Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕەنجی ژن ماڵ و ڕەنجی ژنێکی جیاوازە

2018-04-22 09:55:55



ڕۆژنیوز – بەهارین سۆران

 

ڕەنجی ژن، ناوی ماڵێکە، کە هەم مۆزەخانەیە و هەم شوێنی کار و پێشنگایەکی بەرهەمی دەستییە، هەمیش ماڵی خیزانێکە و وەک هەر ماڵێکی ئاسایی ژیانی تێدا دەگوزەرێت.

 

ڕەنجی ژن، ماڵی هەوار محەمەد-ی تەمەن ٤٦ ساڵە، لە گەڕەکی سەرچنار-ی شاری سلێمانی، کە هاوسەرگریی کردووە و دایکی سێ منداڵە.

 

ماڵەکەی هەوار جیاوازە لە هەر ماڵێکی دیکە، چونکە تەنیا شوێنی کۆکردنەوەی خێزانێک نییە، بەڵکو بووەتە ماڵێکی گشتیی و ڕۆژانە دەیان کەس سەردانی دەکەن.

 

هەوار، خولیای کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن و کوردەوارییە و سەرەڕای کۆکردنەوە و پاراستنیان، لە کاروباری ڕۆژانەشدا بەکاریان دەهێنێت، لە سەماوەر-دا چا لێدەنێت و لە مەنجەڵی مس-دا خواردن دروست دەکات، قاپوچاغ و پەرداخ و گۆزە و زۆر کەلوپەلی دیکەی کۆنی کوردەواریی لە ماڵەکەیدا هەیە و بەکاریان دەهێنێت.

 

هەوار، لە تەمەنێکی منداڵییدا لەگەڵ دایکیدا سەردانی ماڵێک دەکەن و لەوێ هەندێک کەلوپەلی فۆلکلۆریی و کەوایەکی بە زەنگیانە چندراو دەبینێت، ئیدی پاراستنی کەلەپوری کوردیی دەبێتە خولیای و لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە دەست دەکات بە کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە و وردەوردە خۆی فێری چنین دەکات و لەگەڵ ئارەزووکەیدا دەژی و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە بە کارەکانی دەدات تا دەگاتە دورستکردنی ئەو ماڵەی ئێستا هەموان حەز بە بینی دەکەن.

 

لەو ماڵەدا، ڕەنجی ژن دەبینیت، چونکە کاری هەوار تەنیا کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن نییە، بەڵکو بۆ خۆشی کاری دەستیی دەکات و بە زەنگیانە و مورو و پولەکە و شلیلە کاری چنین و دورستکردنی کەلوپەلی ڕزاندنەوە دەکات.

 

هەوار باخەوانە، حەوشە و بەردەرگای ماڵەکەی بە جۆرێک بە گوڵ و نەمام ڕازاندووەتەوە، کە هەرکەس بەلایدا تێبپەڕێت ناتوانێت بۆ ساتێک ڕانەوەستێت و لێی ڕانەمێنێت.

 

ئەوەی زۆر هەوار دڵخۆش دەکات، ڕازییبوونی کڕیارەکانییەتی بە کارەکانی و سەرنجڕاکێشانی خەڵکە بۆ ماڵەکەی، ئەو کەسانەی سەردانی هەوار دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارێکی دەستیی، سەرسامیی خۆیان بە کار و ماڵەکەی هەوار نیشان دەدەن و چاویان پڕ دەکەن لە دیمەنی جوان، هەروەها ئەو کەلوپەلانە دەناسن، کە باپیرانمان بەکاریان هێناوە و ئێستا لە ماڵەکاندا نەماون.

 

هەرچەندە، کارەکانی هەوار زەحمەتیی زۆری تێدایە، بەڵام ئاسودەیە و لە لێگەڕیندایە بۆ ئەنجامدانی کاری ناوازەتر و پێشخستنی زیاتری هونەرەکەی، داواش لە ژنان دەکات، کە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و ئەو توانایەی هەیانە دەریبخەن.

 

 

 ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin