Smiley face
Smiley face
Smiley face

سود و تایبەتمەندییەكانی گژوگیا بەهارییەكان.. بەوێنە

2018-04-04 11:33:17



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

بەهاتنی وەرزی بەهار و ژیانەوەی گژوگیا سروشتییەكان، خەڵكی ڕوو لە ناوچە شاخاوییەكان دەکەن بۆ هێنانەوەیان، هەم بۆ بەكارهێنانیان وەك ژەمێكی خورادن، لەگەڵ ئەوەشدا سود وەرگرتنی وەك چارەسەریی هەندێک نەخۆشی.

 

هەرێمی كوردستان بەگشتیی و ناوچەی هەورامان بەتایبەتیی، دەوڵەمەندە بە چەندین گژوگیای سروشتیی، كە خۆی لە زیاتر لە ٧٠ جۆر گژوگیا دەبینێتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا سوود و تایبەتمەندییەکانی بەشێک لەو گژوگیایانە دەخەینەڕوو.

 

گژوگیا بەهارییەكان، بەچەندین شێوازی وەک كوڵاندن، سورەكراوەیی، سەوزەوات، چەرەس و دواجار بۆ چارەسەریی هەندێ‌ نەخۆشی بەكاردەهێنرێن.

 

لەدوای گەشتێكی یەك ڕۆژە بۆ شاخی تەوەنێ‌، لە گوندی بەڵخەی ناوچەی هەورامان، لەگەڵ كۆمەڵك ژنە چالاكوانی بواری ژینگە بۆ هێنانەوەی هەندێ‌ لەو گژوگیایانە سود و تایبەتمەندییەكانیان بەم شێوەیە دەخەینەڕوو:

 

 

نەرمیلە: لەگەڵ چەند جۆرێكی تری گیا تێكەڵ دەكرێت و دەكوڵێندرێت بە كوڵاوی و سورەكراوەیی بخورێت وەك ژەمێكی خواردن.

 

سودەكانی: هەرس ئاسان دەكات، بۆ ڕیخۆڵە باشە.

 

گۆزروانە: بە تێكەڵكردن لەگەڵ چەند گیایەكی تر دەكوڵێندرێت و بە سورەكراوەیی دەخورێت.

 

سودەكانی : یارمەتیدەرە بۆ كرانەوەی ڕیخۆڵەكان.

 

گێلاخە: هاوشێوەی گیاكانی سەرەوە بەكاردەهێندرێت، بەڵام بەتەنهایی دەكوڵێندرێت و دەخورێت.

 

سودەكانی: هەرس ئاسان دەكات و بۆ نەرمكردنی ڕیخۆڵە مادەیەكی لینجاوی تێدایە، بۆ چارەسەری ئەو كەسانەی كە سەوەفانی ئەژنۆیان هەیە.

 

هاڵەكۆك: دوای كۆكردنەوە و پاككردنی وەك سەوزە لەگەڵ ژەمە خواردنەكان دەخورێت.

 

سودەكانی: بۆ باشتر هەناسەدان و نەهێشتنی ئازاری قوڕگ بەکاردەهێنرێت و تام و بۆنی دەم خۆشتر دەكات.

 

هەسەن وەیی: گەڵاكانی لە قەدەكەی جیا دەكرێتەوە و دەكوڵێندرێت و سوور دەكرێتەوە و وەك ژەمێكی خواردن بەكاری دەهێندرێت.

 

هەڵاڵە پیرەژنانە: بە تێكەڵكردنی لەگەڵ چا بۆ خۆشتركردنی تامەكەی و لەگەڵ تێكەڵكردنی بەچەند گژوگیایەكی تر بەهەمان شێوە تام و بۆنیان خۆشتر دەكات بۆ خواردنیان، وشك دەكرێت بۆ تێكەڵكردنیان بە خواردنەكانی دۆڵمە و زەڵاتە بۆ خۆشتركردنی تام و بۆنیان.

 

سودەكانی: بۆ چارەسەر و پاككردنەوەی گەدە و ڕێخۆڵەكان بەكاردێت.

 

پونگە: تامێكی تیژی هەیە و زیاتر وشكدەكرێت لەگەڵ خواردنە پاقلەمەنییەكان بەكاردەهێندرێت.

 

سودەكانی: بەهەمان شێوەی گیاكانی تر سودی هەیە بۆ پاك كردنەوەی ڕێخۆڵەكان.

 

سەیاران: كاتێك هەڵدەكێشرێت پێویستە تۆوەكەی لێ‌ جیابكرێتەوە، بۆ ئەوەی تامی توند نەبێت و پاشان دەكوڵێندرێت و سوور دەكرێتەوە و وەك ژەمێكی خواردن بەكاردەهێندرێت.

 

سودەكانی: ماددەیەكی لینجاوی هەیە بۆ نەخۆشی سەوەفان سودی لێ‌ وەردەگێرێت بۆ زیاتركردنی لینجاوی ئەژنۆی قاچەكان.

 

ڕێواس: گەڵای پان و گەورە و پەنجە پەنجە و ددانەدارە و لە سەرەكەیەوە گوڵێكی سەوزی مەیلە و زەرد و سوور دەگرێ‌ و تامی ترشە.

 

سودەكانی: وەك چەرەسات بەكاردەهێندرێت و ئازاری گەدە ناهێڵێت و ڕیخۆڵەكان بەهێز دەكات و بۆ نەخۆشییەكانی جگەر بەسودە و دەبێتە هۆی پاڵاوتنی خوێن و پاككردنەوەی.

 

كەنگر: وەكو ژەمێكی سەرەكی خواردن سودی لێوەردەگرێت و پاش هەڵكەندنی و لابردنی دڕك و بنەكەی و كوڵاندنی، بەچەند شێوازێکی جیاجیا ئامادەدەکرێت بۆ خواردن.

 

سودەكانی: یارمەتیدەرە بۆ باش هەرسكردنی خواردنەكان و تێكەڵەیەكی باشی پۆتاسیۆم و پڕۆتیناتی لەگەڵە، هۆكارێكە بۆ زیاتر بەهێزكردنی دڵ و بۆ كەسانی كەم خوێن زۆر باشە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin