Smiley face
Smiley face
Smiley face

چایخانه‌یه‌ک ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌کی لێ نابڕێت

2018-04-21 08:37:36



ڕۆژنیوز - به‌هارین سۆران

 

لە چایخانەیەک ٢٠ ساڵە بە شەو و ڕۆژ دەنگی حەسەن زیرەک دەدرێت بە گوێی ڕێبواران و ئەو کەسانەی بۆ خواردنەوەی چا و پشوودانێک سەردانی دەکەن.

 

لە تاریکە بازاڕی شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان چایخانەیەک بەناوی (حەسەن زیرەک) ٢٠ ساڵە پێشوازیی لە میوانانی دەکات.

 

چایخانەی حەسەن زیرەک، سەرەتا لەلایەن دوو براوە کراوەتەوە و بەڕێوەبراوە، کە یەکێکیان تەمەنی تەنیا ١٢ ساڵ بووە و قۆناغی منداڵیی لەگەڵ دەنگی حەسەن زیرەک تێپەڕاند و ئێستاش خۆی بەڕێوەی دەبات.

 

لوقمان قادر، خاوەنی ئەو چایخانەیە و وەک خۆی باسی دەکات لە خۆشەویستیی زۆریان بۆ حەسەن زیرەک و سەرسامییان بە دەنگەکەی ناوی چایخانەکەیان ناوە حەسەن زیرەک، بەردەوام-یش گۆرانی حەسەن زیرەک دەدەن بە گوێی میوانانیان-دا و دەنگی پیاڵە و ژێرپیاڵە و نوکتە و قسەی خۆشی میوانەکان-یش تێکەڵ بە دەنگی حەسەن زیرەک دەبن و ئاوازێکی ناوازە دروست دەکەن.

 

چایخانەی حەسەن زیرەک لە بەیانیی زووەوە هەتا درەنگانی شەو کراوەیە و گەنج و پیر، کرێکار، خویندکار و ڕۆشنبیر و و هونەرمەندان و چین  وتوێژە جیاوازەکان ڕووی تێدەکەن و گفتوگۆ و راوبۆچوونەکانی خۆیان لەوێدا دەردەبڕن.

 

حەسەن زیرەک، نەک تەنیا بە دەنگ وێنەکانیشی لەبەرچاوی میوانانە و نزیکەی ٢٠٠ وێنەی بە دیواری چایخانەکەدا هەڵواسراوە.

 

لوقمان، بەهۆی خۆشەویستیی زۆری بۆ حەسەن زیرەک، پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکاری ئەو هونەرمەندە دروستکردووە و سەردانی مەزارەکەی کردووە لە چیای ناڵەشکێنەی شاری بۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

میوانانی حەسەن زیرەک، لەگەڵ گوێگرتن لە دەنگە خۆشەکەی حەسەن زیرەک و پێشوازیی کردنی گەرمی خاوەنەکەی، بە تەواوی هیلاکییان دەڕەوێتەوە و هەست بە ئارامیی دەکەن.

 

حه‌سه‌ن زیره‌ک، هونەرمەندێکی بەناوبانگی کوردە و له‌ ساڵی ١٩٢١ لە‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ شاری بۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌ دایکبووه‌ و لە ساڵی ١٩٧٢ هەر لەو شارە کۆچی دوایی کردووە، کە هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی به‌ گۆرانی وتن خزمه‌ت کردن به‌ هونه‌ر وفۆکلۆری کوردیی به‌ سه‌ربردووه.‌

 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin