Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاری هەرسین: ئەوەی توركیا دەیكات وێرانكردنی كوردستانە

2018-04-15 11:06:41



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی بۆردوومانكردنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت، كە ئەوەی توركیا دەیكات كێشە سیاسییەكانی چارەسەر ناكات، بەڵكو ئەوە وێرانكردنی كوردستان و كوشتنی خەڵكەكەی و تێكدانی سروشتەكەیەتی.

 

بۆردوومان و داگیرکارییەکانی سوپای تورک بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، تاوەکو ئێستا سوپای تورک زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر هاتووەتە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و سێ گوندیش داگیرکردووە.

 

لە بۆردوومانەکانی سوپای تورکدا لەو ناوچە سنوورییانە، چەندین هاوڵاتی مەدەنیی بوونەتە قوربانی، هەفتەی ڕابردووش، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە، سێ‌ هاوڵاتی خەڵكی شیلادزێ‌ کۆمەڵکوژبوون.

 

ئاری هەرسین، سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت:"هەر وڵاتێك هەر كێشەیەكی سیاسیی هەبێت، دەبێت بەشێوەیەی ئاشتییانە چارەسەری بكات".

 

وتیشی:"ئەو هێرشانەی توركیا هەم كاردانەوەی سایكۆلۆژی خراپی دەبێت لەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە و خەڵكی كوردستان بە گشتیی، بە شێوەیەك كە ڕقیان لە توركیا دەبێت، هەم كێشەكەش چارەسەر ناكات.

 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی، دەشڵێت: ئەوەی توركیا دەیكات چارەسەری كێشەكە نییە، بەڵکو وێرانكردنی كوردستانە، ئەوە كوشتنی خەڵكی مەدەنیی و تێكدانی ژینگەی كوردستانە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاری هەرسین تیشكی خستەسەر بێدەنگیی حكومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو پێشێلكاریانەی دەوڵەتی تورك و وتی:"حكومەتی عیراق نیوەی خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووە بەناوی پاراستنی دەستوورەوە، ئەی باشە ئەو سنوورانە سەروەری خاكی عێراق نییە، سنوری عێراق نییە، ئەوە واتای ئەوەیە هەركاتێك داگیركەرانی كوردستان ببینن دۆزی كورد بەرەوپێش چووە، دەست دەخەنە ناودەستی یەك بۆ دژایەتیكردنی كورد".

 

وتیشی:"توركیا چاوپۆشی كرد لە هاتنی سوپای عێراق بۆ خورماتوو و كەركوك ئەو تاوانانەی ئەنجامیاندا، عێراقیش چاوپۆشیدەکات لە بۆردوومانكردنی سنوورەكانی لەلایەن توركیاوە".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin