Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوڵاتیانى ئامێدى: باره‌گاکانى تورکیا مه‌ترسیان له‌سه‌ر ژیانمان دروستکردوه‌

2018-03-23 11:41:42



ڕۆژنیوز ـ ئامێدى


هاوڵاتیانى شارۆچکه‌ى ئامێدى له‌ بادینان دژى بوونى بنکه‌ و باره‌گاکانى سوپاى تورکن له‌و ناوچه‌یه‌ و ده‌ڵێن، ئه‌و بنکانه‌ مه‌ترسیان له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان دروستکردوه‌.


ماوه‌یه‌که‌ جموجوڵى سوپاى تورک له‌ بادینان زیادى کردوه‌ و ئه‌وه‌ش توڕه‌یى هاوڵاتیانى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌ کاتى قسه‌کردن بۆ ڕۆژنیوز داواى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بنکانه‌یان کرد.


نه‌زیر به‌رواری، چالاکوانى مه‌ده‌نى له‌ ئامێدى، ده‌ڵێت: چه‌ندین باره‌گاى سوپاى نورک له‌ بادینان هه‌ن، ده‌بێت به‌ زووترین کات ئه‌و باره‌گایانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونکه‌ بوونه‌ته‌ هۆى نائارامیی و مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان.

 


ده‌شڵێت: داوا له‌ په‌رله‌مانى عێراق و په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین که‌ بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و کاربکه‌ن بۆ ده‌رکردنى ئه‌و بنکه‌ و باره‌گایانه‌ى سوپاى تورک له‌ خاکى هه‌رێم.


ئه‌مین ئۆره‌ماری چالاکوانى مه‌ده‌نى و دانیشتوى ئامێدى، بۆچوونى وایه‌: بوونى ئه‌و بنکه‌ و باره‌گایانه‌ى سوپاى تورک له‌ بادینان بوونه‌ته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵک، ئه‌و داگیرکارییه‌ زۆر زیانى به‌ خه‌ڵک گه‌یاندووه‌، به‌ تایبه‌تى ده‌ڤه‌رى نێروه‌ و ڕێکان و چه‌ندین هاوڵاتیانى ئه‌و ناوچانه‌ شه‌هیدکراون.

 


ئه‌وه‌شى وت: ئێمه‌ داوا له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق ده‌که‌ین که‌ کارى جدیی بکه‌ن بۆ ده‌رکردنى سوپاى تورک له‌ خاکى باشورى کوردستان.

 

هه‌روه‌ها زیاد بیری هاوڵاتى شاره‌دێى شیلادزێ سه‌ربه‌ ئامێدى، ده‌ڵێت: وه‌کو هه‌موو هاوڵاتیانى دیکه‌ ئێمه‌ش داوا ده‌که‌ین، که‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت دژى هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ سه‌ر خاکى باشورى کوردستان، ئه‌و بنکانه‌ى سوپاى تورک بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌ خه‌ڵکى گونده‌کان که‌ سه‌ردانى ناوچه‌کانى خۆیان بکه‌ن.

 


باسى له‌وه‌ش کرد: به‌رده‌وامى هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژیانى خه‌ڵک دروستکردووه‌، ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین له‌ ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ بێنه‌ ده‌نگ دژى هێرشه‌کانى سوپاى تورک بۆ سه‌ر خاکى باشورى کوردستان.


نیهاد ڕێکانی دانیشتوى شاره‌دێى دێره‌لوک، باس له‌وه‌ ده‌کات: پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک یه‌کبگرن دژى داگیرکاریی سوپاى تورک، پێویسته‌ کۆده‌نگى له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو باشورى کوردستان دروست بکه‌ین بۆ ده‌رکردنى ئه‌و هێزانه‌ له‌ خاکى باشورى کوردستان.

 


ئه‌و ده‌ڵێت: ئه‌وان به‌ بیانوى بێ بنه‌ما ده‌یانه‌وێت خاکى باشورى کوردستان داگیربکه‌ن، ده‌بێت هه‌موو که‌سێک وه‌ک ئه‌رکى سه‌رشانى خۆى تێبکۆشێت بۆ ده‌رکردنى ئه‌و هێزانه‌، چونکه‌ بێ گوێدانه‌ هیچ یاسایه‌ک خه‌ڵکى ده‌ڤه‌ره‌که‌ شه‌هید ده‌که‌ن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin