Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوپەیمانی و شیوعی: هەڵوێستی حکومەتی هەرێم شەرعیەتدانە بە هێرشی تورکیا

2018-03-23 12:25:37



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد


هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی و حزبی شیوعی کوردستان، هێرشەکانی تورکیا ئیدانە دەکەن و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش بە شەرمنانە ناودەبەن و دەڵێن: هەڵوێستی حکومەت شەرعیەتدانە بە هێرشەکانی تورکیا.


بەرەبەیانی دوێنێ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا گوندەکانی وەسان و سەرکان و ماونای سەر بە شارەدێی قەسرێ-یان لە سنوری چۆمان لە دۆڵی باڵەیان-ی پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرد و بەو هۆیەشەوە چوار هاوڵاتی شەهیدبوون، کە دوانیان پێشمەرگە بوون.


خانم ڕەحیم، ئەندامی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم هێرشانە یەکەم جار نیە و هەمیشە خەڵک بووەتە قوربانی و ئاوارە بووە، ئەم هەرێمە حکومەت و پەرلەمانی هەیە و سەر بە حکومەتی عێراقە، پێویستە سەروەری خاکەکەی پارێزراو بێت.

 


خانم ڕەحیم، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بە شەرعیەت دان بە هێرشی تورکیا دادەنێت و دەڵێت: "لە کاتێکدا حکومەتی عێراق ڕاگەیەندراو بڵاو دەکاتەوە و ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات، لەهەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە پێویستە پەکەکە ئەو ناوچانە جێبهێڵێت، چونکە هەبوونی ئەو هێزانە وادەکات ئەو هێرشانە بکرێت، بە بڕوای من ئەمە بیانوویەکە و شەرعیەت دانە بەو هێرشانە، دەبێت ئەوانەی کە لە حکومڕانیدان و لایەنە سیاسییەکان کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵک هەڵوێستمان هەبێت، چونکە ئەم هێرشانە زۆر ناڕەوان و ڕێگری بکەین".


هەروەها سامان زیندانی، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: "ئەم هێرشانەی تورکیا بۆ سەر خاکی باشور دەتوانین بیخەینە خانەی جینۆسایدی کوردەوە".

 


ناوبراو لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان وتی:"هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی زۆر شەرمنانەیە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراقی هەڵوێستی جددی هەبێت و سکاڵا تۆمار بکات لە ناوەند و دادگا جیهانییەکاندا، لەبەرئەوەی ئەم هێرشانەی تورکیا بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقیشە، وە پێویستە لەسەر هێزە سیاسییەکان کە بێنە دەنگ".


لە هەرێمی کوردستان دەیان بنکە و بارەگای سوپای تورک هەن و ئەمەش مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هەربۆیە بۆ دەرکردنی ئەو بارەگایانە هاوڵاتیان ناڕەزایەتییەکانیان دەردەبڕن و داوای دەرکردنیان دەکەن، هەروەها ئەو سوپایە بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin