Smiley face
Smiley face
Smiley face

١٤ ملیۆن دار زەیتونی عه‌فرین مه‌ترسى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌

2018-04-07 09:56:28



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


به‌هۆى داگیرکارییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه‌، دار زه‌یتونه‌کانى عه‌فرین له‌ژێر مه‌ترسیدان، کە ژمارەیان ١٤ ملیۆن دارە.


ده‌وڵه‌تى تورک و چه‌ته‌کانى به‌ داگیرکردنى عه‌فرین، نه‌ک ته‌نها بوونه‌ مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان، به‌ڵکو بوونه‌ته‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ژینگه‌ و کشتوکاڵ و دار زه‌یتونه‌کانیش.


کانتۆنى عه‌فرین که‌ به‌ دارى زه‌یتون به‌ناوبانگه‌، به‌پێى ئاماره‌کانى ده‌سته‌ى چاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر له‌ کانتۆنى عه‌فرین، ژماره‌ى دار زه‌یتونه‌کانى عه‌فرین ١٤ ملیۆن داره‌، زۆربه‌ى هاوڵاتیانى ناوچه‌که‌ بژێوى ژیانیان له‌سه‌ر دار زه‌یتونه‌کان بوو.


به‌هۆى هێرشى ده‌وڵه‌تى و تورک و چه‌ته‌کانه‌وه‌، هاوڵاتیانى عه‌فرین توشى ئاواره‌یى و ده‌ربه‌ده‌ریی بوون، هاوڵاتیان وار و ماڵ و موڵکى خۆیان جێهێشت، ئه‌وه‌ش کاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر زه‌یتونه‌کان کردوه‌، چونکه‌ جوتیاران دورن له‌ زه‌یتونه‌کانه‌وه‌.


ئیتر که‌س نێوان داره‌کان ناکێڵێت، ده‌رمان بۆ له‌ناوبردنى نه‌خۆشییه‌کان ناڕژێنرێت، داره‌کان ئاو نادرێن، هه‌روه‌ها زۆر کارى دیکه‌ که‌ بۆ به‌رده‌وامیى زه‌یتونه‌کان پێویسته‌، ئێستا ناکرێت.


ئه‌و جوتیارانه‌شى له‌ عه‌فرین ماون بارودۆخیان له‌وانه‌ باشتر نییه‌، که‌ کۆچیان کردوه‌، چونکه‌ سوپاى تورک و چه‌ته‌کان ڕێگه‌یان ناده‌ن له‌ ماڵ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها تراکتۆر و ئامێره‌کانى چاندن و کشتوکاڵیان تاڵانکراوه‌ و لێیان دزراوه‌.


عه‌فرین که‌ به‌ چاندن و کشتوکاڵ به‌ناوبانگ بوو، ئێستا هه‌موو شتێک له‌لایه‌ن سوپاى تورک و چه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌دزرێت و تاڵان ده‌کرێت.


ساڵانى دیکه‌ له‌م کاته‌دا هاوڵاتیان ڕوویان له‌ زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانى خۆیان ده‌کرد، له‌نێوان دار زه‌یتونه‌کاندا جوتیان ده‌کرد، ئه‌وه‌ش پێویستییه‌ک بوو بۆ دار زه‌یتونه‌کان، هه‌روه‌ها به‌ ده‌رمان ئه‌و نه‌خۆشیانه‌یان له‌ناو ده‌برد که‌ توشى داره‌کان ده‌هات، له‌گه‌ڵ چه‌ندین کارى دیکه‌.


سه‌لاح ئیبۆ، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى چاندن له‌ هه‌رێمى عه‌فرین، باسى مه‌ترسییه‌کانى سه‌ر دار زه‌یتونه‌کانى عه‌فرینى کرد و وتى: جوتیاران ئێستا ناتوانن بچنه‌ ناو باخه‌کانى خۆیان، ناتوانن باخچه‌کانیان ده‌رمان بکه‌ن، ئه‌وان ناتوانن خزمه‌تى داره‌کان بکه‌ن، ئه‌وه‌ش کاریگه‌رى خراپ له‌سه‌ر به‌رهه‌مى زه‌یتون ده‌کات.


باسى له‌وه‌ش کرد: پێویسته‌ ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئه‌وانه‌ى به‌رگرى له‌ چاندن و ژینگه‌ ده‌که‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى جوتیاران بگه‌ڕێنه‌وه‌ باخ و زه‌وییه‌کان خۆیان.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin