Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی سزادراو لەناو چاکسازیی بچوک و سەربازگەی کۆن

2018-04-03 09:45:12



ڕۆژنیوز – ڕۆزە و بڕیار

 

ژنانی سزادراو لە دۆخێکی خراپدان لە زیندانەکان-دا و بینای چاکسازیی سلێمانی سەربازگەی کۆنە و ژمارەی زیندانیانی هەولێر-یش سێ هێندەی ئەو ژمارەیەیە، کە پێویستە لەو بینایەدا هەبن.

 

بەپشت بەستن بە زانیاریی بەڕێوبەرانی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی و هەولێر لەم ڕاپۆرتەدا ئاماری ژنانی سزادراو و تاوانەکانیان و هۆکارەکان و دۆخی زیندانەکان و چەندین زانیاری دیکە دەخەینە ڕوو.

 

لەساڵی ڕابردوو لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی ٤٥ سزادراوی ژن هەبوو، بەڵام بەهۆی یاسای لێبوردنی گشتییەوە ٢٠ ژن ئازادکران و لە ئێستاشدا ٢٥ ژن لە چاکسازییدان، لەو ٢٠ ژنەش ٨ ژنیان سزای لەسێدارەدانیان هەیە، کە تاوانەکانیان کوشتن بووە.

 

لە هەولێر نزیکەی١٤٠ ژنی سزادراو هەیە و ٧  ژن-یان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و سێ‌ ژنیش سزای هەتا هەتاییان بە سەردا سەپێندراوە، تاوانەکانیشیان جۆراوجۆرن.

 

بەڕێوبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوانەکانی ژنان دەیگەڕێنێتەوە بۆ بەزۆر بەشودانی کچان یان گەورە بە بچوک، هەروەها سەرەکییترین هۆکاریش پەخشکردنی دراما تورکییەکانە کە چاودێریی نییە بەسەر کەناڵە کوردییەکانەوە، ئەو درامایانەش ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان.

 

تەمەنی سزادراوانی سلێمانی بەهەموو جۆرەکانی تاوانەوە زیاتر لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٧ ساڵیدایە، چەند کەسێکیشیان تێدایە، کە تەمەنیان لەنێوان ٤٠-٥٠ ساڵیدایە.

 

ژنان لەناو چاکسازیییەکاندا کاری دەستیی دەکەن و چنین و دروومان دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک ژنانیش بە گرووپ نان دروست دەکەن و دەیانفرۆشن، بۆ ئەوەی بەو داهاتە بژێویی خێزانەکانیان لەدەرەوەی زیندان دابین بکەن و پێداویستییەکانی خۆشیان پربکەنەوە.

 

ئومێدە محەمەد، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی وتی: لە چاکسازییی سلێمانیدا لەلایەن ژنان و منداڵانیشەوە هەوڵدراوە بۆ هەڵهاتن، بەڵام سەری نەگرتووە و پێیان زاندراوە و نەهێڵراوە کە هەڵبێن.

 

 

لە چاکسازییەکانی سلێمانی و هەولێردا هەوڵی چاکسازیی سزادراوان دەدرێت، دەخرێنە بەر خوێندن، ناوەندێکی چارەسەری دەروونیشیان بۆ دیارکراوە و چاودێریی تایبەتی ئەو ژنانەش دەکرێت، کە ئەگەری ئازاردانیان لەلایەن کەسوکارییانەوە هەیە.

 

بینای هەردوو چاکسازیی کێشەیان هەیە، لە سلێمانی بینای سەربازگەی کۆن کراوە بە چاکسازیی و لە هەولێریش چاکسازییەکە هێندە بچوکە، کە ژمارەی زیندانیان سێ هێندەی قەبارەی چاکسازیییەکەیە، کە ئەمەش دوورە لە پێوەرە جیهانییەکان.

 

لە هەردوو چاکسازیییەکەدا منداڵ لەگەڵ دایکیاندان و هاوشێوەی دایکیان زیندانیی دەکرێن، لە هەولێر ژن هەیە شەش منداڵی لەگەڵە و لە سلێمانیش ژنی سزادراو هەیە کە دووگیانە، چارەنووسی ئەو منداڵەش هەمان شێوەی شێوەی ئەو شەش منداڵە دەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر داهاتووی ئەو منداڵانە دروست دەکات.

 

دیمەن محەمەد، بەڕێوبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر، وتی: بەپێی ئامارەکان ڕووداوەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە، بەڵام بەو واتایە نییە کە تاوانەکان نەماوە بە پێچەوانەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان تاوانەکانیش زیاد دەکەن، بۆیە ژنان هۆشیاربوونەتەوە دەتوانن بەر لە ئەنجامدانی تاوان لە ڕێگای دادگاکانەوە مافەکانیان بەدەست بهێنن.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin