Smiley face
Smiley face
Smiley face

هێرش کرایە سەر سوریا و هۆشداریش درایە ئێران

2018-04-14 08:20:16



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەشیان کردە سەر جبەخانە کیمیاییەکانی ڕژێمی ئەسەد.

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا پاش هێرشەکە ڕاگەیاند، هۆشداری دەدەینە ئێران و ڕوسیاش کە دەست بەرداری پشتگیرییەکانیان لە حکومەتی ئەسەد بن.

 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە ئەو هێرشە کراوەتە سەر شوێنێکی لێکۆڵینەوە لە سەر چەکی کیمیاوی لە دیمەشق، جبەخانەی چەکە کیمیاوییەکان لە حمس و هەروەها جبەخانەیەکی دیکەی کیمیاوی لە دەوروبەری دیمەشق.

 

ئاناتۆلی ئانتۆنیۆنۆف، باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەمریکا ڕایگەیاند، کە جارێکی دیکە واخەریکە هەڕەشەمان لێدەکرێت، ڕایدەگەیەنین کە ئەو هێرشانە بێ وەڵام نامێننەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ترێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتوویەتی، کە هیچ ڕێکارێکی دیکەمان بۆ نەمابوو جگە لە هێرشی سەربازی، هاوکات یەنس ستولتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆش پشتگیریی ئە هێرشەی کردووە.

 

ڕژێمی ئەسەد لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا کاردانەوەی پیشانداوە و هێرشەکانی شەرمەزارکردووە و ڕایگەیاندووە، کە پاش ئەوەی تیرۆریستەکان لە خاکی سوریادا شکستیان هێنا، ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دەستدرێژی بۆ سەر خاکی سوریایان دەستپێکرد.

 

لە دوایین ڕاگەیەنراویشدا، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، کە ئەو هێرشانە بارەگا ڕوسییەکانیان نەکردووەتە ئامانج.

 

لە بەرامبەر هێرشەکان و هۆشدارییەکەی ترامپ بۆ ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هێرشەی بە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی سوریا و پێشێلکردنی سەروەریی حکومەتی سوریا ناوزەدکردووە و شەرمەزاری کردووە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin