Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕێباز حەملان: یەک دینارم لەبەردەستدا نییە

2018-04-15 11:39:53



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سودمەند نەبوون لە دەستکارییکردنی سیتمی پاشەکەوتی مووچە و مووچەکانیان وەک خۆی دەمێنیتەوە، وەزیری دارایی-ش پێیوتوون:"یەک دینارم لەبەردەستدا نییە، ئەگەر پارەیەکم لەملاولا دەستکەوێت مووچەکانتان زیاد دەکەم".

 

ڕۆژی ٢٨ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، بەهۆی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی لە سیستمی پاشەکەوتی مووچەدا کرد و بڕی پاشەکەوتەکەی کەمکردەوە، ‌بەڵام ئەو گۆڕانکارییە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و یەکەی پاسەوانیی نەگرتووەتەوە.

 

بەگوێرەی لێدوانی تایبەتی سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لقی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا بە سامان حسێن-ی وتووە "بۆ مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت بڕی ٩ملیار دینارم پێویستە تا وەک خۆی لێبکەمەوە، بەڵام ئێستا ١دینارم لەبەردەستدا نیە".

 

ڕێباز حەملان، وتووشیەتی:"ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتیانەی مووچەکانیان ٩٠ هەزار دینارە ئەگەرێکی زۆر هەیە زیادی بکەم بۆ ١٢٠ هەزار دینار ئەگەر پارەیەکم لەملا و لەولا دەستبکەوێت، هەروەها وەزیر وتیشی کە ١٣٥ ملیار دیناریان پێداوم و ئەو بڕەشم بەسەر وەزارەتەکاندا دابەش کردووە و هیچم پێنەماوە".

 

هەروەها، بەیانی ئەمڕۆ، پاسەوانی دادوەران و وەزیرەکان، لەدژی پاشەکەوتکردنی لەسەدا ٦٥ی مووچەکانیان، لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر گردبوونەوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو ڕێککەوتنە نەوتییەی لەگەڵ بەغدا هەیبوو، بەغدا هیچ بڕە بودجەیەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرد و هەرێم-یش نەوتەکەی خۆی سەربەخۆ دەفرۆشت، تا دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، حکومەتی هەرێم، لە ساڵی ٢٠١٥ قەیرانی دارایی ڕاگەیاند و وتی، توانای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی وەک خۆی نییە.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦سیستمی پاشەکەوتی مووچەی پەیرەوکرد و بەپێی سیستمەکە، هەر فەرمانبەرێک بڕی ١٥% بۆ ٧٥%ی لێ دەبڕدرا، بەپێی بڕی مووچەکەی، واتا هەتا مووچەکەی زیاتر بێت پارەی زیاتری لێدەبڕدرێت.

 

لەدوای ١٦/ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان، بیرەنەوتەکانی ئەو ناوچانە کەوتنەوە ژێر کۆنترۆڵی عێراق و حکومەتی هەرێم تەنیا ئەو بیرە نەوتانەی لەژێر دەستدا ما، کە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستانەوە.

 

حکومەتی هەرێم، ئێستا ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، مانگی شوبات-یش حکومەتی عێراق ٣٢٧ ملیارد دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نارد و تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی دیکەی بۆ نەناردوون.

 

لە سەرەتای چەسپاندنی سیستمەکەدا، کە نرخی نەوت لەنێوان ٢٨ بۆ ٣٠ دۆلاردا بوو، حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کە بەپێی گۆڕانی نرخی نەوت گۆڕانکاری لە پاشەکەوتدا دەکرێت و ئەگەر نرخی نەوت بەرزبووەوە بڕی پاشەکەوت کەم دەبێتەوە، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت ٦٩ دۆلار زیاترە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin