Smiley face
Smiley face
Smiley face

ده‌وڵه‌تی تورک به‌ تاڵانیى مووچه‌ی چه‌ته‌کانی له‌ عه‌فرین ده‌دات

2018-04-21 13:43:23



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ده‌زگای هه‌واڵگریی تورکیا (میت) به‌ چه‌ته‌کانى سه‌ربه‌ تورکیاى له‌ عه‌فرین وتووه‌: "ئه‌و تاڵانى و غه‌نیمه‌یه‌ی له‌ عه‌فرین ده‌ستتان که‌وتووه‌ به‌شی ساڵێکتان ده‌کات"، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ماوه‌ى دوو مانگه‌ مووچه‌یان به‌ چه‌ته‌کان نه‌داوه‌.


ده‌وڵه‌تى تورک له‌ هێرشى داگیرکارییدا بۆ سه‌ر عه‌فرین، سه‌ره‌ڕاى سوپاکه‌ى خۆى، هه‌زاران چه‌ته‌ى په‌روه‌رده‌کراوى خۆیشى به‌کارهێنا له‌ داگیرکردنى عه‌فریندا، ئێستا تورکیا مووچه‌ى ئه‌و چه‌تانه‌ نادات، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى تاڵانییان کردوه‌ له‌ عه‌فرین و "به‌شى مووچه‌ى خۆیان فه‌رهوود کردوه‌".


به‌پێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى فورات، ده‌وڵه‌تی تورک ماوه‌ى دوو مانگه‌ مووچه‌ی چه‌ته‌ پاشماوه‌کانی قاعیده‌ و داعش و به‌ره‌ی نوسره‌، که‌ عه‌فرینان داگیرکردووه‌، نه‌داوه‌ و چه‌ته‌کانیش له‌وه‌ بێزاربوون.


له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌، ده‌وڵه‌تی تورک دوو مانگه‌ مووچه‌ی به‌ چه‌ته‌کانی نه‌داوه‌، هه‌رچه‌ند ده‌وترێت، نه‌دانی مووچه‌ به‌ چه‌ته‌کان په‌یوه‌ندیی به‌ قه‌یرانی ئابوریی تورکیا و دابه‌زینی به‌های لیره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی سه‌ربازیی تورکیا و به‌رپرسانی ده‌زگای هه‌واڵگریی تورکیا (میت) به‌ چه‌ته‌کانیان وتوه‌ "ئه‌و فه‌رهود و غه‌نیمه‌یه‌ی له‌ عه‌فرین ده‌ستتان که‌وتووه‌ به‌شی ساڵێکتان ده‌کات".


ژماره‌ی چه‌ته‌کانى سه‌ربه‌ تورکیا له‌ باکورى سوریا ٢٥ بۆ ٣٠ هه‌زار ده‌بن، که‌ ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا پێیان ده‌ڵێت "قواتی میللیی سوریا" و مووچه‌کانیان له‌نێوان ٨٠ بۆ ٢٥٠ دۆلاره‌ و له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ دابین ده‌کرێت.


له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ کراوه‌، ماوه‌ی دوو مانگه‌ مووچه‌ به‌ چه‌ندین گروپ له‌و چه‌تانه‌ نه‌دراوه‌، ته‌نها مووچه‌ی چه‌ته‌کانی لیوای سوڵتان موراد و سوڵتان عه‌بدولحه‌مید، که‌ له‌لایه‌ن میته‌وه‌ دامه‌زرێندراون دراوه‌، مووچه‌ی گروپه‌ چه‌ته‌کانی تر نه‌دراون.


هاووڵاتیانی عه‌فرین-یش ڕایانگه‌یاندووه‌، سوپای تورکیا له‌ ناوه‌ندی عه‌فرین و چه‌ته‌کانیان له‌ گونده‌کان جێگیربوون، چه‌ته‌کان وتویانه‌ "عه‌فرین بۆ ئێمه‌ نامێنێته‌وه‌" و له‌و کاته‌شه‌وه‌ زیاتر ده‌ستیان به‌ تاڵانیی کردووه‌.


هه‌روه‌ها دوای ڕێککه‌وتنی نێوان تورکیا و ڕوسیا که‌ "له‌ به‌رامبه‌ر عه‌فریندا پاشه‌کشه‌ له‌ غوته‌ی ڕۆژهه‌ڵات کرا" چه‌ته‌ و بنه‌ماڵه‌ی چه‌ته‌کانی غوته‌ی ڕۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه‌ به‌ پاس براون بۆ ناوچه‌ و گونده‌کانی جندرێس له‌ عه‌فرین نیشته‌جێکران.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin