Smiley face
Smiley face
Smiley face

دوو منداڵ لەجیاتی تۆپ یاریی بە عارەبانەکەی دەستیان دەکەن

2018-03-31 12:34:13



ڕۆژنیوز – شنا فایەق

 

دوو منداڵی شاری سلێمانی لە جیاتی یارییکردن بە تۆپ و بوکەڵە، ڕۆژانە یاری بەو عارەبانەیە دەکەن، کە چەند پاکەتێک جگەرە و کێک و جبس و ئاوی لەسەرە و دەیفرۆشن.

 

سیار و سۆزیار، ئەو دوو منداڵەن کە لەسەر شەقامی چەقچەقی شاری سلێمانی، بە دیار عارەبانەیەکەوە وەستاون و بوونەتە جێگای سەرنجی ڕێبواران.

 

 

سیار و سۆزیار خوشک و بران، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانییەوە عارەبانەکەیان لە ماڵەوە پاڵ دەنێن بۆسەر شەقامەکە و لەوێدا ڕایدەگرن و چاوەڕێ دەکەن، ئەو کەسانەی بە بەردەمیاندا تێدەپەڕن لە ئۆتۆمبێلەکەیان بێنەخوارەوە و شتێکیان لێبکڕن، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارەش بەو چەند هەزار دینارەی پەیدایان کردووە دڵیان خۆش دەکەن و بەرەو ماڵەوە عارەبانەکەیان دەبەنەوە.

 

 

عارەبانەکەی سیار و سۆزیار، چەند پاکەتێک جگەرە، کێک، جبس، ئاو و خواردنەوە گازییەکانی لەسەرە و بەردەوام سەرقاڵی ڕێککردن و ئاڵۆگڕکردنی شوێنەکانیانن، تا ئەو کاتەی کڕیارێک دەچیتە لایان و بە گفتوگۆیەکی کەم و کڕینی شتیک لێیان دڵیان خۆش دەکات.

 

 

سیار، ماتۆڕسکیلێکی هەیە، بۆیە جاروبار خوشکەکەی بەجێدێڵێ و بە گەڕانێک بەناو گەڕەکەکانی نزیک شوێنی کارەکەیان، خۆی دەرباز دەکات لە چاوەڕوانیی هاتنی کڕیار و چێژ لە ئازادبوونی لەدەست عارەبانەکە وەردەگرێت.

 

 

سیار، نەیدەزانی تەمەنی چەند ساڵە، بەڵام پێیوتین، کە لە پۆلی چوار-ی سەرەتاییە و بەهۆی ئەوەی مامۆستاکانیان بایکۆتی دەوامیان کردووە، لەگەڵ خوشکەکەی کاری فرۆشیاریی دەکەن، ئەو کاتانەشی دەوامیان دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ گەڕانەوەیان لە خوێندنگاوە بۆ ماڵەوە، عارەبانەکە لە دەستی باوکیان وەردەگرن و ئەوان ئەرکی پەیداکردنی بژێوی ژیان لە ئەستۆ دەگرن.

 

 

سۆزیار، هەرچەندە بەتەمەن بچوکتربوو، بەڵام توانای قسەکردنی زیاتری هەبوو، ئەوەندە دڵی خۆشبوو، کە دەماندواند بەردەوام زەردەخەنەی دەکرد.

 

 

سۆزیار، تەمەنی هەشت ساڵ و خوێندکاری پۆلی دوو-ی سەرەتاییە، بەپێچەوانەی براکەی دەیزانیی، کە ڕۆژی جیهانیی منداڵان هەیە، بەڵام لەبارەی مافەکانی منداڵانەوە هاوشێوەی براکەی هیچ شتێکی نەدەزانی.

 

سیار و سۆزیار حەزیان لە مۆسیقا و وێنەکێشانە، بەڵام دەنگی بێزارکەری ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەلایاندا تێدەپەڕێت بووە ئاواز و لە چاویشیاندا وێنەی ڕێبواران دەکێشن.

 

 

جیاواز لەوەی تەمەنی سیار و سۆزیار بۆ کارکردن گونجاو نییە، ئەو شوێنەشی کاری تێدادەکەن، مەترسیدار و بێزارکەرە بۆ ئەو خوشک و برایە.

 

سەرەتا و پێش ئەوەی کامێراکەمان لە ئۆتۆمبێلەکە داگرین بەدەم کڕینی جبسێکەوە سیار و سۆزیارم دواند و لێمپرسین، ئایا شەوانیش لێرە کار دەکەن، سیار بێ وەستان وتی:"نا ئێمە ئیش بۆ سەرخۆشەکان ناکەین".

 

 

نەگونجاوی شوێنەکە، سەرنجی ڕێبواران ڕادەکێشێت، چونکە ئەو کەسانەی تێدا کۆدەبێتەوە، کە خواردنەوە کهولییەکان دەخۆنەوە، بەتایبەت دەمەوئێواران و شەوان، بەڵام وەڵامەکەی سیار زۆر سەرنج ڕاکێشتربوو، بە بیستنی هەستت بە ئازاری ناخیان دەکرد، بۆیە دواتر پرسیم ئایا کەس لێرە بێزارتان دەکەن، بە زمانی منداڵانەی خۆیان وتیان:"سەرخۆشەکان بێزارمان دەکەن، شوشەمان تێدەگرن".

 

سیار و سۆزیار، بە تەنیا نین، کە لەو تەمەنە بچوکەدا لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و مافەکانیان لێزەوت دەکرێت، بەڵام هەرگیز نابنە جێگای سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و ویژدانی مردوویان ڕاناچڵەکێنێت.

 

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin