Smiley face
Smiley face
Smiley face

چیرۆکی ئەو ژنەی ٣٠ ساڵە گەرماوی موفتی بەڕێوەدەبات

2018-04-07 14:10:34



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد


ئامینە ئەو ژنەیە، کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە گەرماوی موفتی کاری کردووە و ماوەی ٣٠ ساڵە سەرقاڵی حەمامچێتی و تونچێتیە.


گەرماوی موفتی لە سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانیەوە دامەزراوە، لە سەرەتادا پیاوان و ژنانیش لە ڕۆژی جیاوازدا خۆیانیان تێدا دەشۆرد، بەڵام نزیکەی ١٠ ساڵە تایبەت کراوە بە ژنان و ڕۆژانی هەفتە لە کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی تاوەکو ٦ی ئێوارە کراوەیە.


ئامینە محەمەد، خەڵکی سەنگەسەرە و لە تەمەنی ١٩ ساڵیەوە هاوسەرگیری کردووە، لە دوای هاوسەرگیریەوە هاتۆتە سلێمانی و لەگەڵ هاوسەرەکەی گەرماوی موفتیان بەڕێوەبردووە، پاش کۆچی دوایی هاوسەرەکەشی، بەردەوام بووە لەو کارەی، ئامینە ئێستا تەمەنی ٤٨ ساڵە و بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ دەبێت خاوەنی گەرماوی موفتییە و بژێوی ژیانی خێزانەکەی لەسەر ئەو گەرماوە دابین دەکات.

 


ئامینە سەرەتای کارکردنی لە گەرماوی موفتی و چۆنێتی دەستبەکاربوونی بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە و دەڵێ، لە کۆندا لە شاری سلێمانی گەرماوی تایبەت بەخانمان زۆر بوو، بەڵام لە ئێستادا تەنیا دوو گەرماوی ژنان هەیە، یەکێکیان لە چوارباخە و هەفتەی دوو ڕۆژ تایبەتە بە خانمان، ئەوەی تریش ئەم گەرماوی موفتییەیە، کە بۆماوەی ١٠ ساڵ دەبێت تایبەتمان کردووە بە ژنان.


پێشتر لە گەرماوی موفتی زیاد لە ٦ کەس کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا ئامینە خان خۆی کاری تونچی دەکات و سەرپەرشتی کارەکانی گەرماوەکەشی لەسەر شانە، هەروەها ژنێکی دیکەشی لەگەڵدایە کە هاوکار و یارمەتیدەری دەبێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی.

 


پێشتر ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان ڕوویان دەکردە گەرماوی موفتی، بەڵام قەیرانی دارایی کاریگەری لەم پیشەیەش کردووە و ژنان کەمتر ڕوو لە گەرماوەکە دەکەن، ڕێژەی سەردانیکەرانی گەرماوەکە لە وەرزی زستاندا زیاترە بە بەراورد بە وەرزی هاوین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئاو یاخود تەقینی بۆری یاخود ئاوبەستن لە وەرزی زستاندا.


ئامینە خان جگە لە کاری گەرماوەکە ڕۆژانە لفکە و شاڵ دەچنێت، وەک خۆی دەڵێت: لە هاویندا زۆرترین لفکە دەچنم و بۆ زستان هەڵی دەگرم و بەو کەسانەی دەفرۆشم کە دێنە گەرماوەکەوە و پێویستیانە.

 


ئامینە لە ئێستادا بەهۆی بوونی قەیران و نەمانی سەردانیکەرانی، دەستەکەوتنی بژێوی ژیانی قورس بووە و وەک خۆی باسی دەکات، کرێی گەرماوەکە و پارەی مانگانەی ئاو و کارەبا زۆرە و توانای دابینکردنی بژێوی ژیانی قورسە، بۆیە دەڵێت:" بژێوی ژیانم لەسەر ئەم گەرماوەیە و ئیشەکەمم زۆر خۆش دەوێت، تا ئێستاش هیچ کێشەیەکم بۆ دروست نەبووە، بەڵام حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هیچ هاوکارم نەبوون".


لە کۆتایدا ئامینە بە ژنان دەڵێت: ئازا بن و لە هیچ نەترسن و هەرکارێک کە خواستیان لەسەر بوو ئەنجامی بدەن.

 


گەرماوی موفتی دەکەوێتە سابونکەرانی شاری سلێمانی، کە مێژووی دروستبوونی بۆ سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە، ئەو گەرماوە شێوازی دروستبوونەکەی نەگۆڕاوە و هەمان شێوەی سەرەتای دروستبوونی ڕابرووی ماوە، تەنها بۆیە کراوەتەوە.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin