەڵقوڵاوی داخوازی گەلن و خاوەنی ڕابردووی پاكن و دەستیان نەبووە لەخیانەت و فرۆشتنی خاكی كوردستان، پلانی ستراتیژیمان بۆ خەڵكی ستەمدیدە و ناوچە جێناكۆكەكان هەیە، كە لەڕێگەی دەستوری عێراقی دەكەینە ناوچەیەكی ئارام كە تەواوی پێكهاتەكان بەئازادی بژین.

 

 

كامەران، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە: وێڕای شەرمەزاركردنی پێشێلكاری و داگیركاری سوپای توركیا لە باشوری كوردستان، لە پەرلەمانی عێراق داكۆكی لەپاراستنی سەروەری خاكەكەمان دەكەین و هەنگاو بۆ نەهێشتنی پەیوەندی حزبەكان بەپایتەختەكان دەدەین و ئەو پەیوەندییانە بەدیبلۆماسی دەكەین بە گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin