Smiley face
Smiley face
Smiley face

که‌نه‌که‌: پێویسته‌ کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌کان به‌ جینۆساید بناسرێت

2018-04-23 12:12:45



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (که‌نه‌که‌) بۆ ١٠٣هه‌مین ساڵیادی کۆمه‌ڵکوژکردنی ئه‌رمه‌نییه‌کان و گه‌لانی ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، ئێستاش کۆماری تورکیای میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانی، دوای ١٠٣ ساڵ هه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌ ئینکار ده‌کات.


سبه‌ینێ ٢٤ى نیسان، ١٠٣ ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژکردنى ئه‌رمه‌نییه‌کان له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه‌، که‌ له‌ ٢٤ى نیسانى ١٩١٥ ده‌ستى پێکرد و تا ١٩١٧ به‌رده‌وام بوو، له‌و دوو ساڵه‌دا هه‌زاران هاوڵاتى ئه‌رمه‌نى کۆمه‌ڵکوژ کران، له‌و باره‌یه‌وه‌ که‌نه‌که‌ لێدوانێکى بڵاوکرده‌وه‌.


کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان-که‌نه‌که‌ ڕایگه‌یاندوه‌: ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و هاوکاره‌کانی له‌ ساڵی ١٩١٥دا کۆمه‌ڵکوژییان له‌ دژی مه‌سیحیه‌ نیشته‌جێکانی میزۆپۆتامیا و ئه‌نادۆڵ  ئه‌نجامدا، ژماره‌یه‌کی زۆری ئێزیدیش به‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌تی کۆمه‌ڵکوژییه‌ که‌وتن، له‌و قه‌تڵوعامه‌دا ڕێکخراوی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی، ته‌شکیلاتی تایبه‌ت، سواره‌ی حه‌میدییه‌، سوپای عوسمانی و ئه‌فسه‌ره‌کانی ناو سوپا به‌شداربوون.


که‌نه‌که‌ ده‌ڵێت: هه‌موو پێکه‌وه‌ تاوانێکی گه‌وره‌ی دژبه‌ مرۆڤایه‌تیان به‌ڕێوه‌برد. به‌ مه‌به‌ستی ڕیشه‌کێشکردنی مێژوویی و کلتوری گه‌لانی ئه‌رمه‌نی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچه‌که‌، کۆمه‌ڵکوژییه‌کی فراوانیان به‌ڕێوه‌برد، ئه‌م جینۆسایده‌ تاوانێکی دژی مرۆڤایه‌تییه‌ که‌ هه‌رگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.


له‌ لێدوانه‌که‌دا باس له‌وه‌ش کراوه‌: به‌ڵگه‌ی ئاشکرا و ڕوون سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌ڵکوژیی زیاتر له‌ ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هه‌ن، ئامار و سه‌رژمێرییه‌کانی خودی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنن. له‌ گه‌لی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر له‌ نیو ملیۆن کوژران. له‌ گه‌لی ئه‌رمه‌نیش زیاتر له‌ ملیۆنێک مرۆڤ به‌ شێوازێکی دڕندانه‌ و له‌ شوێنی جیاوازدا کوژران. به‌ سه‌دان هه‌زاریش به‌ پێی یاسای کۆچکردنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دوورخرانه‌وه‌ و بێسه‌روشوێن کران. به‌ ده‌یان هه‌زاریش له‌ ژن و کچ و مناڵ ئه‌نفالکران و به‌ زۆر کرانه‌ موسوڵمان.


که‌نه‌که‌ زیاتر نوسیویه‌تى: به‌ هه‌زاران خانوبه‌ره‌وه‌ و قوتابخانه‌ و کتێبخانه‌ و کڵێسا و کارگه‌ وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و مڵک ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراو تاڵان کران. به‌ ئاشکرا کوشتوبڕی گه‌لانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئه‌رمه‌نی و مال و ژیانیان حه‌ڵاڵ کران. ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ فه‌رمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئه‌تنیکی و ئاینی پێکهات.


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌: ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئه‌نادۆڵی داگیرکرد و سه‌دان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار له‌ ١٩١٥دا ئه‌و گه‌لانه‌ی قه‌ڵاچۆکرد. تا ئێستاش خوێن له‌و جینۆسایده‌ ئه‌چۆڕێ، ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ هات، ئه‌وه‌ سه‌د و سێ ساڵه‌ وه‌ک تراژیدیایه‌کی مه‌زن له‌ یاده‌وه‌ریی نه‌وه‌ نوێیه‌کانی ئه‌و گه‌لانه‌دا ده‌ژی.


که‌نه‌که‌ باسى له‌وه‌ش کردوه‌: ئێستاش کۆماری تورکیا که‌ میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌ دوای ١٠٣ ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌دا هه‌ر ئینکاری ده‌کات و دان به‌و ڕاستیه‌دا نانێ. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ تورکیا هاوبه‌شی ئه‌و تاوانه‌یه‌ و درێژه‌ به‌ جینۆساید ده‌دات. له‌ یادی ١٠٣ ساڵه‌ی ئه‌و جینۆسایده‌دا داوا له‌ کۆماری تورکیا ده‌که‌ین که‌ دان  به‌و تاوانه‌دا بنێت.


له‌ کۆتایشدا نوسراوه‌: ئێمه‌ له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان – که‌نه‌که‌، زۆر به‌ توندی جینۆسایدی ١٩١٥ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین. داوا له‌ هه‌موو داموده‌زگا نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین، که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ وه‌ک جینۆساید بیسله‌مێنن و قبوڵی بکه‌ن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin