Smiley face
Smiley face
Smiley face

سوپای سوریا دەڵێت چەند موشەکێکی تێکشکاندووە

2018-04-17 08:40:39



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان


سوپای سوریا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو سوپایە لە دەوروبەری حمس و دیمەشقی پایتەخت، چەند موشەکێکی تێکشکاندووە.


بەگوێڕەی ڕاگەیاندنەکانی سەربە ڕژێمی سوریا و حزبوڵای لوبنان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای سوریا دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگای شەعیرات لە دەوروبەری حمس و بارەگایەکی دیکە لە نزیک دیمەشق پووچەڵ کردووەتەوە.


لەلایەکی ترەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل وتی، ئێمە لەو بارەیەوە بۆچوونمان ڕاناگەیەنین.


هاوکات، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندوە، کە لە بارەگای شەعیرات و و بارەگایەکی ئاسمانیی لە دەوروبەری دیمەشق دەنگی تەقینەوەی گەورە بیسراوە.


ڕاگەیاندنەکانی حزبوڵای لوبنانیش ڕایانگەیاند، کە بە گشتی نۆ موشەک هاویشتراون، کە شەشیان بۆ سەر بارەگاکەی حمس بوون و سیانی دیکەش بۆ سەر بارەگای دیمەشق. 


ڕامی عەبدوڕەحمان، بەڕێوبەریی ڕوانگەی سووری ڕایگەیاندوە، کە ئەو موشەکانەی هاویشتراونەتە سەر ئەو بارەگایانە، ئامانجەکانیان نەپێکاوە و پێش ئەوە لە ئامانجەکانیان بکەون تێکشکێندراون.


جێگای ئاماژەیە، کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، ٥٩ موشەکی سوپای ئەمریکا هاویشترانە سەر بارەگای شەعیرات و لە ئەنجامیدا زیاتر لە ٨٠ کەس کوژران.


چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر بارەگایەک لە نزیک حمس، ژمارەیەک ئەفسەری ئێرانی کوژران، ئیسرائیل دەڵێت، کە هێز و کەرەستە ئێرانییەکان لەو بارەگایانەدا هەن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin