Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەوێنە..ڕۆژی بەخشین کاکەییەکانی لەدەوری یەکتر کۆکردەوە

2018-04-20 17:29:51



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

مەراسیمی ڕۆژی بەخشین كە ناسراوە بە ''ماستی قەڵاتێ''‌ لە گوندی هاوار، بەشێکی زۆری کاکەییەکانی باشوری کوردستانی لەدەوری یەکتر کۆکردەوە و شیر و ماست-یان بەسەر یەکدا دابەشکرد.

 

ئەمڕۆ، لە گوندی هاوار-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بەئامادەبوونی دانیشتووانی گوندەكە و ژمارەیەكی بەرچاو لە كاكەییەكانی باشوری كوردستان، مەراسیمی ڕۆژی بەخشین بەڕێوەچوو.

 

 

لە مەراسیمەكەدا، خواردنە جۆراوجۆرەكانی تایبەت بە گوندی هاوار نمایشكران، بەتایبەت خواردنی شیر و ماست، كە بایەخێکی زۆری لای كاكەییەكان هەیە و پەیوەندی بە ناوەرۆكی مەراسیمەكە هەیە، كە لە دێرزەمانەوە بەهۆی زۆری بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات، ئەو شیر و ماستەیان لەنێوان یەكتری دابەشكردووە.

 

 

لە بەشێكی تری مەراسیمەكەدا، چەند پارچە شیعرێك و پێشانگایەكی وێنەیی تایبەت بە مێژوو و ژیانی كۆنی گوندەكە نمایشكران.

 

گۆرانی و هەڵپەڕكێ‌ بەشێكی تری  مەراسیمەبوو كە گەنجان و ژنان و پیاوانی پێكەوە كۆكردبوویەوە.

 

مێژووی سازكردنی ئەم مەراسیمە، دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی ٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا، كاتێك كە میر ئەسكەندەر، كەسایەتی ئایینی یارسان لە نزیك شاری هەڵەبجە شەهید دەكرێت و تەرمەكەی دەبرێتەوە بۆ هاوار و لەوێ‌ دەنێژرێت، لە ڕۆژی بەخاكسپاردنەكەش خەڵكی گوندەكە لەپەنا درەختی قەڵاتێ‌ نان و ماستیان خواردووە.

 

بەو هۆیەی كە ماست سپیە و هیچ خەوشێك وەرناگرێت و پاكە، بووە بە نەریتێكی ئایینی و لەو ڕۆژەدا هەمووان بەخشندەیی دەنوێنن لە پێدانی خواردن بەیەكتری و ڕق و كینەی پێشتوتریان لەیەكتری پاك دەكەنەوە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin