Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەکێتی و گۆڕان و بزووتنەوە ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان کرد

2018-03-22 15:36:03



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان


هەر یەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان.


کەمێک پێش ئێستا مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی دۆڵی باڵەیانی سارۆچکەی قەسرێ ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە.


لە ڕاگەیەندراوەکەی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی هاتووە:"سه‌رباری ئیدانه‌کردنی ئه‌م کرده‌وه‌ تاوانکارییه‌ و به‌زاندنی سه‌روه‌ری خاکی هه‌رێمی کوردستان و عێراق و به‌ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌و گوندانه‌ی که‌ هیچ جۆره‌ جموجۆڵێکی چه‌کداری تیانیه‌، پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا کۆتایی به‌م په‌لامارانه‌ بیهێنێت".


ئەوەش ڕاگەیەندراوە :"سیاسه‌تی په‌ره‌پێدانی شه‌ڕ له‌لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه‌، به‌و ئامانجه‌یه‌ که‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و جوگرافی ناوچه‌که‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاکپارتی بشکێته‌وه‌".


هەر لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەم بەیانیەی تورکیا فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و کرده‌وەیە‌ی کرد و ئاماژەی بەوە کرد:"پێویستە حکومه‌تی عێراق‌ و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست به‌زاندنی سنور ‌و سه‌روه‌ری خاکی عێراق ‌و هه‌رێمی کوردستان بێنه‌ ده‌نگ ‌و سنورێک بۆ ئه‌مجۆره‌ په‌لامارانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا دابنێن و له‌هه‌مان کاتدا پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا قه‌ره‌بووی ماددی ‌و مه‌عنه‌وی هاوڵاتیانی زیانلێکه‌وتوو بکاته‌وه".


هەروەها فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکات بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند: "بەتوندی ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژیە دەکەین و شەرمەزاری دەکەین و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەین ڕێگریی بکەن لە شاڵاوی مرۆڤکوژانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی ئێمە، گەلی کوردستان".


ئاماژە بەوەشدراوە: "پێویستە حکومەتی بەغدا دەستبەجێ لەبارەی سنوربەزاندنی ئاسمانی و زەمینی عێراقەوە و بەرپرسیارێتی دەستورییانەی خۆی لەئاستی نێونەتەوەییدا جێبەجێ بکات".


هه‌روه‌ها فراکسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌و سنووربه‌زاندن و ده‌ستدرێژییه‌ سه‌ربازییه‌ی حکومه‌ته‌ عه‌سکه‌رتارییه‌ته‌که‌ی ئه‌نکه‌ره‌، دژی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان، پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما و یاسا و ده‌ستوور و مافه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌ و له‌ بێده‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ی که‌ڕی نێوده‌وڵه‌تیی و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌کان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و زلهێزان و ته‌نانه‌ت حکومه‌تی عێراقیشه‌".


هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌: له‌ بێده‌نگی ئه‌وان ئێمه‌ هیچ قسه‌مان نییه‌ و ئه‌وان هه‌ر وابوون و باکیشمان نییه‌ به‌ هه‌ڵوێست و ڕێگرییان، به‌ڵام له‌ بێده‌نگی و هه‌وڵ و ڕێگریی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، نیگه‌ران و له‌ شۆکداین و هه‌رگیز قابیلی قبوڵ نییه‌.


ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا گوندەکانی وەسان و سەرکان و ماونای سەر بە شارەدێی قەسرێ-یان لە سنوری چۆمان لە دۆڵی باڵەیان-ی پارێزگای هەولێر کردە ئامانج بەو هۆیەشەوە چوار هاوڵاتی شەهیدبوون کە دوانیان پێشمەرگە بوون و بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش ڕوویان لەناوچەکە کردبوو.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin