Smiley face
Smiley face
Smiley face

سەندیکای هونەرمەندان: دراما تورکییەکان دەزگا هەواڵگرییەکان بەرهەمی دێنن

2018-04-04 09:07:54



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دراما تورکییەکان بە سیاسەت لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، داواش دەکات کە گرنگی بە هونەرمەندانی کورد بدرێت.

 

پەخشکردنی درامای تورکی لە بەشێک لە کەناڵە کوردییەکان نیگەرانی لای چین و توێژە جیاوازەکان دروستکردووەو بەردەوام داوای راگرتنی دەکرێت، لەوبارەیەوە نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و باس لە پیلانەکانی پشت ئەو درامایانە دەکات.

 

نیاز نوری وتی: جێگەی نیگەرانییە کە هیچ گرنگییەک بە هونەرمەندانی کورد نەدراوە، بواری سینەما و دراما کارێکە کە دەبێت سیاسەتێکی لە پشت بێت، کە دەبێت ئەو سیاسەتەش حکومەت دایبڕێژێت و پاڵپشتی بەرهەم هێنانی فلیم و درامای کوردی بکات.

 

نیاز، وتیشی: گرنگییەکی زۆر بە درامای تورکی دەدرێت، کە بە داخەوە ناوەڕۆکیان هیچ لەگەڵ کوردا ناگونجێت، وە کاریگەری نەرێنیشی لەسەر کۆمەڵگەکەمان هەیە، هەڵبژاردنی ئەو درامایانە کاری سیاسی و ئاڕاستەی سیاسی تورکیا لە پشتییەوەیەتی و هەندێک لە دەزگا هەواڵگرییەکان بەشێک لەو درامایانە بەرهەم دەهێنن، کە مەبەستێکی تایبەتیان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشدا: کەناڵە عەرەبیەکان درکیان بە مەترسی ئەو درامایانە کرد و پەخشکردنیان ڕاگرت، بەڵام بە داخەوە ئەوە لای ئێمە نییە.

 

نەقیبی سەندیکای هونەرمەندان داوا دەکات حکومەت بەرنامەی هەبێت و پاڵپشتی بەرهەمهێنانی دراما بکات و، دەشڵێت: گرنگە کەناڵە کوردییەکانیش کار بۆ ئەوە بکەن کە درامای کوردی بەرهەم بهێنن، هەرچەندە درامای کوردی لە ڕووی ماددی و مەعنەوی زۆرتری دەوێت، بەڵام ئەمە پاڵپشتییەکە بۆ هونەرمەندان بۆ زیاتر دەرکەوتنیان و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان، چونکە پەخشکردنی ئەم دراما تورکیانە لێدانە لە هونەرمەندان و هونەری کوردی.

 

نیاز زیاتر دواو باسی لەوەشکرد کە بەرهەم هێنانی درامای کوردی دەبێتە هۆی زیادبوونی هەواداری درامای کوردی و بۆ ئەوەش لە ڕابردوودا چەند چەند درامایەکی سەرکەوتوو لەمیدیاکانی ئێمە پەخش کراوە کە بینەرێکی زۆریشی هەبووە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin