Smiley face
Smiley face
Smiley face

نزیکەی ٢٠٠ ژنی کورد کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیی دەکەن

2018-04-22 08:07:20



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

 ١٤٦ ژنی کورد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیی دەکەن و بەگشتییش لەسەر لیستە کوردییەکان ١٧٩ کەس لە تەوای عێراق خۆیان کاندید کردووە.

 

بڕیارە ١٢/ئایاری٢٠١٨ هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، ٨٨ حزب و هاوپەیمانیی تێیدا بەشدارن و کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسیی دەکەن.

 

بەگشتیی لە عێراق-دا، شەش هەزار و ٩٠٤ کەس کاندیدن و نزیکەی چوار هەزار و ٨٥٠ کاندیدیان پیاون و  دوو هەزار و ٥٤ کاندیدەکەی دیکەش ژنن، کە دەکاتە رێژەی ٧٥. ٢٩%.

 

لە عێراق ٢٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس-یان لە هەرێمی کوردستانن، هەروەها ٥٢ هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق بەڕووی دەنگدەران-دا دەکرێتەوە.

 

لە هەرێمی کوردستان ٢٥ لیست و هاوپەیمانیی و دوو کەسایەتی سەربەخۆ بەشدارن و ٥٠٣ کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان پاڵاوتووە، لەوانەش ٣٥٧ کەس پیاو و ١٤٦ کەسیان ژنن، بەگشتییش لە پارێزگاکانی عێراق و لەسەر لیستە کوردییەکان ١٧٩ کاندیدی ژن هەن، ژمارەیەک ژن-یش لەسەر لیستە عەرەبییەکان خۆیان کاندید کردووە.

 

٤٦ کورسی بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دابین کراوە، لەوانەش، ١٦ کورسی بۆ پارێزگای هەولێر، ١٨ کورسی بۆ پارێزگای  سلێمانی و ١٢ کورسی بۆ پارێزگای دهۆک.

 

لەم بەدواداچوونەدا ڕێژەی کاندیدەکان و بەتایبەتی کاندیدی ژن دەخەینەڕوو:

 

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پارێزگاکانی بەغدا،دهۆک، دیالە، هەولێر، کەرکوک، نەینەوا و سلێمانی ٢١٠ کاندیدی هەیە و تەنها ٣١ کاندیدیان ژنن، واتا بەڕێژەی ١٤.٧٦% ژنن .

 

پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لە کۆی ١٦٠ کاندید لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک و دیالە و نەینەوا تەنها ٤٥ کاندیدی ژنە، بەمەش دەبێتە ڕێژەی  ٢٨.١٣ % .

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆی ٣٩ کاندید لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک تەنها ٨ کاندیدی ژنە، واتا بە ڕێژەی ٢٠.٥١%.

 

هەرچی کۆمەڵی ئیسلامیشە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک ١٥ کاندیدی هەیە، کە تەنها ٢ کاندیدیان ژنن واتا ١٣.٣٣ % ژنن.

 

هەروەها، لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە ٨٥ کاندیدن لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک تەنها ٢٣ کاندیدی ژنی هەیە، کە دەکاتە ٢٧.٦%.

 

یەکگرتووی ئیسلامیش، لە دهۆک، هەولێر، کەرکوک، نەینەوا و سلێمانی ٦١ کاندیدی هەیە کە ١٧ کاندیدی ژنە ٢٧.٨٧%.

 

حزبی شیوعیش لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و دیالە تەنها ١٣ کاندیدی هەیە و لە سلێمانی ٥ کاندیدیان هەیە کە سەرجەمیان ژنن و لە کەرکوک و دیالەش لە کۆی ٨ کاندید ٢ کاندیدی ژنن، ئەمەش یەکەمین حزبە کە توانیویەتی گرنگی زیاتر بە پێگەی ژنان بدات و هانیان بدات بۆ زیاتر تێکەڵبوونیان بە کاری سیاسی کەدەکاتە ٥٣.٨٥%.

 

حزبی سۆسیالستی کوردستان، ٢٥ کاندیدی هەیە و تەنها ٩ کاندیدی ژنە، تەنها لە یەک پارێزگا سەرۆکی لیستەکەی ژنە ئەویش لە پارێزگای سلێمانیە کە دەکاتە ٣٦%.

 

لیستی نەوەی نوێ، کە پێکهاتووە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و بەرەی دیموکراسیی گەل، لە ئەنبار، بەغدا، دهۆک، دیالە، هەولێر، کەربەلا، کەرکوک، میسان، نەینەوا و سلێمانی ژمارەی کاندیدەکانیان ١١٨ کاندیدە و ٣١ کاندیدی ژنن و هیچ سەرۆک لیستێکی ژنی نیە، کە دەکاتە ٢٦.٢٧%.

 

هەروەها لیستی نیشتیمان کە پێکهاتووە لە( گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و نەینەوا ١٨ کاندیدیان هەیە کە ٦ کاندیدی ژنە و لە دیالە ژنێک سەرۆکایەتی دەکات، بەمەش ڕێژەی ٣٣.٣٣% ژنە.

 

لە سەرجەم ئەو لیستانەی کە باسکران کەمترین ژن بە سەرۆکی لیستەکانیان دانراون، کە لەخوراوە بە خاڵ روونیدەکەینەوە:

 

١-یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆی پارێزگاکان تەنها لە سلێمانی د.جوان ئیحسان، سەرۆکی لیستە.

 

٢-پارتی تەنها لە دهۆک سەرۆکی لیستەکەی ژنە کە ئەویش ڤیان سەبری-یە.

 

٣-یەکگرتوو تەنها لە کەرکوک سەرۆکی لیستەکەی ژنە، کە ئەویش جوان حەسەن عارفە، هەروەها لە هەولێر و سلێمانی ڕیزبەندی دووەمی بە ژن داوە کە ئەوانیش کەژاڵ نوری و ناسک تۆفیق-ن.

 

٤-شیوعی لە سلێمانی سەرجەم کاندیدەکانی ژن بوون، کەواتە سەرۆکی لیستەکەیشی ژنە، کە ناوی شلێر ڕەشیدە.

 

٥-سۆسیالیست لە سلێمانی سەرۆکی لیستەکەی ژنە، کە ئەویش ناوی تانیا تاهیرە، وە لە دهۆک و دیالەش ڕیزبەندی دووەم ژنن کە ئەوانیش ڤیان یاسین و ئەمەل حسونی-ن.

 

 

٦- نەوەی نوێشە، هیچ ژنێک سەرۆکایەتی لیست ناکات، بەڵام ڕیزبەندیی دووەمی بە چوار ژن داوە لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و میسان و سەڵاحەدین و دیالە، کە ئەوانیش یوسرا ڕەجەب و ڕوئی سەبری و ڕووناک مەجید و ڕابیعە عەباسە.

 

٧-هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریش ڕیزبەندی یەکەمی نەداوە بە ژن بەڵکو دووەمی بە ژن داوە لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک کە ئەوانیش خانم ڕەحیم و فائیزە تاڵبە.

 

٨-لیستی نیشتیمانیش کە لە سێ پارێزگا بوونی هەیە تەنها لە دیالە ژنێک بە ناوی ئیخڵاس ئەڵماس سەرۆکایەتی لیستەکە دەکات.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin