Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژن و سیستمی سەرمایەداریی لە فکری ئۆجالاندا

2018-04-01 09:15:48



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ژن و سیستمی سەرمایەدارییەوە و دەنووسێت:"ژن وەک کۆنترین و خوارترین چین، چەوسانەوەیەکی بێ سنووری لەسەر پیادە دەکرێت، بابەتێکی ھێندە بەرفراوانە کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا جێگای نابێتەوە".

 

لێرەدا بەشێک لە تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان، بیرمەند و ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ ئازادیی ژن، دەخەینەڕوو، کە لە کتێبی ژنۆلۆژی، بەشی یەکەم، خاڵی چوارەم بە ناونیشانی "کێشەی ژن هێندە گشتگیرە کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا جێێ نابێتەوە"، وەرگیراوە.

 

ژن وەک کۆنترین و خوارترین چین، چەوسانەوەیەکی بێ سنووری لەسەر پیادە دەکرێت، بابەتێکی ھێندە بەرفراوانە کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا جێگای نابێتەوە، ئازادیی ژن وەکو پێوانەی گشتی تەواوی ئازادییەکان، ھێشتا ئامادەکاریی ھەنگاونانی یەکەمی بۆ دەکات، دەربازبوون لە چاخی ژنەوە چاخی پیاو، ڕێگای لە پێش ئەوە کردووەتەوە کە زیانی مەزن بە ژن بکەوێت.

 

کۆمەڵگای چینایەتی بووەتە ھۆی ئەوەی ژن زیان ببینێ و بدۆڕێنێت، فشاری ھەمە لایەنە و سوکایەتی پێکردن، جیاوازی ڕەگەزیی و ھەموو جۆرێکی چەوساندنەوە، شایستەی ژن بیندراوە، ئەو ژنەی کە سووتاوە و سووتێنراوە، تازە لە ژێر خۆڵەمێشەوە دەردەھێنرێت و ھەوڵی پاککردنەوەی دەدرێت، لە کاتێکدا پێویست بوو بەر لە ھەموو شتێک بە تەواویی دان بە مافەکانی تاکە کەسیی ژندا بنرێت.

 

لە سەردەمی شارستانییدا پیاو بەردەوام خوازیارە لەلایەنی ئەقڵەوە، ئەقڵی پڕ لە سۆزی ژن بە "ناتەواو" پیشانبدات، بەتایبەت ئەمەش وەک کارەکتەری ژن بخاتەڕوو، کە:

 

1- کردوویەتی بەیەکەم کۆیلەی ماڵ، ئەم قۆناغە پڕە لە تۆقاندن، فشار،القەکردن، سووکایەتی پێکردن و کۆمەڵکوژیی ترسناک، ئەو ڕۆڵەی بۆی دیارییکراوە و دانی پێنراوە، بەو ڕادەیەی سیستمی موڵکداریی پێویستی پێیە "وەچە" بخاتەوە، لەناو ئەم ستاتۆیەدا ژن موڵکێکی ڕەھایە،  تاڕادەیەک موڵک و نامووسی خاوەنەکەیەتی.

 

2- ئامرازی زایەندی (سێکس)یە، لە تەواوی سروشتدا زایەند پەیوەندی بە زۆربوونەوە ھەیە، لەگەڵ بەندکردنی ژن و بە زۆریش لەسەردەمی شارستانیدا، ڕەگەزی نێرینە جۆری مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکیی بەسێکس داوە، تەقینەوەی ئارەزووی زایەندی و پەرەسەندنە شێوێندراوەکەی بەخۆوە دیوە.

 

3- کراوە بە رەنجدەرێکی بێ کرێ و بێ بەرامبەر و ئەنجامدانی قورسترین کاری بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

4- کراوە بە ناسکترین کاڵا. مارکس پارە بە" شاژنی کاڵاکان" دادەنێت، لە راستیدا ئەم رۆڵە زیاتر لە ژندا دەبینرێت، شاژنی راستەقینەی کاڵاکان ژنە. ھیچ پەیوەندییەک نییە کە ژنی تێدا پێشکەش نەکرێت، ھەروەھا ھیچ گۆڕەپانێکیش نییە ژنی تێدا بەکارنەھێنرابێت.

 

لەسەردەمی کۆیلەداریی کۆن ھەرە زێدە ژن لەبازاڕەکاندا دەکرا و دەفرۆشرا، لە کۆیلایەتیی دەرەبەگایەتیشدا ئەم ڕەوشە بەشێوەی کەنیزەکی بە بەرفراوانی درێژەی پێدرا، ھەرچی لەسەردەمی سەرمایەدارییە وەک قەسابی لاشە بۆ چەندین پارچە لێک جیا دەکرێتەوە، ھەربەشێکیش نرخی تایبەتی خۆی ھەیە، ژن لە قژییەوە تا پاژنەی پێی، لە سنگیەوە تا ڕانەکانی، لە ورگی تا دەگاتە ئۆڕگانی زایەندی، لەباوەشیەوە تا ئەژنۆکانی، لە پشتییەوە تا پووزی، لەچاوەکانی تا لێوەکانی، لەگۆناکانی تا ملی، پارچە پارچە دەکرێ و ھیچ شوێنێک نامێنێت نرخی بۆ دانەنێن.

 

لە تەواوی دەزگا ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و سەربازییە گرنگەکان جێگاگرتنیان سمبولییە، کەرەستەی ژیانیی و دەست لێبەرنەدراوی ڕێکلامەکانە، ھەرە زێدە دەکرێتە ئامرازی درۆی ئەشق، ئیتر ژن بابەتێکە کە ھەموو پیاوێک وەک ئیمپراتۆر خۆی بەسەردا دەسەپێنێ.

 

خێزان کە لەدەوروبەری ژن پێکھاتووە و کۆنترین دامەزراوی کۆمەڵگایە، دیسان لەدەوروبەری ژنە، بەڵام ئەمجارە تەواو لەدۆخی ھەڵوەشانەوەدا دەژیت، شێوازی کەڵەکەکردنی سەرمایەداری خێزانی ھەڵوەشاندەوە، لەبەرئەوەی تەنیا لە میانەی لەناوبردنی ئەو شێوازەی کۆمەڵگا کەڵەکەکردن بەدیدێت، ئەوا ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوە کە بەو رادەیەی خانەی سەرەکی کۆمەڵگا واتە بەو ڕادەیەی خێزان ھەڵوەشێنێتەوە دەتوانێت کۆمەڵگا لەناو ببات و وەک ئەتۆم ورد و خاشی بکات.

 

سەرمایەداریی دوژمنی ژنانیشە، کە خوڵقێنەر و ھێزی سەرەکیی ئابووریین، تەواوی شیکارەکانمان دەیسەلمێنێت کە جێگای ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و بەھای ئابووریی لەپێشەوەیە و ئاستێکی بەرزی ھەیە، وەک چۆن لە تەواوی مێژووی شارستانیدا لە ئارادا بووە، لەسەردەمی سەرمایەداریدا کە بێ ڕەحمتریین قۆناغیەتی بەوەی ڕاستینەی "ژنی لە ئابووری دابڕێنراو"ی تێدا ھێندراوەتە کایەوە، بووە بە کاریگەرترین و قووڵترین ناکۆکیی کۆمەڵگا، بەشی ھەرە زۆری ژنان بێکار ھێڵراونەتەوە، یەکێک لەو نیشانانەی بەربڵابووی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی باڵادەستی پیاو دەسەلمێنێت پەیوەست بە ڕەنجی ژنە.

 

ڕەگەزی ژن لە ڕوانگەی پیاوی باڵادەستەوە ئەو ئۆبژە و شتگەلەیە، گووتەی "ژنان کێڵگەی خۆتانن، چۆن خوازیارن دەتوانن بیان کێڵن" ی  مۆدێرنیتەی ئەو واقیعە دەردەبڕن، دەشێت ھاوسەرگیریی وەک دامەزراوێک پێناسەبکرێت کە لە ژێر مۆڕکی شارستانی ئاواکراوە، باڵادەستی پیاو و ڕەگەزپەرستی کۆمەڵگا ڕەوا دەکات، دەزگایەکە بەباشترین شێوە ئەو کۆیالیەتییە دەشارێتەوە کە لە کەسایەتی ژندا بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا پەیڕەو دەکرێت، ئەو کۆیالیەتی و ژنێتییەی لەسەر مێ پەیڕەوکراوە و ئەنجامگیر بووە، دواتر بەسەر پیاوان و چینە چەوساوەکانیشدا دەسەپێنرێت. ئەو قۆناغ و پرۆسەی بەشارستانیەوە دەستیپێکرد لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەلوتکەگەیشت.

 

لە پرۆسەی بەژنکردنی کۆمەڵگا فاشیزم پێگە و مانایەکی تایبەتی ھەیە، گوزارشت لەکۆمەڵگایەکی دەستەمۆکراو دەکات، مۆدێرنیتەگوزارشت لەکۆمەڵگای ژنێتی گشتی دەکات کەخەسێنراوە، توانای بەرگرییکردنی لەدەستداوە و ھەرکەس کراوەبە ژن و مێردی یەکتریی. کەڵەکەبوونی ھەمیشەیی سەرمایەپێویستی بەشەڕانگێزی و ھۆڤێتییەک ھەیە تا بەجۆرێکی دیکە دەرفەت بەکۆمەڵگا نەدات.

 

 

بەردەوامییی دەبێت...

 

 

ش.ف

 

     



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin