Smiley face
Smiley face
Smiley face

ته‌رمی شه‌ڕڤانه‌ ئه‌رجه‌نتینییه‌که‌ له‌ ڕۆژئاوا به‌خاکسپێردرا

2018-04-21 13:12:57



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ته‌رمی شه‌ڕڤانی ئینته‌رناسیۆنالیستی ئه‌رجه‌نتینی ئه‌لینا سانچێز ناسراو به‌ لێگه‌ڕین چیا، له‌ دێرک له‌ ڕۆژئاواى کوردستان به‌ به‌شداریی بنه‌ماڵه‌که‌ی و هاوسه‌نگه‌ره‌کانی و له‌ مه‌راسیمێکی جه‌ماوه‌ریدا به‌خاکسپێردرا.


ئه‌مڕۆ ته‌رمی شه‌ڕڤانی ئینته‌رناسیۆنالیستی ئه‌رجه‌نتینی ئه‌لینا سانچێز له‌ دێرک له‌ گۆڕستانی شه‌هید خه‌بات دێرک به‌خاکسپێردرا، ئه‌و ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له‌ حه‌سه‌که‌ به‌ ڕووداوى هاتوچۆ گیانى له‌ده‌ستدابوو.


ئه‌لینا سانچێز یان لێگه‌ڕین چیا، پزیشکی ئینته‌رناسیۆنالیستی ئه‌رجه‌نتینی، که‌ له‌ حه‌سه‌که‌ به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆوه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا، ته‌رمه‌که‌ی به‌ مه‌راسیمێکی جه‌ماوه‌ری له‌ دێرک به‌خاک سپێردرا. سه‌دان که‌س به‌شداری مه‌راسیمه‌که‌ بوون و ئاپۆرایه‌کی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ر ته‌رمی ئه‌لینا سانچێزیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دێرکه‌وه‌ به‌ره‌و "شه‌هیدگه‌ی شه‌هید خه‌بات" برد. به‌شداربووانی مه‌راسیمه‌که‌ دروشمی "بژی سه‌رۆک ئاپۆ"یان ده‌وته‌وه‌.


ته‌رمه‌که‌ له‌ گۆڕستانه‌که‌دا به‌ مه‌راسیمێکی سه‌ربازی پێشوازیی لێکرا، دوای مه‌راسیمه‌ سه‌ربازییه‌که‌ په‌یامی لیوای ئازادیی ئینته‌رناسیۆنالیست خوێندرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆناهی تێکۆشین ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ژنۆلۆژیی ئینته‌رناسیۆنالیست به‌ زمانی ئیسپانی باسی له‌ تێکۆشان و که‌سایه‌تیی لێگه‌ڕین کرد.


دواتر ڕوکه‌ن ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکراتیک وتی: "هه‌ڤاڵ لێگه‌ڕین له‌ شاره‌که‌ی گیڤاراوه‌ هات بۆ ئێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نداری له‌  ئازادیی گه‌لی کورد بکات و به‌هۆی بڕوابوونی به‌ به‌ها سۆسیالیستییه‌کانه‌وه‌ به‌رخۆدانی کرد، هێلین-یش که‌ له‌ به‌رتیانه‌وه‌ به‌شداری ئه‌و به‌رخۆدانه‌ بوو، شه‌هید بوو، ئێمه‌ ڕێگاکه‌یان به‌رناده‌ین و درێژه‌ به‌ ڕێگای ئه‌و دوو هه‌ڤاڵه‌ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانیان بهێنینه‌ دی".


پاتریکا، دایکی لێگه‌ڕین له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا قسه‌ى کرد و وتی: کچه‌که‌م تا دوا هه‌ناسه‌ بۆ تێکۆشانی سۆسیالیستی به‌رگری و به‌رخۆدانی کرد و له‌و ڕێگایه‌دا گیانی خۆی به‌ختکرد. پاتریکا وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمی کچه‌که‌م ببه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌رجه‌نتین، چووینه‌ ڕۆژئاوا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کچه‌که‌م زۆر حه‌زی له‌ ڕۆژئاڤا کردووه‌ و گه‌لی ڕۆژئاڤاش زۆر ئه‌ویان خۆشویستووه‌، بڕیارمانداوه‌ ته‌رمه‌که‌ی لێگه‌ڕین له‌ ڕۆژئاڤا به‌خاک بسپێردرێت.


پاتریکا له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی "من به‌ کچه‌که‌م سه‌ربڵندم".


هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا یادی سارینا زاگرۆس و هێلین دێرسیم کرایه‌وه‌، که‌ له‌ مانگی ئازار له‌ عه‌فریندا شه‌هید بووبوون.


بڕیاره‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ کاتژمێر ٦ی ئێواره‌ له‌ گرکێ له‌گێ له‌ ڕۆژئاواى کوردستان بۆ ئه‌و شۆڕشگێڕه‌ ئینته‌رناسیۆنالیستانه‌، که‌ له‌ باکووری سوریا ژیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، شه‌وه‌ یادێک به‌ڕێوه‌بچێت.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin