Smiley face
Smiley face
Smiley face

زه‌که‌ریا هه‌ورامى: له‌ به‌رخۆدانى عه‌فریندا یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان پێکهاتووه‌

2018-03-23 08:40:35



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى


ئه‌ندامێکى کەنەکە ڕایدەگەیەنێت، گه‌لى عه‌فرین به‌رخۆدانێکى بێ وێنه‌یان دژى هێرش و داگیرکارى سوپاى تورک ئه‌نجامداوه‌، له‌ گۆڕستانى شه‌هیدانى عه‌فرینیش یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان به‌دیهاتووه‌.


چەند شاندێک لەم مانگەدا چوونە عەفرین و لە نزیکەوە بەرخۆدانی شەڕڤانان و گەلیان بینی، ئه‌ندامێکى یەکێک لەو شاندانە‌ باس له‌ مانه‌وه‌ى پێنج ڕۆژه‌یان له‌ عه‌فرین بۆ ڕۆژنیوز ده‌گێڕێته‌وه‌.


دوایین شاندى باشورى کوردستان که‌ پێکهاتبوون له‌ ٢٣ که‌س له‌لایه‌نى سیاسى و که‌سایه‌تى ئایینى و چالاکوان ڕووه‌و ڕۆژئاواى کوردستان ڕوشتن و پێنج ڕۆژ له‌ عه‌فرین مانه‌وه‌ و پێش نەورۆز گەڕانەوە.


زه‌که‌ریا هه‌ورامى، ئه‌ندامى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌ى کوردستان و ئه‌ندامى شانده‌که‌ بۆ ڕۆژنیوز وتى: "ئه‌وه‌ى له‌ عه‌فرین بینیمان به‌رخۆدانێکى مه‌زن و بێ وێنه‌ بوو، ویستى ئێمه‌ ووره‌دان بوو به‌ گه‌لى عه‌فرین، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان ووره‌یان به‌رزتر بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هێرش و بۆمبارانه‌ى سوپاى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ سه‌ر شاره‌که‌ ئه‌وان له‌ به‌رخۆدانى خۆیان به‌رده‌وام ده‌بوون و دروشمى سه‌رکه‌وتنیان ده‌وته‌وه‌".


وتیشى:" ئه‌وه‌ى جێگه‌ى دڵته‌نگى ئێمه‌ بوو بینینى ته‌رمى شه‌هیده‌کان بوو له‌ منداڵ و گه‌نج و ژن و به‌ته‌مه‌ن که‌ له‌ئه‌نجامى هێرشه‌کاندا گیانیان به‌خت ده‌کرد و بریندارێکى زۆریشمان له‌ نه‌خۆشخانه‌کان ده‌بینى، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا نه‌بوونى هیچ میدیا و ڕێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عه‌فرین، زیاتر دڵته‌نگى کردین".


ئاماژەی بەوەشدا: هه‌رچه‌نده‌ ساڵانێکى زۆره‌ چه‌ندین لایه‌نى سیاسى بونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پێکهێنانى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان، به‌ڵام گۆرستانى شه‌هیدانى عه‌فرین ئه‌و یه‌کێتییه‌یه‌ى پێ نیشان داین، کاتێک ته‌رمى شه‌هیدانى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستانى لێ بوو که‌ پێکه‌وه‌ له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر به‌رخۆدانیان دژى داگیرکارى سوپاى تورک ئه‌نجام داوه‌ و گیانیان به‌خت کردوه‌.


زه‌که‌ریا، باسی لەوەشکرد: شتێک نه‌ماوه‌ به‌ناوى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌ به‌ به‌رچاوییه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو هێرش و داگیرکارییانه‌ى سه‌ر عه‌فرین ببینێت و بێ ده‌نگ بێت له‌ئاست ئه‌و تاوانه‌ و هیچ جۆره‌ هاوکارییه‌کى ماددى و مه‌عنه‌وى و پاڵپشتى ئیدارى لێ نه‌کردوه‌ و ته‌نانه‌ت ناڕه‌زایه‌تییه‌کیشى ده‌رنه‌بڕیوه‌.


ئەو ئەندامەی کەنەکە، ڕاشیگەیاند: تورکیا ئێستا له‌ باشورى کوردستان سه‌رقاڵى له‌شکرکێشى و بۆردومانى ناوچه‌ سنورییه‌کانه‌ و ماڵ و حاڵى هاوڵاتیان وێران و ڕۆڵه‌کانى شه‌هید ده‌کات، حکومه‌ت و په‌رله‌مانى هه‌رێمیش لاوازیان پێوه‌ دیاره‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلکاریانه‌ و هیچ هه‌ڵوێستێکیان نه‌بوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت چیتر گه‌ل پشت به‌خۆى ببه‌ستێت و ڕووبه‌ڕووى ئه‌و هێرش و داگیرکاریانه‌ ببێته‌وه‌ و پاڵپشتى له‌ عه‌فرینیش بکات.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin