Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانى عه‌ره‌ب: له‌ عه‌فرین ئاشتى و ئازادییمان هه‌بوو

2018-03-24 13:25:24



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


"ئێمه‌ له‌ عه‌فرین ژیانێکى ئاشتیانه‌ و ئازادیى و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌مان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بووین، ئه‌وه‌ش به‌هۆى هێرشى داگیرکاریی تورکیا و چه‌ته‌کانه‌وه‌" ئه‌مه‌ قسه‌ى ئه‌و ژنه‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌ که‌ له‌ عه‌فرین ژیاون.


عه‌فرین به‌ یه‌کێک له‌ ئارامترین ناوچه‌کانى سوریا ناسرابوو، هه‌روه‌ها نمونه‌ى پێکه‌وه‌ژیان بوو، جگه‌ له‌ کورد، عه‌ره‌ب و مه‌سیحى و نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌کانى دیکه‌شى تێدا ده‌ژیان، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ تێکچووه‌، ژنانى عه‌ره‌ب له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ئاژانسى هاوار قسه‌یان کردوه‌.


ئیمان محه‌مه‌د ژنێکى عه‌ره‌بى هاوڵاتى عه‌فرینه‌ و ئێستا ئاواره‌ بووه‌، ئیمان ده‌ڵێت: ئێستا له‌ کۆگایه‌ک ده‌ژین له‌ گوندى زیاره‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ئاواره‌ بووین و ماڵه‌که‌مان له‌ عه‌فرین به‌جێهێشت، که‌ ماڵێکى گه‌وره‌ بوو، ئێمه‌ له‌ کاتى ده‌ربه‌ده‌ریدا ئازارى زه‌حمه‌تى ڕێگامان ده‌چه‌شت، که‌شوهه‌وار زۆر سارد بوو، باران ده‌بارى، له‌ هه‌مانکاتدا بۆردوومانیش نه‌ده‌وه‌ستا.


ئیمان باسى له‌وه‌ش کردوه‌: ده‌رچوونمان له‌ عه‌فرین به‌ هۆکارى هێرشى داگیرکارى و بۆردوومانى سوپاى تورکیا و چه‌ته‌کانى بوو، ئێمه‌ نیشتمانێکى ئارام و ئاشتى و ئازادیمان هه‌بوو، ژیانێکى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌مان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌ربه‌ده‌ر بووین.


حوسنا محه‌مه‌د ژنێکى دیکه‌ى عه‌ره‌به‌ و له‌ عه‌فرینه‌وه‌ ئاواره‌ بووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: کاتێک سه‌ره‌تا له‌ حه‌له‌ب ئاواره‌ بووین به‌ره‌و عه‌فرین، ژیانمان له‌ عه‌فرین پارێزراو بوو، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى داگیرکارى تورکیا ده‌ستیپێکرد، ژیانمان گۆڕان و کۆمه‌ڵکوژى له‌ دژى ئێمه‌ ئه‌نجامدرا.


حوسنا باس له‌وه‌ ده‌کات: ناچار بووین عه‌فرین جێبهێڵین، ئه‌وه‌ش به‌هۆى هێرشى تورکیا و چه‌ته‌کانه‌وه‌، ده‌وڵه‌تى تورک به‌رپرسیارى سه‌ره‌کییه‌ له‌ ده‌ربه‌ده‌ریى ئێمه‌.


ژنێکى دیکه‌ى عه‌ره‌ب باسى له‌وه‌ کردوه‌، له‌ نیوه‌شه‌ودا عه‌فرینیان جێهێشتووه‌ و ئاواره‌بوون و شه‌و له‌به‌ر باران ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌رده‌وامیی بۆردوومانه‌کان.


ئه‌و ژنانه‌ داوایان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش کردوه‌، که‌ ئه‌و پێشێلکاریی و تاوانانه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک و ئه‌ردۆغان دژى گه‌لان ڕابگرێت.


له‌ ڕۆژى ٢٠ى کانونى دووه‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌، سوپاى تورک و چه‌ته‌کانى سه‌ربه‌ سوپاى تورک هێرشیان بۆ داگیرکردنى عه‌فرین ده‌ستپێکردوه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ سه‌دان هاوڵاتى شه‌هید و بریندار بوون و ده‌یان هه‌زاریش ئاواره‌ و کۆچبه‌ر بوون.


 ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin