Smiley face
Smiley face
Smiley face

دوو برا کڵاشی ژنانە و پیاوانە دروست دەکەن

2018-04-09 09:37:31



ڕۆژنیوز - ڕۆزە و سۆسنە

 

دوو برا لە شاری سلێمانی کڵاشی ژنان و پیاوان دروست دەکەن، کڵاشی ژنان بە قردێلەی سور یاخود بە ڕەنگی پەمەیی جیادەکرێتەوە لە کڵاشی پیاوان.

 

ئارام و فاروق دوو بران و لە بازاڕی سابونکەران لە شاری سلێمانی دووکانی کڵاشیان هەیە و کڵاش بۆ ژنان و بۆ پیاوانیش دروست دەکەن.

 

ئەم کارە فۆلکلۆر و کوردەوارییە لە باو و باپیرانیانەوە بۆ ئارام و فاروق ماوەتەوە و هەر لە سەردەمانی زووەوە لە تەوێڵە و لە سلێمانیش خەریکی چنینی کڵاش بوون.

 

لە بارەی دروستکردنی کڵاشی ژنانەوە، ئارام حاجی مەجیدی تەمەن ٤٩ ساڵ کە لە تەوێڵە لە دایکبووە و ئێستا دانیشتوی سلێمانییە و نزیکەی ٣٠ ساڵیشە سەرقاڵی ئەم کارەیە، بیرۆکەی دروست کردنی کڵاشی ژنانەی بۆ ڕۆژنیوز گێڕایەوە و وتی: لە ساڵی ٢٠١٠ ژنێکی ئەمریکی هات بۆ دوکانەکەم و بیرۆکەی دروستکردنی کڵاشی ژنانەی پێدام، ئەو ژنە ئەمریکیە داوای کرد قردێلەیەکی سوری بۆ بدەم لەسەر کڵاشەکەی، دواتر زۆر جوان دەرچوو کڵاشەکە.

 

 

ئارام دەشڵێت: سەرەتا کە کڵاشی ژنانەمان دروست دەکرد لە بنەکەیدا گۆڕانکاریمان تێدا دەکرد کە زیاتر ڕەنگی سور و سپیمان تێدا بەکاردەهێنا، بەڵام دواتر گۆڕانکاریمان لە بەشی سەرەوەیدا کرد، کە قردێلەیەکی سورمان لەسەر کڵاشەکە دانا، وە ئێستاش ڕەنگی پەمەیی و شەرابی بۆ کڵاشی ژنانە بەکاردەهێنین.

 

کڵاشی ژنانە لە بازاڕدا فرۆشی کەمە و وەک ئارام دەڵێت "تائێستا لە بازاڕی کوردستان ژنان دوورن لە کڕینی کڵاش، بەڵام ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە دەیکڕن زیاتر".

 

نرخ و جۆری چنینی کڵاش جیاوازە و ئارام نرخی کڵاشەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: کڵاشی سادە نرخەکەی نزیکەی ٥٠- ٥٥ هەزارە و کڵاشی ژنانەش ٣٥ هەزار دینارە.

 

کڵاش تەنها پێڵاوێکە لەهەموو جیهاندا کە جیانەکرێتەوە تاکی ڕاست و چەپ کامەیە، لە کڵاشدا دەتوانیت تاکی ڕاست بکەیتە قاچی چەپ و پێڵاوی چەپیش بکەیتە قاچی ڕاستەوە.

 

هەروەها فاروقی حاجی مەجید کە تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە دەستی کردووە بە چنینی کڵاش و سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردنی کڵاشی پیاوانە  دەڵێت: بنی کڵاشەکە پێک دێت لە خام، کە چەند ڕەنگێک دەکرێت وەک سور، سپی، شین، ئەو خامانە پارچە پارچە دەکەین دوای دەیکوتین و تاکێ کڵاش نزیکەی"٢٠٠ تا٢٥٠"پارچە خامی دەوێت، هەروەها بەشی سەرەوەشی پێک دێت لە دەزووی سپی، بۆ چنینی جوتێک کڵاش ١٠ ڕۆژی دەوێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin