Smiley face
Smiley face
Smiley face

فۆتۆگرافەرێک لە ڕێگەی کامێراکەیەوە ڕاستینەی ژن دەخاتە ڕوو

2018-04-25 08:02:29



ڕۆژنیوز ـ سەمیرا شەهابی

 

ژنە فۆتۆگرافەرێک دەیەوێت لە ڕێگەی هاوێنەی کامێراکەیەوە ڕاستینەی ژن بگوازێتەوە و پەیامی شکاندنی ڕەگەزگەرایی بگەیەنێت.

 

ئەڤین ناسر، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانی و دەرچووی بەشی بازرگانیی پەیمانگای پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، ئەو بە ڕۆحسوکیی و کامێراکەی دەستییەوە دەناسرێتەوە.

 

ئەڤین، هیچ هەنگاوێک بۆ دەرەوەی ماڵەکەی بەبێ کامێرا نانێت و کامێراکەی دەستی وەک چاودێرێکی دڵسۆز لە مەراقی گواستنەوەی ژیانە بە جوانیی و ئێش و ئازارەکانییەوە بۆ بەر دیدی تەماشاچییان.

 

فۆتۆگرافەریی لەلای ئەڤین خولیایەکی جوانە و وەک خۆشی دەڵێت، دەیەوێت لە ڕێگای هاوێنەی کامێراکەیەوە ئەوەی لە واقعدا هەیە بیگوازێتەوە تایبەت بۆ ژنان، چونکە وێنە لە ڕێگای کامێراوە ئاوێنەدانەوەی چاوەکانە.

 

 

ئەڤین، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە لە ناو مەیدانی فۆتۆگرافەرییدا جێگای خۆی کردووەتەوە و سەرەتا بە وێنەی مۆبایل دەستێپێکردووە، ئێستاش لە پاڵ ئەو حەزەی کە هەیەتی، لە دوای تەواوکردنی خوێندن و بە هۆی نەبوونی هەلێکی کارەوە فۆتۆگرافەری وەک پیشەیەک بۆ دابینکردنی بژێویی بەکار دەهێنێت و بەشداریی لە فۆتۆ مۆدێل و بۆنە و ئاهەنگەکان دەکات.

 

ئەو ژنە فۆتۆگرافەرە، هەرچەندە ئەم کارەی کردووەتە پیشە، بەڵام بە هۆی کەم توانایی مادی نەیتوانیوە تا ئێستا ناوەندێکی تایبەت بە خۆی هەبێت و فرۆشتنی بەشێک لە کارەکانی وەک سەرچاوەیەکی مادی داناوە.

 

ئەڤین، کاری خۆبەخشیی دەکات و هەندێک جار ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت، بۆ خزمەتکردنی کەسانێک بەکاردەهێنێت، کە پێویستیان پێیەتی، لە ماوەی ڕابردوودا دوو پێشانگای لە ژێر ناونیشانی وەرینی نەریتەکان-دا کردووەتەوە، کە داهاتی پێشانگای دووەمی بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە تەرخان کرد، هەروەها، وەک فۆتۆگرافەرێکی خۆبەخش بۆ نەخۆشخانەی هیوا کاری کردووە و هەوڵیداوە بەوکارەی ئازارەکانی تووشبوانی شێرپەنجە کەم بکاتەوە.

 

ناوبراو، جگە لە فۆتۆگرافەریی بۆ ماوەی ساڵێک کاری ڕۆژنامەنووسی لە چەند گۆڤارێکی تایبەت بە ژنان-دا کردووە.

 

ئەو ژنە فۆتۆگرافەرە، لەبارەی کارەکانییەوە وتی: من پەیامی یەکبوون و تێکشاندنی ڕەگەزگەرایی دەگەیەنم، ئەوە دەسەلمێنم کە ژنان دەتوانن لە هەموو مەیدانێکدا کار بکەن و لە هەر کات و ساتێکدا بێت دەتوانن خەیاڵ و خەونەکانیان لە ژیانی حەقیقیدا بەرجەستە بکەن.

 

لەمپەرە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر بوارێدا بێت لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەری خۆی هەیە و بواری فۆتۆگرافەرییش بە تایبەت بۆ ژنان لەو لەمپەرانە بە دەر نییە، هەرچەندە کۆمەڵگای ئێمە ئامادەیی ئەو دۆخەی نییە کە ژنێک وەک فۆتۆگرافەرێک، هاوشێوەی پیاوان قبوڵ بکات، بەڵام دیسان ژنان توانیویانە بە ئیرادەی خۆیان ئەو هەڵە تێگەیشتنانە ڕاست بکەنەوە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin